لە بازگەی كارێزە كە بە هاوبەشی لە نێوان سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بەڕێوەدەچێت، بارگرژیی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا رویداو تەقەیان بەسەر یەكدا كرد، ئەوەش دوای ئەوەی رێگریی كرا لە تێپەڕبونی ژمارەیەك بارهەڵگر بەرەو هەرێمی كوردستان.
ئەو كێشەیە، ئێوارەی دووشەممە 30ی تشرینی دووەم رویدا، كاتێك بارهەڵگرێك هەوڵیدا بازگەی كارێزە سەر بە قەزای كفری ببڕێت و بەرەو سلێمانی تێپەڕبێت، لەوكاتەدا سوپا تەقەیان بەسەردا كردووە و ویستویانە رایبگرن، پێشمەرگەش بە تەقە وەڵامیان داونەتەوە.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لە بازگەكە لە ئەركدان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، چەند رۆژێکە سوپای عیراق لە بازگەی كارێزە، رێگاى هاتوچۆیان بەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخستووە، هەروەها بەشێك لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیش بەهەمان شیوە ناهێڵن بەو بازگەیەدا تێپەڕبێت، كاتژمێر 4ی (30 تشرینی یەكەم) جارێكی تر بازگەكەیان داخستەوە و ژاوەژاو و نیگەرانی هاوڵاتیان دروستبوو، لەوكاتەدا بارهەڵگرێك ویستی تێپەڕێت، سوپای عیراق تەقەیان كرد و ئێمەش بە تەقە وەڵاممان دانەوە".
چەند رۆژێکە سوپای عیراق لە بازگەی كارێزە، رێگاى هاتوچۆیان بەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخستووە
بازگەی كارێزە بە هاوبەشی لە نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بە بەڕێوەدەبرێت.
دوای تەقەكردنەكە گرژیی و ژاوەژاوی زیاتر دروستبوو، وەك سەرچاوەكە وتی "وەختبوو لە كۆنترۆڵ دەربچێت... دواتر چارەسەرێكی سەرەتایی كێشەكە كرا و بڕیاردرا بۆ شەممەی داهاتوو هەردولا پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتی".
ئەو بارهەڵگرانەی بەو بازگەیەدا بەرەو سلێمانی دەچن، زیاتر ئاسن و سیكراب بەرەو پارێزگای سلێمانی دەگوازنەوە.
عوسمان حەسەن، فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە گەرمیان، كە ئەو بازگەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانیدایە، وتی "ئەوە بۆ دووەمجارە لەو بازگەیە كێشە دروستبێت، هەموو پێشمەرگەیەکى نێو بازگەکەم ئاگادارکردۆتەوە كە هیچ تەقە و رێگرییەک لە هاوڵاتیان نەکەن، سوپای عیراق رێگریی لە هاوڵاتیان و بارهەڵگرەكان دەكەن و ئەوان كیشە دروستدەكەن و ناڕەزایی دروستدەبێت".
وتیشی "هێزى عیراق و ئاسایشی هەرێم رێككەوتون رێگە بە بارهەڵگر نەدەن لەو بازگەیەوە تێپەڕبێت، ئێمەی پێشمەرگەش هیچ كێشەیەكمان نییە... ئەوەندەی ئاگاداربین هەندێك كات بارەهەڵگر بە پارە تێپەڕدەبێت و سەرانە وەردەگرن، ئەوەش سەرچاوەی كێشەكانە".