سه‌رباری ئه‌وه‌ی رێگای موسڵ – ته‌له‌عفه‌ر گرنگی ستراتیژی هه‌یه، به‌وپێیه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا به سێ قه‌زای گرنگ و قه‌ره‌باڵغی وه‌ك ته‌له‌عفه‌ر و شنگال و به‌عاجه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام پشتگوێخراوه و رۆژانه له‌و رێگایه‌دا به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه خه‌ڵك ده‌بنه قوربانی.
"زیاتر له سێ ساڵه رێگاكه پڕه له چاڵ و بڕین و تاسه و به‌رز و نزمی، كه بڕیاربوو نۆژه‌نبكرێته‌وه، به‌ڵام كاره‌كان زۆر به سستی به‌ڕێوه‌ده‌چن و له‌گه‌ڵ گرنگی رێگاكه‌دا یه‌كناگرێته‌وه كه رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتیان پیایدا تێده‌په‌ڕن و په‌یوه‌ندی به گیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه" حه‌سه‌ن عه‌لی، شۆفێری تاكسی كه رۆژانه به‌و رێگایه‌دا ده‌ڕوات، وای وت.
عه‌لی (31 ساڵ) به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بارانبارینی زستان نه‌هامه‌تی هاوڵاتیان له‌و رێگایه‌دا زیاتر ده‌كات، له ساڵانی رابردودا چه‌ندینجار رێگاكه داخرا به‌هۆی لافاوه‌وه، جگه له خراپی كۆلێتی، یه‌كسایدی ئه‌و رێگایه‌ش هۆكارێكی تره بۆ زیادبونی روداوه‌كان و ژماره‌ی قوربانییان".
له‌شه‌ڕی سێ ساڵه‌ی هێزه عیراقییه‌كان به‌رانبه‌ر داعش، رێگه‌وبانه‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا به رێژه‌ی له سه‌دا 90 زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی پارێزگاكه.
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان دانی پێداده‌نێن
قاسم محه‌مه‌د شه‌ریف، قایمقامی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێگای موسڵ – ته‌له‌عفه‌ر رۆژانه روداوی تیادا روده‌دات، به‌ڵكو هه‌ندێكجار له یه‌ك رۆژدا دوو روداو یان زیاتری تێدایه، به هیواین لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌و داواكارییه چهندبارهیهی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی به هه‌ند وه‌ربگرن و رێگاكه بكه‌ن به دوو ساید، تا روداوه‌كان و ژماره‌ی قوربانییانیش كه‌مبنه‌وه".
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی عیراق، ساڵی 2019 به‌بێ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، 10 هه‌زار و 753 روداوی هاتوچۆ تۆماركراون، كه زیاتر له سه‌دا 24یان كوشنده بوون و زۆرینه‌ش له رێگای خێرادا بوون، به‌وهۆیه‌وه دوو هه‌زار و 636 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه و زیاتر له 11 هه‌زار هاوڵاتی برینداربون، به‌ڵام هێشتا ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه.
هه‌ندێكجار له یه‌ك رۆژدا دوو روداو یان زیاتری تێدایه
سه‌رچاوه‌یه‌ك له هاتوچۆی ته‌له‌عفه‌ر كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی روداوه‌كانی هاتوچۆ له رێگای موسڵ – ته‌له‌عفه‌ر به‌هۆی "خێرایی زۆری هه‌ندێك له شۆفێرانه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پابه‌ندنه‌بونیان به رێنماییه‌كانی هاتوچۆوه".
"رێگاكه یه‌ك سایده و فشاری زۆری له‌سه‌ره، چونكه تاكه رێگایه بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیانی خۆرئاوای نه‌ینه‌وا به‌گشتی، بۆیه روداوه‌كان و قوربانییه‌كانیش زیاتر بون"، سه‌رچاوه‌كه وتیشی "گرنگه ئاوڕ له‌و دۆسیه‌یه بدرێته‌وه كه بۆته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان".
ناوه‌ندی شاری موسڵ 69 كیلۆمه‌تر له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ره‌وه دووره و 22 كیلۆمه‌تری رێگاكه یه‌ك سایده.
سابت عه‌باسی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی عیراق له نوسراوێكدا كه (كه‌ركوك ناو) بینویه‌تی، داوا له نه‌جم جبوری پارێزگاری نه‌ینه‌وا ده‌كات سایدی دوه‌م بۆ رێگای موسڵ – ته‌له‌عفه‌ر دروستبكه‌ن، جبوریش له‌به‌شی خواره‌وه‌ی نوسراوی داواكارییه‌كه‌دا نوسیویه‌تی "بخرێته نێو چوارچێوه‌ی پرۆژه فریاگوزارییه‌كانی پارێزگاكه‌وه بۆ ساڵی 2020".
رێگای مه‌رگ
"هه‌رچه‌نده هۆشیاربیت و پابه‌ندی رێكاره‌كانی رۆیشتن بیت، شۆفێرێكی لێهاتووش بیت، هه‌ر له روداوه‌كانی ئه‌و رێگایه رزگارت نابێت، كه رۆژانه هه‌زاران ئۆتۆمبێلی پێدا تێده‌په‌ڕن، رێگایه‌كی باریك و یه‌ك سایده، به‌رز و نزمی و چاڵی زۆری تێدایه، جگه‌له‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر به‌رده‌وام له‌و رێگایه‌دایه و ئه‌وه‌ش نه‌هامه‌تییه‌كی دیكه بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك" سه‌عدون عه‌بدولره‌حیم، هاوڵاتی دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ر واده‌ڵێت.
عه‌بدولره‌حیم (49 ساڵ) داوا له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كات "پارێزگاری له گیانی هاوڵاتیان بكه‌ن، له‌رێی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگاكه و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته دوو ساید".
قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش، به‌هۆیه‌وه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كه ژماره‌یان ده‌وروبه‌ری 225 هه‌زار كه‌سه ناچار به ئاواره‌یی بون بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق، هه‌رێمی كوردستان و توركیا.