تەواوی كەمپەكانی كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین چۆڵكران و ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنرانەوە، ئەوانەشی كە خواستی گەڕانەوەیان نەبوو خێوەتەكانیان لێ وەرگیرایەوە و روبەڕوی ئایندەیەكی نادیار كرانەوە.
چۆڵكردنی تەواوی كەمپی ئاوارەكانی ئەو سێ پارێزگایە ئەم هەفتەیە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش دوای شەش ساڵ دێت لە ئاوارەبونی سەدان هەزار كەس لە عیراق بەهۆی شەڕی داعش و خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەكانیان.
عەلی غازی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی خانەقین، پێنجشەممە 3ی كانونی یەكەم بە (كەركوك ناو)ی وت "لە نێوان 11ی تشرینی دووەم بۆ 28ی هەمان مانگ، هەردوو كەمپی ئاوارەكان لە خانەقین داخران، لە ئێستادا هیچ خێزانێک لە کەمپی ئاوارەکانی خانەقین نیشتەجێ نییە و كۆتاییمان بە ژیان لەژێر خێوەت و كەمپەكان هێنا، ئەوەش لەسەر بڕیاری حكومەتی عیراق".
ئەو بڕیارەی حكومەت لە پارێزگای دیالە ناڕەزایی بەدواداهات بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ئەوانەی كێشەی عەشایەرییان هەیە و ناتوانن لەبەر مەترسی لەسەر ژیانیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. یان ئەوانەی تۆمەتبارن بە بونی پەویەندی لەگەڵ داعش لە سەرەتای هاتنی ئەو رێكخراوە بۆ عیراق.
تەها ئەحمەد، ئاوارەیەکی دانیشتوی کەمپی ئاوارەکانی ئەڵوەن بوو لە خانەقین، هەفتەی رابردوو لە كەمپەكەی دەركرا، هەرچەندە پێداگری زۆری كرد لەوەی بمێنێتەوە و وتی "ژیانی خۆم و خێزانەكەم پارێزراو نەبوو، بەهۆی ئەو كێشە عەشایەرییەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە ناوچەكەمان دروستبوو و بووە هۆی روخاندنی خانوو و لەناوبردنی موڵك و ماڵم".
"بەپێی بڕیاری حكومەت دەبوو بگەڕێمەوە ناوچەی خێلانییە لە شارەبان – نزیك سنوری ئێران و عیراق -، بەڵام لەوێ کێشە و ناکۆکیییە عەشایەرییەکان چارەسەرنەكراون و ناتوانم بگەڕێمەوە"، تەها ئەحمەد وایوت.
لەوێ کێشە و ناکۆکیییە عەشایەرییەکان چارەسەرنەكراون و ناتوانم بگەڕێمەوە
هەر بۆیە تەها دوای لێسەندنەوەی خێوەتەكەیی و داخستنی كەمپەكە، خانویەكی بەكرێ لە قەزای خانەقین گرت، لەكاتێكدا دەڵێت "ئیشوكارم نییە و ناتوانم بژێوی منداڵەكانم پەیدابكەم".
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە سەرەتای دەركردنی بڕیاری چۆڵكردنی كەمپەكاندا، جەختیكردەوە لەوەی بڕیارەكە ئارەزومەندانەیە و ئەوانەی كێشەیان هەیە دەتوانن لە كەمپەكان بمێننەوە، بەڵام ئەوە لەبەرچاونەگیرا و لانیكەم 60 خێزان لە دیالە بە ناچاری لەناو شارەكان نیشتەجێ بون.
عەلی غازی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی خانەقین، لەبارەی ئەو كێشەیەوە جەختیكردەوە لەوەی ئەو خێزانانە رێگەپێدانیان بۆ كراوە تا لەناو خانەقین نیشتەجێبن.
"ئەو 60 خێزانە كێشەی عەشایەرییان بۆ دروستبووە و گرفتەكەیان چارەسەر نەكراوە... ماڵەکانیان روخێنراوە"، عەلی وایوت.
بۆیە چارەنوسێكی نادیار چاوەڕێی ئەو ئاوارەانە دەكات كە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ژیانیان پێنەدراوە.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی سەرۆك هۆز و عەشیرتەكانی عەرەب لە بارەی پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدین چۆڵكردنی تەواوی كەمپەكانی راگەیاند، هاوكات ئیدارەی پارێزگای كەركوكیش بە هەمان شێوە دەرگای تەواوی كەمپەكانی داخست.
عەمار سەباح، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا هیچ ئاوارەیەك لە كەمپەكانی كەركوك نەماون و دەرگای كەمپەكانمان بەیەكجاریی داخست".
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە حوزەیرانی 2014ەوە 40 هەزار ئاوارە رویان لە كەركوك كرد و بەسەر شەش كەمپدا دابەشكران. لە دوای كۆتاییهێنان بەشەڕی داعش لە كۆتایی 2017ەوە دەستكرا بە گەڕاندنەوەیان و ئەو پرۆسەیە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوامبوو.
هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار دیناری پێدراوە لەكاتی گەڕانەوەیەدا.
"ئەوەی لە سەردەمی داعش دەستى سور بوو بە خوێنی هاوڵاتیان خرایە زیندانەوە، بەڵام هاوسەر و منداڵەکانیان کە هیچ تاوانێکیان نەبووە، گەڕێنرانەوە شوێنی خۆیان، ئیتر كەس نابێت لە كەمپ بمێنێتەوە"، عەمار وایوت.
هاوسەر و منداڵانی داعش-یش گەڕێنرانەوە شوێنی خۆیان، ئیتر كەس نابێت لە كەمپ بمێنێتەوە
ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لەوانەی لەكاتی شەڕی داعشدا بەیعەتیان بەو رێكخراوەدا، ئێستا ژن و منداڵەكانیان ترسی تۆڵەسەندنەوەیان لەسەرە، بۆیە داوایان دەكرد لە كەمپەكان بمێننەوە تا ژیانیان پارێزراو بێت.
گوێنەدان بەو خێزانانە لە ماوەكانی رابردودا ناڕەزایی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بەدواداهات، بەبێ ئەوەی ئەو ناڕەزاییە كاریگەری هەبێت لەسەر بڕیاری حكومەتی عیراق لەو سێ پارێزگایە.
لە 3ی كانونی یەكەم، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و بۆ پرسی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كۆبونەوە.
لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا رێككەوتن گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی ئەو پارێزگایە بە رەزامەندی خۆیان بێت، نەك زۆرەملێ.
شێخ ئەحمەد موهێرى، کەسایەتى دیارى قەزاى حەویجە، دوای چۆڵكردنی كەمپەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "رێکەوتنێک هەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و سەرۆک هۆزەکان بە رێگەپێدانی کەسوکارى داعش بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و پاراستنی ژیانیان".
شێخ ئەحمەد وتی "پێویستە هەموو عەشیرەتەكان ئەو رێككەوتنە جێبەجێبكەن و حكومەتیش چاودێری رێككەوتنەكە بكات تا ژیانی ئەو خێزانانە پارێزراوبێت".