پێشمەرگە ئامادەكاری بۆ گەڕانەوە دەكات
ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا: تەنیا هێزی فیدراڵی لە شنگال جێگیردەبن

لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

هەرچەندە هێزی پێشمەرگە ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شنگال، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا ئاشكرای دەكات كە پاراستنی شنگال تەنیا لە بەرپرسیارێتی سوپا، پۆلیس و دەزگای ئاسایشدایە و رێگە بەهیچ هێزێكی تر نادرێت لە قەزاكە جێگیربن.

لیوا روكن جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا، لە راگەیەنراوێكیدا كە 6ی كانونی یەكەم بڵاویكردۆتەوە، جەختیكردەوە لەوەی "جگە لە سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانیی، رێگە بەهیچ هێزێكی ئەمنی چەكدار یان بێ چەك نادرێت، لە قەزاكەدا جێگیربن، یان دۆسیەی ئەمنی بگرنەدەست، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدا".

جەبار تائی جەختیشدەكاتەوە لەوەی "پاراستنی قەزای شنگال تەنیا لە بەرپرسیارێتی سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانیدایە، بەهەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری عیراق".

پاراستنی قەزای شنگال تەنیا لە بەرپرسیارێتی سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانیدایە

ئەوەش لەكاتێكدایە هێزی پاراستنی شنگال كە لە دوو هەزار و 500 پێشمەرگە پێكهاتووە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئامادەكارییەكانیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شنگال تەواوكردووە و چاوەڕێی بڕیارن، ئەوەش بەپێی وتەی شێخ مه‌جده‌ل خدر، فه‌رمانده‌ی ئەو هێزە.

شێخ مەجدەل بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگی رابردوو کۆمه‌ڵێک کۆبونه‌وه‌ و دانیشتن لە نێوان وه‌فدی حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا لەسه‌ر چۆنیه‌تی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی قەزاكە ئەنجامدراوە، ئێستاش گفتۆگۆ و دانوستاندن به‌رده‌وامن له ‌نێوان هه‌ردولا، تا بەزوترین كات هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شنگال".

xo... shngal
ده‌سته‌ راستی وێنه‌كه‌؛ خۆپیشاندانی ئاواره‌كان بۆ پاڵپشتی رێككه‌وتنی شنگال و ده‌سته‌چه‌پی وێنه‌؛ خۆپیشاندانی دژ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"ئاماده‌کاریمان كردووە‌ بۆ گه‌ڕانەوە بۆ ئه‌و ناوچانەی كە ‌پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزەكانی پێشمەرگە لێی جێگیربون، هەر كاتێك فه‌رمانمان پێبکرێت به‌ چه‌ک و هێزێکی زۆری پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ شنگال و دەیپارێزین"، شێخ مەجدەل وایوت.

بەپێی خاڵێكی رێككەوتنی شنگال، دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته‌ پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. بەڵام ناوی پێشمەرگە لە رێككەوتنەكەدا نەهاتووە.

لە هەفتەكانی رابردودا پۆلیسی فیدراڵی لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدا لە چەند ناوچەیەكی قەزاكە جێگیربون و دۆسیەی ئەمنیان گرتەدەست، بەڵام هێشتا هیچ هێزێكی سەر بە حكومەتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە.

شێخ مه‌جده‌ل خدر، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی پاراستنی شنگال وتی "هیچ واده‌یه‌ک ده‌ستنیشان نەکراوه‌ بۆ گەڕانەوەمان، بەڵام ئێمە ئەو هێزەین كە دیاریكراوین بۆ گەڕانەوە و چاوەڕێی بڕیاری كۆتایین". زیاتر وتی "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ خه‌ڵکی شنگال به‌ گوڵ و رێزێکی زۆره‌وه‌ پێشوازیمان لێده‌که‌ن و بە گەڕانەوەی ئێمە ئەمنیەتی ناوچەكە پارێزراو دەبێت".

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ عیراق، لە كۆتایی تشرینی دووەم، بە که‌ناڵی عیراقییه‌ی نیمچه‌فه‌رمی وت "له‌ چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنی شنگالدا، ته‌نیا هێزی سه‌ر به‌ حکومه‌تی فیدراڵی له‌ناو شنگالدا جێگیرده‌بن و هیچ هێزێکی دیکه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌وانیتر ناچنه‌ ناو قه‌زاکه‌ و ته‌نیا ئاڵای عیراقیش هه‌ڵده‌کرێت". 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT