دوو هێرش له‌ شه‌وێكدا
هێزی زیاتر له‌ داقوق جێگیرده‌كرێن

كه‌ركوك، نیسانی 2020، ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ عیراقییه‌كان دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ سنوری داقوق فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیسی فیدراڵی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ته‌نیا له‌ شه‌وێكدا، دوو كرده‌وه‌ی توندوتیژیی له‌ گونده‌كانی قه‌زای داقوق تۆمارده‌كرێن، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڵاوه‌پێكردن و جێگیركردنی هێزی زیاتری سوپای عیراق.

شه‌وی رابردوو 26ی تشرینی دوه‌م له‌ گوندی عه‌لی سه‌رای باشوری خۆرئاوای داقوق، بۆمبێكی چێنراو به‌هۆی هێزێكی لیوای 45ی سوپادا ته‌قییه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌منی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌وه‌ چوار سه‌ربازی عیراق برینداربون، كه‌ دوانیان به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك كراون.

هه‌ر شه‌وی رابردوو له‌ گوندی عه‌نانه‌ی خۆرئاوای داقوق، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر باخی ئه‌حمه‌د تاڵه‌بانی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ رویداوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ده‌ڵێت له‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ نه‌ناسراوه‌كاندا، پاسه‌وانێكی باخه‌كه‌ برینداربووه‌ و دواتر پۆلیسی فیدراڵی گه‌یشتون، ده‌ستبه‌جێ بۆردومانی شوێنی چه‌كداره‌كانیان كردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تای حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، لیوای 45ی سوپای عیراق لە گوندە كاكەیینشینەكانی قەزای داقوق جێگیربون و پۆلیسی فیدراڵیش دۆسییەی ئەمنی ناو شاری قەزاكەی وەرگرت.

101700854_556394341691733_2375758468060601078_n
كەركوك/ 7ی حوزەیرانی 2020/ پۆلیسی فیدراڵی لەكاتی چونیان بۆ ناو شاری داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 26ی تشرینی دوه‌می له‌ ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوق، هێزه‌كانی سوپا بڵاوه‌یان پێكرا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان بۆردومان كرد، به‌ گومانی هه‌بونی چه‌كدارانی داعش.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، بۆردومانی دوای تۆماركردنی جموجۆڵی چه‌كدارانی نه‌ناسراو بووه‌ له‌رێی كامێرای حه‌رارییه‌وه‌.

محه‌مه‌د ئیبراھیم، ئەنجومەنی گوندی مەنسوری ناوچەی ھەفتەغار بە (کەرکوک ناو)ی وت "ناوبەناو جموجۆڵی داعش ھەیە، دەشتوانین بڵێین زیاتر بووه‌ به‌ڵام مه‌ترسی نین، چونكه‌ هێزی زۆری ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هێزی زیاتریش بڵاوه‌یانپێكراوه‌".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق دڵنیایی به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن له‌ شكان و له‌ناوچونی داعش.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ ئاژانسی عیراقییه‌ی نیمچه‌فه‌رمی راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیانه‌وه‌، "داعش له‌ شكانی گه‌وره‌ و له‌ناوچوندایه‌"، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ "ژماره‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانیان كه‌مببێته‌وه‌".

قەزای داقوق ماوەی ساڵێكە بە دۆخێكی ئەمنی جێگیردا تێپەڕنابێت و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش لە نێوان جوتیارانی عەرەب و نەتەوەكانی تر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ناوبەناو ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT