هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ رێككەوتن گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانیان ئارەزومەندانە بێت، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێشخەرییەكی کۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران بە پێدانی بڕی شەش ملیار دینار بە حكومەتی هەرێم بۆ به‌رزکردنی ئاستی خزمه‌تگوزاری نێو كەمپەكان.
ئەو هاوكارییە داراییەی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران دوای كۆبونەوەیەكیان هات لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە 2ی كانونی یەكەم لە بەغدا، تیایدا تاوتوێی دۆخی خزمەتگوزاریی ئاوارەكانیان كرد لەناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان.
هۆشه‌نگ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌کان له وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێم به (که‌رکوک ناو)ی وت "رێککه‌وتنێک له نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران واژۆكرا، ئەویش پێدانی بڕی شه‌ش ملیار دینار بوو بۆ ئیداره‌دانی که‌مپه‌کان و به‌رزکردنی ئاستی خزمه‌تگوزاری بۆ ئاواره‌کان".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ رێككەوتن ئاوارەكان بە زۆر نەنێردرێنەوە، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی عیراق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران و وەزیری ناوخۆی هەرێمدا هات، بە ئامادەبونی نوێنەری بەشێك لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
هۆشەنگ محەمەد وتی "وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێم وتی ئێمە له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌کانین بۆ شوێنی خۆیان، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه، نەك بەزۆر".
وتیشی "کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئاواره‌کاندایه که ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، لەوانە که‌می خزمه‌تگوزاری، خاپورکردنی خانوه‌کانیان و که‌می هه‌لی کار".
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردوه تا كۆتایی ئه‌مساڵ كه‌مپه‌كانی دابخات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ی "خۆویستانه‌ی" ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و به چه‌ند هاندانێك، له نێویاندا ته‌رخانكردنی بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
حسێن حه‌سه‌ن نه‌رمۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له لیژنه‌ی کۆچ و کۆچبه‌ران، لەبارەی پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان كە حكومەتی عیراق بڕیاری لێداوە، به (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێمەش بە حكومەتی عیراقمان وتووە، نابێت بە زۆر ئاواره‌کان بگهڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان، له‌ئێستادا به‌رنامه‌ی حکومه‌تی عیراق زیاتر له‌سه‌ر که‌مپه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه تاوه‌کو له ساڵی ئاینده چوڵبکرین، به‌ڵام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک رێگری له به‌زۆر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌کانین بۆ ناوچه‌کانیان".
حسێن لەبارەی هاوكاری دارایی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران بۆ حكومەتی هەرێم، وتی "هیوادارم هیچ گهندهڵییەك له‌و پارەیەدا نەكرێت، ئەوە پارەی ئاوارەكانە و دەبێت به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک له خزمه‌تی ئەواندا خەرجبكرێت".