شێرزاد كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك، رادەگەیەنێت ئەمساڵ كەمترین كێشەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەیە و جەختدەكاتەوە لەوەی "بایكۆتی دەوام ناكەن"، ئەوەش پێچەوانەی بۆچونی بەشێك لە مامۆستایانە كە بایكۆتیان راگەیاند و رێگرییانكرد لە لێدانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن.
ئەو وتەیەی شێرزاد كاكە، بۆ (كەركوك ناو)، دوای ئەوەی هات ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی تشرینی دووەم، بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك – ئەوانەی موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە- چونە بەردەم خوێندنگەی ئاڵای كچان لە گەڕەكی ئیمام قاسم و رێگریانكرد لەوەی شێرزاد كاكە و ستافێكی خوێندنی كوردی، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدەن، ئەوەش بەهۆی پێنەدانی موچەكانیان.
شێرزاد کاکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهۆی ئەوەی چەند مامۆستایەک بایکۆتی دەوامیان کرد و لە بەردەم خوێندنگەی ئاڵای کچان گردبونەوە، بۆیە نەمانتوانی زەنگی ساڵی نوێ لێبدەین، نەمانویست هیچ جۆرە گرژییەک و روبەڕوبونەوەیەك رونەدات، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە كە بایكۆت ناكرێت و هاوشانی خوێندنی عەرەبی و توركمانی دەوام دەستپێدەكاتەوە".
نەمانتوانی زەنگی ساڵی نوێ لێبدەین، نەمانویست هیچ جۆرە گرژییەک و روبەڕوبونەوەیەك رونەدات
وەزارەتی پەروەردەی عیراق، بڕیاریدا ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبكاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، بەڵام بەشێك لە خوێندنگەكانی سەر بە خوێندنی كوردی لە كەركوك بایكۆتیان كرد، ئەوەش پێچەوانەی هەردوو خوێندنی توركمانی و عەرەبی.
شێرزاد وتی "سەردانی زۆر خوێندنگەم کردووە، دەوام بەشێوەیەکی فەرمی دەستیپێکردووە، بۆ ئەمساڵ کەمترین کێشەمان هەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، بە بڕی 270 ملیۆن دیناریش کەرەستە و پێداویستی خۆپارێزیمان بۆ دابینكراوە كە تایبەتە بە خوێندنگە كوردییەكان".
ئەو دەربڕینەی شێرزاد كاكە لەكاتێكدایە، مامۆستایان لە گردبونەوەكانیاندا رەخنەیان لە حكومەتی هەرێم گرت بەوەی نەیتوانیوە لەكاتی خۆیدا موچە دابەشبكات، بەشێوەیەك لە ئەمساڵدا تەنیا چوار موچەیان وەرگرتووە.
مامۆستا عەلی محەمەد، یەکێک لەو مامۆستایانەی لەبەردەم خوێندنگەی ئاڵای کچان گردبونەوەی كرد، وتی "ئامادەنیم بێ موچە دەوام بکەم، من ساڵانێكە لەبەر دۆخی نەوەکانمان ئامادەبوم لەم شارە دەوامبکەم، بەڵام ئیتر ئامادەنیم منداڵ و خێزانم باجی ئەو بڕیارەم بدەن، بۆیە لە ئەمڕۆەوە بایکۆتی دەوام دەکەم".
ئیتر ئامادەنیم منداڵ و خێزانم باجی من بدەن، بۆیە لە ئەمڕۆەوە بایکۆتی دەوام دەکەم
"ناکرێت حکومەتێک نزیکەی 30 ساڵە تەمەنیەتی نەتوانێت موچە دابەشبكات، بۆیە ئێمەش بایكۆت دەكەین... کێن ئەوانەی بە بڕیار حیزب هەڵدەسوڕێن، فەرمون دەوام بکەن"، عەلی مەحمود وایوت.
مامۆستایانی خوێندنی كوردی، بەسەر میلاكی هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم و فیدراڵدا دابەشبون، ئەوانەی سەر بە حكومەتی فیدراڵن لەكاتی خۆیدا موچە وەردەگرن.
لانیكەم هەشت هەزار مامۆستای خوێندنی كوردی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك سەر بە میلاكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمن.
عابد عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک، لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەدەی عیراق و لەژێر رێنماییەكانی شانەی قەیران و فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دەست بە دەوام دەكەین، ئەمڕۆ بەبێ هیچ کێشەیەک دەستمان بە ساڵی نوێی خوێندن کرد".