مونیرە ئەو ژنە 26 ساڵەی بە هەڵواسراوی تەرمەكەی لە گەڕەكێكی قەزای كەلار لە ماڵەكەی خۆیدا هەڵگیرایەوە، 50 رۆژ لە شێڵتەردا هێڵدراوەتەوە، بەڵام دواتر رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە و بە هەڵواسین خنكێنراوە. روداوەكە هاوكات بوو لەگەڵ سەرقاڵبونی ژنان بە ئامادەكارییەكانیان بۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
كێشەی مونیرە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی ساڵی 2018 كاتێك لەلایەن مێردەكەیەوە روبەڕوی دادگا كراوەتەوە و تۆمەتباركراوە بەوەی "خیانەتی هاوسەرگیری كردووە"، ئەوەش بەوتەی شکوریە غفور، لێپرسراوى لقى گەرمیان یەکێتى ژنانى کوردستان.
شوكرییە دەڵێت لە نزیكەوە بەدواداچونی بۆ كەیسەكە كردووە و هەر ئەو تۆمەتباركردنەش بۆتە هۆی ئەوەی لە هاوژینەكەی جیابێتەوە، هەرچەندە سێ منداڵی هەیە.
هەر ئەو تۆمەتباركردنەش بۆتە هۆی ئەوەی لە هاوژینەكەی جیابێتەوە
"دوای كردنەوەی ئەو دۆسیەیە بۆ مونیرە، بۆ ئەوەی روبەڕوی كوشتن نەبێتەوە، رەوانەی شێڵتەرەكانی سلێمانی كراوە و ماوەیەكیش لە گەرمیان دەستبەسەربووە"، شوكرییە وایوت.
ئێوارەی هەینی رابردوو، 20ی تشرینی دووەم، تەرمی مونیرە بە هەڵواسراوی لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵەكەی خۆیدا لە كەلار هەڵگیرایەوە و دوای كەمتر لە دوو كاتژمێر سێ برا و كەسێكی تر دەستگیركران.
عەلی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، وتی "هەمان شەو چوار كەسمان لەسەر روداوەكە دەستگیركرد، سیانیان برای بون و لە لێكۆڵینەوەدا دەڵێن لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی خوشكەكەمان كوشتووە... ئێستا لە زیندانن تا رۆژی دادگاییكردن".
كەیسەكەی مونیرە، یەكێكە لەو كەیسانەی لە چەند رۆژی رابردودا زۆرترین ناڕەزایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچونی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. كە بە چەندین شێواز لەسەر ئاستی جیهان و عیراق ئەو یادە دەكرێتەوە.
یادەكە لە عیراق و هەرێمی كوردستان هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی توندوتیژییەكان دژ بە ژنان بەتایبەت لەم یەك دوو هەفتەیەی دواییدا.
هەفتەی رابردوو، كچێكی 16 ساڵ، لە گوندێكی سەر بە قەزای خانەقین بە تاپڕ گیانیلەدەستدا و باوك و برایەكی دوای دەستگیركردنیان بە كەفالەت ئازادكران، هەر لە كەلاریش ژنێكی 50 ساڵ بە سوتاندن كۆتایی بەژیانی هات و دۆسییەی هەردوكیان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
هاوكات لە دۆسییەی ژنە ئەندازیارێك كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا هەفتەی رابردوو لە ناوەندی شاری سلێمانی بە كوژراوی دۆزرایەوە، هێشتا بكوژ دیار نییە.
رۆژێ سێشەممەش 24ی تشرینی دووەم، كاتێك رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی سەرقاڵی ئامادەكارییەكانیان بوون بۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، پیاوێك لە سلێمانی و بە چەقۆ، هێرشیكردە سەر هاوژین و خەسویی و برینداری كردن.
هەرچی دۆسییەكەی مونیرەیە، نیگەرانییەكان زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە "دوای 50 رۆژ مانەوەی لە شێڵتەر، رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە، لەكاتێكدا هەڕەشەی كوشتنی لەسەر بووە"، بەوتەی شکوریە غفور، لێپرسراوى لقى گەرمیانی یەکێتى ژنانى کوردستان.
ئەو رەخنەی لە حكومەت گرت و وتی "كەیسەكانی ژنان پەردەپۆش دەكەن، زانیاریی لە ئێمە دەشارنەوە و خۆشیان ناتوانن ژنان بپارێزن، ئەوەتا مونیرە یەكێكە لەو قوربانیانە و حكومەت رادەستی كەسوكاری كردۆتەوە تا كوشتویانە".
كەیسەكانی ژنان پەردەپۆش دەكەن، زانیاریی لە ئێمە دەشارنەوە و خۆشیان ناتوانن ژنان بپارێزن
جگە لە سێ براكەی كە دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە، كەسی چوارەم لە كەیسەكەدا هەیە و دەستگیركراوە، بەپێی وتەی شوكرییە، "ئەو كەسە گوایا پێشتر خۆشەویستی مونیرە بووە".
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، كەسوكاری مونیرە كاتێك مونیرەیان رادەستكراوەتەوە، لەلایەن دادگاوە بەڵێننامەیان پڕكردۆتەوە كە ژیانی مونیرە دەپارێزن.
"کەسوکاری ئەو بەڵێنەیان بۆ دادگا و شێڵتەر نەبردە سەر و کوشتیان"، شوكرییە وایوت.
کەسوکاری ئەو بەڵێنەیان بۆ دادگا و شێڵتەر نەبردە سەر و کوشتیان
لە ئەمساڵدا جگە لە كەیسەكەی مونیرە، دوو خوشكی تر دوای ئەوەی لە شێڵتەرەوە رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە كوژراون.
ئەو دوو خوشكە ئاوارە (19ساڵ) و هێلین (17ساڵ)، لەلایەن پۆلیسەوە رۆژی نۆی ئەیلول، لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانێكی گوندی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شوان لە پارێزگای كەركوك دەرهێنرانەوە، ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان.
ئەنجومەنی باڵای خانمان – دامەرزاوەیەكە بۆ بەرگری لە مافەكانی ژنان و سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە- لە راگەیەنراوێكیدا لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، دەڵێت "لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژنان و کچان بەشێوەیەکی جیاوازتر و زیاتر لە پیاوان و کوڕان، کەوتونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان".
ئەو دامەزراوەیە بڵاویكردۆتەوە "بە ناچاری مانەوەی ژنان و کچان لە ماڵەوە، سەرقاڵکردنیان بە کاری ناوماڵ کاریگەری لەسەر سیستمی پەروەردە کردووە و داهاتوی خوێندیانی لێڵ کردوە. هەروەها لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان یان نەمانی سەرچاوەی داهات، ژنان زیاتر لاوازبون و روبەڕوی توندوتیژی خێزانی بونەتەوە". ئەنجومەنەكە داوا لە حكومەت دەكات كەشێكی لەبارتر بۆ ژنان بڕەخسێنێت تا توندوتیژییەكان كەمتر ببنەوە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، لە كانونی دووەم تا تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، 25 ژن بەهۆی توندوتیژییەوە کوژراون.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیەنراوێكدا جەختدەكاتەوە لەوەی "زۆرینەی روداوەکان پەیوەندی بە رۆڵی نەرێنی تەکنەلۆژیا، راگەیاندن و دراماکان و بونی چەک لە زۆرێک لە ماڵەکاندا هەیە".
شکوریە غەفور، دەڵێت كێشەكە ئەوەیە زۆرێك لە كەیسەكان دەشاردرێنەوە و بكەرەكان دەربازیان دەبێت، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی "ژنان خۆیان كوشتووە و نەخۆشی دەرونیان هەبووە".