ئاڵای هێزی چه‌كدار و حزبه‌كانی شنگال داده‌گیرێن

نه‌ینه‌وا، 2019، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

كه‌ركوك ناو

حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، ئاڵای ته‌واوی هێزی چه‌كداریی و حزبه‌كانی ناو قه‌زای شنگال داده‌گرێت، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی فیدراڵی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كرد، ئه‌وه‌ش وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.

ئه‌و بڕیاره‌ی به‌غدا بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای لایه‌ن و هێزه‌كانی دیكه‌، دوای نزیكه‌ی مانگێك دێت له‌ رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "ئه‌و بڕیاره‌ بۆ داگرتنی ئاڵای هێزه‌كان ته‌نیا بۆ ناو سه‌نته‌ری شنگاله‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان فه‌رمانبكه‌ن له‌ هه‌موو شوێنێك ئاڵای حه‌شد دابگرین، ئه‌وا جێبه‌جێیده‌كه‌ین".

ئه‌و ده‌ڵێت حه‌شدی شه‌عبی له‌ 2017ـه‌وه‌ ته‌نیا ئاڵای عیراقی هه‌ڵكردووه‌، ئاڵای تایبه‌ت به‌ حه‌شد، ته‌نیا له‌ناو باره‌گاكانیاندا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بازگه‌ هاوبه‌شه‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگال.

خال عه‌لی ده‌ڵێت ئاگاداری بڕیاری به‌غدان كه‌ ته‌نیا پێویسته‌ ئاڵای عیراق له‌ شنگال هه‌ڵبكرێت، "بڕیاره‌كه‌ش له‌جێی خۆیه‌تی و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێوه‌ی پابه‌ندبن".

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، كە ژمارەیان لەسەروی دوو هەزار كەسە، 19ی تشرینی دوه‌م له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی شنگال كران، بۆ گرتنه‌ده‌ستی دۆسیه‌ی ئه‌منی.

ybsh-1
نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

حه‌یده‌ر شه‌شۆ، لێپرسراوی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدیخان به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "پێش چوار رۆژ ئاڵای سه‌ربازی هێزه‌كه‌مان له‌سه‌ر باره‌گاكه‌ داگرت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر خواست و بڕیاری به‌غدا نه‌بووه‌، به‌ڵكو ده‌ستپێشخه‌ری خۆمان بوو تا هێزه‌كانی دیكه‌ش ئاڵاكه‌یان دابگرن".

شه‌شۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هێزه‌كانی دیكه‌ش ئاڵاكه‌یان دابگرن و پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال بكه‌ن، "چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدایه‌، بۆیه‌ هه‌ر بڕیارێك حكومه‌تی عیراقی ده‌ریبكات جێبه‌جێیده‌كه‌ین و گرفت بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستناكه‌ین".

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌شێك له‌ ئێزیدییه‌كانی ناو شنگال، به‌ تایبه‌ت لایه‌نگر و هێزه‌كانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، پێی قایل نین و زیاد له‌ جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداوه‌.

حه‌سۆ ئیبراهیم، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ به‌ناوی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)ـیشه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن –به‌ نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌هیچ شوێنێك ئاڵای خۆمان دانه‌گرتووه‌ و هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌  له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌دا ئاماده‌نین ئاڵای سه‌ر باره‌گاكانمان دابگرین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ رێككه‌وتن بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق ئه‌وكات جیاوازه‌ و قسه‌یه‌كی ترمان ده‌بێت".

هه‌فته‌ی رابردو فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق بڵاویكرده‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر، ته‌نیا هێزی فیدراڵی له‌ قه‌زاكه‌دا ده‌بن و به‌ ته‌نیا ئاڵای عیراقیش له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵده‌كرێت.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT