له‌ژێر فشار و ناڕه‌زایی نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا

هاوسه‌رگیری پیاوێكی 51 ساڵ و كچێكی 14 ساڵ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌

فۆتۆ: Sage Friedman، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 2ی ته‌مموزی 2020

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

پیاوێكی ته‌مه‌ن 51 ساڵ؛ بڕیاری هاوسه‌رگیری له‌گه‌ل كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و داوای لێبوردنیشی له‌ خه‌ڵك كرد، دوای ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌وهۆیه‌وه‌ دروستبون.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، هه‌واڵی هاوسه‌رگیری ئه‌و پیاو و كچه‌، كه‌ جیاوازی ته‌مه‌نی نێوان 37 ساڵه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌ و هه‌رزوو، ناڕازیی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.

جوقی سه‌لۆ ته‌حسین (51 ساڵ)، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 27ی تشرینی دوه‌می له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت "داوای لێبوردن له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌م كه‌ به‌هۆی هاوسه‌رگیری ئێمه‌وه‌ دڵته‌نگ و خه‌مبار بون، لێره‌وه‌ ئاشكرایده‌كه‌م ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ناكرێت".

داوای لێبوردن له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌م كه‌ به‌هۆی هاوسه‌رگیری ئێمه‌وه‌ دڵته‌نگ بون

ئه‌و پیاوه‌ له‌ ئێزیدییه‌كانی دانیشتوی كۆمه‌ڵگه‌ی دۆمیزی شاری دهۆكه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد به‌ نێوه‌ندگیری و هه‌وڵی كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێزیدی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، یاریده‌ده‌ری میری ئێزیدیان بۆ كاروباری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ فه‌رمانی میر حازم ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان من راسپێردرام بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌، دوای سه‌ردانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌، ده‌ركه‌وت هێشتا كچه‌كه‌ ماره‌ نه‌كراوه‌ و هه‌ردولا رازی بون ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ نه‌كرێت".

به‌وته‌ی یاریده‌ده‌ری میر؛ دوای ناڕه‌زایی و فشاری خه‌ڵك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، به‌ پێویستیان زانیوه‌ نێوه‌ندگیری بكه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌، چونكه‌ "هه‌ڵه‌یه‌ و ناكرێت رێگه‌ به‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ برێت له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێزیدی".

128192243_4698723083531388_451015024912371267_n
وێنه‌ی كچه‌كه‌ و پیاوه‌كه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی زۆر بۆته‌وه‌

ئه‌و پیاوه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چۆته‌ ماڵی كچه‌كه‌ (م، ح – ته‌مه‌ن 14 ساڵ)، دوای داواكردنی له‌ باوكی، رازی بون و بڕیاره‌ به‌ فه‌رمی ببێته‌ هاوسه‌ری.

باوكی كچه‌كه‌، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی "له‌سه‌ر داوای یاریده‌ده‌ری میری ئێزیدییان و خه‌ڵكی ناڕازی، بڕیارمدا كچه‌كه‌ی خۆم به‌و پیاوه‌ نه‌ده‌م و هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌".

ئامارێكی ورد و فه‌رمی له‌سه‌ر رێژه‌ی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق نییه،‌ به‌ڵام به‌وته‌ی چالاكوان و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری وڵاته‌كه له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا له‌ نێویاندا لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی.

 (كه‌ركوك ناو) له‌ به‌دواداچونێكدا و پاڵپشت به‌ ئاماره‌كانی رێكخراوی داك –گرنگی به‌ كاروباری ئاواره‌كان ده‌ده‌ن- له‌ 2019دا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ناو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی دهۆك و به‌ تایبه‌ت ئێزیدییه‌كاندا، هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ له‌ نێوان سه‌دا 25 بۆ سه‌دا 30-دایه‌.

هه‌ر ئه‌وكات (كه‌ركوك ناو) له‌ زاری شه‌مۆ قاسم، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای بنكه‌ی لالش بڵاویكرده‌وه‌، رێژه‌ی هاوسه‌رگیری خوار ته‌مه‌نی یاسایی ‌له‌نێوان سه‌دا 15 بۆ سه‌دا 20-دایه‌.

هێشتا كچه‌كه‌ ماره‌ نه‌كراوه‌ و هه‌ردولا بنه‌ماڵه‌ رازی بون ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ نه‌كرێت

ساڵانه‌ له‌ جیهاندا، ده‌وروبه‌ری 12 ملیۆن كچ له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌ هاوسه‌رگیری دەکەن، به‌پێی ئاماره‌كانی یونیسێف.

به‌پێی یاسای باری شارستانی ژماره‌ 188ی ساڵی 1959ی هه‌مواركراو لە عیراق، له‌ بڕگه‌ی 1ی مادده‌ی 7دا مه‌رجه‌ كچ 18 ساڵی ته‌واو كردبێت بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵام له‌ بڕگه‌ی 1 و 2ی مادده‌ی 8ی هه‌مان یاسادا هاتووه‌؛ له‌كاتی هاوسه‌رگیرییدا 15 ساڵی ته‌مه‌نی پڕكردبێته‌وه‌ ئه‌وا دادوه‌ر ده‌توانێت رێگه‌ی پێبدات ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له‌روی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ره‌زامه‌ندی به‌خێوكه‌ر، له‌بارێكدا به‌خێوكه‌ر ره‌زامه‌ندی نیشان نه‌دات، دادوه‌ر واده‌یه‌كی بۆ داده‌نێت و گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هۆكارێكی بڕاوپێهێنه‌ری نه‌بوو بۆ رێگری، ئه‌وا ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ی دادوه‌ر بۆ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ كاری پێده‌كرێت.

له‌ بڕگه‌ی دوه‌می مادده‌ی 8ی یاساكه‌دا، باس له‌وه‌كراوه‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی 15 ساڵی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر پێویستی زۆر هه‌بێت بۆ هاوسه‌رگیریییه‌كه‌ی، ئه‌وا ره‌زامه‌ندی پێده‌درێت له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی باڵغ بێت و له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاو بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT