وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بەڵێنی بە بەشێك لە ژنانی رزگاربوی دەستی داعش داوە وەكو پۆلیس دایانبمەزرێنێت و رەوانەی شنگالیان بكاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگال كە بەپێی رێككەوتنەكە دوو هەزار و 500 كەس لە سلكی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق دادەمەزرێنرێن.
ئەو بەڵێنەی وەزارەتی ناوخۆ، دوای سەردانی گروپێكی ژنانی رزگاربوی دەستی داعش هات بۆ لای لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم، لە نێویاندا وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، سەردانەكە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
ئەو داوایەی ژنانی رزگاربوی دەستی داعش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانیان بووە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كار و دوركەوتنەوەیان لە ژینگەی كەمپەكان.
ئه‌دیبا موراد ملکو، له 22ی ئازاری 2019 له ژێر ده‌ستی داعش رزگاری بووه و لەگەڵ كچەكەی لە كەمپی مام رەشان لە دهۆك دادەنیشێت، یەكێكە لە ئەندامانی ئەو گروپە 15 كەسییەی بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كار پێكهێنراوە. ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "گروپەكەمان بۆ گه‌یاندنی داواکارییه‌کانی رزگاربووانی ده‌ستی داعش پێكهێناوە، ئێستا یەكێك لە هەوڵەكانمان ئەوەیە دەرفەتی كار بۆ ژنانی رزگاربوو بدۆزینەوە".
یەكێك لە هەوڵەكانمان ئەوەیە دەرفەتی كار بۆ ژنانی رزگاربوو بدۆزینەوە
گروپەكە لە ماوەكانی رابردودا سه‌ر‌دانی وه‌زیری پێشمه‌رگه، وه‌زیری کاروباری پێکهاته‌کان، ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان، جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و دواین كەس وەزیری ناوخۆی هەرێم-یان كردووە.
"داواكاریی رزگاربووانی دەستی داعشمان بە هەموویان گەیاند، وەزیری ناوخۆ به‌ڵێنی پێداین، ژماره‌یه‌ک رزگاربوی ده‌ستی داعش وه‌کو پۆلیسی ناوخۆ دابمه‌زرێنێت لەسه‌ر میلاکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەش فایلەكانمان پێشكەشی ئیدارەی شنگال كردووە لە پارێزگای دهۆك"، ئەدیبا وایوت.
ئەدیبا زیاتر وتی "رزگاربووانی دەستی داعش كێشەی دەرفەتی كاریان هەیە و نایانەوێت هەر لە ناو كەمپدا بێ كاربن... بۆیە دامه‌زراندنی کۆمەڵێکیان وەكو پولیسی ناوخۆ هه‌لێکی باشه، ناچارین كارێك بكەین تاوەكو داهاتێک بۆ خۆمان و خێزانه‌که‌مان په‌یدابکەین".
داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی بەشی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندن له جڤاتی که‌سوکاری قوربانیانی ئێزیدی به (که‌رکوک ناو)ی وت "ژنانی رزگاربوی دەستی داعش، تائێستا هیچ شتێكی ئەوتۆیان بۆ نەكراوە، له‌کاتێکدا زۆرترین قوربانیانداوه و ده‌بێت باشتر خزمه‌ت بکرێت".
بەپێی رێككەوتنی شنگال دوو هەزار و 500 كەس بۆ قەزاكە لەسەر سلكی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق دادەمەزرێنرێن و لەو ژمارەیە هەزار و 500 كەسیان لەو ئاوارانە دەبن كە هێشتا لە كەمپەكانی دهۆك دەژین.
داود موراد خه‌تاری وتی "وه‌زیری ناوخۆی هەرێم لە كۆبونەوەیەدا لەگەڵ ژنانی رزگاربوی دەستی داعش وتویەتی، ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی من بێت ئەوەیە ئێوە بکه‌مه پۆلیسی ناوخۆ و رەوانەی شنگالتان بكەینەوە".
ئە‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی من بێت ئەوەیە ئێوە بکه‌مه پۆلیسی ناوخۆ و رەوانەی شنگالتان بكەینەوە
ئەوەی هەیە تەنیا بەڵێنە و هێشتا رون نییە چەند كەس و چۆن دادەمەزرێنرێن و كێ دەتوانێت فۆرم پڕبكاتەوە.
هەرچەندە ژنان ئامادەیان تیایە بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركە، بەڵام داود وتی "ژنان و کچانی رزگاربووی ده‌ستی داعش باوەڕناکه‌م بتوانن ئه‌و ئه‌رکه جێبه‌جێ بکه‌ن، چونکه بارودۆخی ده‌رونییان ئه‌وه‌ندە باش نییه به‌رگه‌ی مه‌شق و راهێنان و ده‌وام بگرن".
هەر بۆیە داود موختاری پێشنیاری كرد، لەبری دامەزراندنیان لە سلكی ئەمنی، وەكو فەرمانبەر یان نوسەر لە بنكەكانی تەندروستی و قوتابخانەكان دابمەزرێنرێن.
حه‌لا سه‌فیل، سێ ساڵه لە ده‌ستی داعش رزگاری بووه، به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسی دایک، باوک و سێ برای نادیاره و بۆ بژێوی ژیانی خۆیی و خوشکه‌کانی له رێکخراوێک ئیشی پاککه‌ره‌وه ده‌کات، پێیوایە دامەزراندن وەكو پۆلیس و كارمەندی ئەمنی بۆ رزگاربوانی دەستی داعش گونجاو نییە.
ئەو به (که‌رکوک ناو)ی وت "له دوای ئه‌و هه‌موو زوڵمەی داعش، رزگاربووان ناتوانن مه‌شق و راهێنان بكەن"، بۆیە وتی "من ئاماده‌نیم ناوی خۆم تۆماربكەم، ئەو كارە له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ناگۆنجێت".