دوو گه‌نجی خه‌ڵكی داقوق، له به‌رانبه‌ر 40 هه‌زار دۆلار (چوار ده‌فته‌ر) ئازاد ده‌كرێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو كه‌سوكاریان، ئه‌وه‌ش دوای شه‌ش مانگ له رفاندنیان.
شه‌وی رابردوو، 29ی تشرینی دوه‌می 2020، هه‌ریه‌ك له دیلان مۆفه‌ق (23 ساڵ) و عیسا ته‌ها ئیسماعیل (21 ساڵ) له ده‌ستی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو لە نزیك ناحیەی زنانەی قەزای دوزخورماتوو ئازادكران و ئه‌مڕۆ به خێزانه‌كانیان شادبونه‌وه.
مسته‌فا سه‌فه‌ر، خاڵی دیلان مۆفه‌ق ده‌رباره‌ی ئازادكردنی خوشكه‌زاكه‌ی سوپاسی خوا و خه‌ڵكی گونده‌كه‌یانی كرد، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی دیلان بۆ ماڵه‌وه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بارودۆخی باش نییه، زۆر هیلاكه و به‌وته‌ی خۆی، ئه‌و ماوه‌یه‌ی رفێنراوه له‌ناو چاڵێكدا دانراون".
دیلان دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه گه‌یشته‌وه نێو كه‌سوكار و خێزانه‌كه‌ی له گوندی یه‌نگیجه‌ی تاڵه‌بانی قه‌زای داقوق، به‌ڵام به‌هۆی ماندوێتی زۆره‌وه، نه‌یتوانی بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌بكات.
خاڵی دیلان وتی "ئه‌و ماوه‌یه‌ی لای چه‌كداره‌كان بون، ده‌ست و قاچیان به زنجیر به‌ستراوه‌ته‌وه، زۆربه‌ی كاتیش چاویان به‌ستراوه، ته‌نیا كاتی نانخواردن كه‌مێك له كردنه‌وه‌ی ده‌ست و قاچ و چاویان هاوكارییان كردون".
چه‌كداره نه‌ناسراوه‌كان، هه‌موو كات ده‌مامكیان به‌ستووه و تائێستاش هیچ كه‌سێكیان ده‌ستگیرنه‌كراون.
ئه‌و دوو گه‌نجه كاتژمێر 12ی شه‌وی 25ی ئایاری 2020 له نزیك گوندی چهوركه-ی قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) رفێنران، كاتێك له ئه‌ركی پاسه‌وانیی تاوه‌ره‌كانی كاره‌بادا بون به شێوه‌ی گرێبه‌ست.
به‌پێی زیاد له سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو)، هه‌ردوو رفێنراوه‌كه له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری دوو گه‌نجه‌كه و له به‌رانبه‌ر بڕی 20 هه‌زار دۆلار (دوو ده‌فته‌ر دۆلار) بۆ هه‌ر یه‌كێكیان ئازادكراون.
تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، عیسا ته‌ها نه‌گه‌یشتۆته ماڵی خۆی له گوندی یه‌نگیجه و به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستییه‌وه، له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه.