ماریا؛ شاژنە كریستیانه‌كه‌ی خانه‌قین

دیاله‌

ئه‌میر خانه‌قینی

له‌ هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا، ده‌چێته‌ خانه‌قین. هه‌رچی دێت و ده‌ڕوات، هه‌ر له‌ شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، تا ده‌بێته‌ تاكه‌ كریستیانی شار و به‌ دیار یاده‌وه‌رییه‌كانیه‌وه‌ ژیان بەڕێدەکات.

"خۆم وه‌ خانه‌قینیم زانم و شاره‌كه‌م وه‌جی ناهیلم" ماریا، ده‌رباره‌ی مانه‌وه‌ی له‌ خانه‌قین وای وت.

مریه‌م میخائیل ئیسحاق (67 ساڵ)، له‌ نێو خانه‌قینییه‌كاندا به‌ ماریا ناسراوه‌، له‌ كریستیانه‌ ره‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌ی سه‌رسه‌نگی پارێزگای دهۆكن و له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو خێزانه‌كه‌ی روویکردۆتە‌ خانه‌قین.

ته‌مه‌نی ماریا 17 ساڵ بووه‌، كاتێك خێزانه‌كه‌ی به‌ ناچاری و به‌هۆی ده‌ستگیركردنی باوكیه‌وه‌ ئاواره‌بون بۆ به‌سره‌، له‌وێوه‌ بۆ به‌غدا و دوای چه‌ند مانگێكیش، به‌ره‌و گه‌ڕه‌كێكی كه‌ناری روباری ئه‌ڵوه‌ن.

 

"خێزانێكی گه‌وره‌بوین، پێنج برا و چوار خوشك، له‌ گه‌ڕه‌كی حه‌میدییه‌ خانومان به‌كرێ گرت".

زۆری نه‌برد، ماریا له‌ خانه‌قین هاوسه‌رگیری كرد، له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی موسڵمان، ئیتر له‌وكاته‌ به‌دواوه‌، به‌ ته‌نیا و دوور له‌ خێزانه‌كه‌ی ژیا، چونكه‌ دایك و خوشك و براكانی بۆ زێدی خۆیان گه‌ڕانه‌وه‌.

"سەرەتا كەمێك زەحمەت بوو لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی و ئایینی تێكەڵ بە ژینگەیەكی تر ببم، بەڵام زۆر ئاسایی بوو بەلامەوه‌، كەسوكاری هاوسه‌ره‌كه‌م و دراوسێیه‌كانمان زۆر خۆشیان ویستم".

ئه‌گه‌رچی ماڵی خەسوم موسڵمان بوون، بەڵام زۆر به‌ئاسایی هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا دەكردم

ماریا له‌ ماڵی باوكی هاوسه‌ره‌كه‌یدا له‌یه‌ك خانودا نیشته‌جێبون، له‌گه‌ڵ دوو برای دیكه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یدا خێزانێكی گه‌وره‌یان پێكهێنا، تا به‌ تێپه‌ڕینی كات هه‌ریه‌كه‌یان ماڵی جیاكرده‌وه‌.

"ئه‌گه‌رچی ماڵی خەسوم و كەسوكاری هاوسەرەكەم موسڵمان بوون، بەڵام هەرگیز هەستم بەوە نەكردووە من كەسێكی ئاشوریم، زۆر به‌ئاسایی هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا دەكردم".

ئه‌وكاته‌ی ماریا هاوسه‌رگیری كرد، چه‌ندین خێزانی دیكه‌ی كریستیانی و جو له‌ خانه‌قین نیشته‌جێ بون، تا ساڵانی هه‌شتا و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی عیراق و ئێران، ئیتر شاره‌كه‌یان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناوچه‌كانی دیكه‌ به‌جێهێشت.

"ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ كریستیانه‌كانی دیكه‌دا ده‌چوینه‌ كڵێسای به‌شاره‌ بۆ مه‌راسیمی ئایینی، له‌ بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كاندا له‌وێ نوێژم ده‌كرد، زۆرجار هاوڕێ و دراوسێی موسڵمانیش به‌شداری بۆنه‌كانی ئێمه‌یان ده‌كرد، بێ هیچ جیاوازی و جیاكارییه‌ك".

klesa .. xanaqi
خانەقین، تاكە كڵێسای كریستیانەكان، كە له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه‌ نزای تێدا نەكراوە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

تاكە كڵێسای كریستیانەكانی خانەقین؛ كڵێسای بەشارە، دەكەوێتە گەڕەكی پاشا كۆپری و دواى كۆچی كریستیانەكان، لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوه‌ بوو به‌ جێی نیشته‌جێبونی ژماره‌یه‌ك خێزانی كەمدەرامەتی موسڵمان.

ئه‌و كڵێسایه‌ لەسەر روبەری 430 مەتردوجا، ساڵی 1948 دەست بە دروستكردنی كراوە‌ و لە ساڵی 1950دا، بەفەرمی كراوەتەوە.

"زۆر دڵگرانم، ئازار دەكێشم كاتێك دەبینیم كڵێساكه‌ داخراوە، گوێم له‌ زه‌نگی كڵێسا نییه‌ و ناتوانم له‌وێ مۆم داگیرسێنم" ماریا ده‌ڵێت چه‌ندینجار هه‌وڵیداوه‌ جارێكیتر دیكه‌ ده‌رگای كڵێساكه‌ بۆ په‌رستش بكرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئه‌نجام بووه‌.

له‌ هه‌ندێک جه‌ژنی مه‌راسیمی ئایینی گه‌وره‌دا، ماریا ده‌چێته‌ سه‌رسەنگ تا له‌ كڵێساكانی ئه‌وێ به‌شداری بۆنه‌كان بكات، رۆژانی تر، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا نوێژ ده‌كات و ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانی به‌جێده‌هێنێت.

"كڵێساكه‌ یاده‌وه‌ری زۆری بۆ من تێدایه‌، له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهاندا كاتێك به‌شاره‌ ته‌نیا ماڵێك بووه‌ و نه‌بۆته‌ كڵێسا، باپیره‌م له‌گه‌ڵ كچێكی توركی ئیسته‌نبوڵ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتۆته‌ خانه‌قین، له‌و ماڵه‌دا ماره‌ی بڕیووه‌، به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رسه‌نگ".

زۆر دڵگرانم، ئازار دەكێشم كاتێك دەبینیم كڵێساكه‌ داخراوە

نه‌ك هه‌ر له‌ خانه‌قین، به‌ هه‌موو پارێزگای دیاله‌ ته‌نیا یه‌ك كڵێسا كراوه‌یه‌وه‌، ئه‌ویش (ئوم به‌شاره‌ ساڵحه)ـیه‌ له‌ به‌عقوبه‌، كه‌ دوای 14 ساڵ له‌ داخستنی و له‌ 2019دا جارێكیتر نۆژه‌نكرایه‌وه‌.

ئێستا ماریا تاكه‌ كریستیانی خانه‌قینه‌ به‌ جێگیری له‌ شاره‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، چه‌ند خێزانێكی دیكه‌ی كریستیانی هه‌ن، به‌ڵام له‌نێوان خانه‌قین و شاره‌كانی تردا هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

"لێرە خەڵك وەك كەسوكاری خۆیان سەیرم دەكەن، هەرگیز هەستم به‌ غەریبی نەكردووە.. هەموو خەڵك خۆشم دەوێن و بەرێزەوە مامەڵەم لەگەڵ دەكەن، منیش هەمویانم خۆشده‌وێت".

"منیش نامه‌وێت خانه‌قین به‌جێبهێڵم، چونكه‌ خۆم به‌ خانه‌قینی ده‌زانم و هه‌ر له‌م شاره‌ش ده‌مێنمه‌وه‌" ماریا وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT