باوكی شڤان؛ ئه‌و گه‌نجه‌ی له دوایین خۆپیشاندانی قه‌زای كفری گیانیله‌ده‌ستدا سكاڵای تۆماركردووه و چاوه‌ڕێی سزادانی تاوانبارانه، له كاتێكدایه دۆسیه‌كه‌ی بۆته جێی مشتومڕی چه‌كدارانی سه‌ر به پارتی و یه‌كێتیی، هه‌ردوو حزب یه‌كتری به "ته‌قه‌كه‌ر و بكوژ" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
شڤان محه‌مه‌د شكور (21 ساڵ)، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه 10ی كانونی یه‌كه‌می 2020 له خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی ناوه‌ندی قه‌زای كفری فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وت و گیانیله‌ده‌ستدا، به‌هۆیه‌وه كه‌سوكاری سكاڵای یاساییان دژی هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركردووه.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا، باره‌گای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سوتێنرا و خۆپیشانده‌ران هه‌وڵیاندا هه‌ڵبكوتنه‌سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك پێشتر باره‌گای كۆمیته‌ی یه‌كێتییان سوتاند.
خه‌ڵك به چاوی خۆیان بینیویانه ته‌قه‌یان كردووه و به‌وهۆیه‌وه كوڕه‌كه‌م شه‌هید بوه
مامۆستا محه‌مه‌د شكور، باوكی شڤان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سكاڵامان تۆماركردوە لە دژی لیوای 136ی پێشمەرگەو فەرماندەی لیواكە كه حاجی عوسمان-ـه، چونكه ئه‌وان هاتونه‌ته قه‌زاكه و ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كردووه".
"ئێمه شایه‌تمان زۆره، خه‌ڵك به چاوی خۆیان بینیویانه ته‌قه‌یان كردووه و به‌وهۆیه‌وه كوڕه‌كه‌م شه‌هید بوه".
به‌وته‌ی مامۆستا محه‌مه‌د، له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌دا، شڤان له ماڵه‌وه بووه و ناردویانه تا براكه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه، "نه‌مانزانی خۆی شه‌هید ده‌بێت".
ئه‌و ده‌ڵێت "لەناو بازاڕی كفری لێیاندابوو، كه هیچ باره‌گاو كۆمیتەیەكی حزبی له‌و شوێنه نییه، باره‌گای پارتیشی لێ نییه".
شڤان محه‌مه‌د خوێندكاری قۆناغی سێیه‌می به‌شی مێژوی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی كه‌لار بوو، چوار برای دیكه‌ی هه‌یه و یه‌كێك له براكانی له هه‌مان خۆپیشانداندا بریندار بووه.
"داواكارم لەدادگا تاوانبارن بەسزای خۆیان بگەیه‌نن بەپێی یاسا، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی هیچ خێزانێكی تر وێران نەكەن، چونكه كوڕەكەم نەچۆتە سەر باره‌گاو بینا، باره‌گای نه‌سوتاندوە و 100 مەتر لەخۆپیشاندانەكەوە دوور بووە كه تەقەی لێكراوە و كوژراوە" باوكی شڤان وای وت.
هه‌ر له‌و خۆپیشاندانه‌دا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵ به ناوی محه‌مه‌د عه‌زیز به فیشه‌ك برینداربوه و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه له نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه.
لای ناوچه‌ی پارتی ته‌رمی شڤان كه‌وتبوو، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه و ئه‌و شوێنه چه‌كداری ئێمه‌ی تێدانه‌بووه
لیوا حاجی عوسمان، فه‌رمانده‌ی لیوای 136ی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه، كه به تۆمه‌تی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ی كفری سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركراوه، له لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكرده‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵاشی كرد.
لیوا عوسمان وتی "هێزه‌كانی ئێمه بۆ پاراستنی فه‌رمانگه حكومییه‌كان بوو له سوتاندنیان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه، دواتر ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه به‌ره‌و ناوچه گۆڕا و له‌وێ ته‌قه‌ی زۆر كرا، پاش كاتژمێرێك یه‌كێكیان كوژرا و یه‌كێكی تر برینداربوو".
فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه جه‌ختیكرده‌وه "سه‌د له سه‌د هێزه‌كانی ئێمه ته‌قه‌یان نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌قه‌كه‌ر بوینایه ئه‌وا باشترین به‌ڵگه پارێزگاریمان له باره‌گای حزبه‌كه‌ی خۆمان (یه‌كێتیی) ده‌كرد و نه‌مانده‌هێشت بیسوتێنن، ئاشكرایه كێ ته‌قه‌ی كردووه،.. لای ناوچه‌ی پارتی ته‌رمی شڤان كه‌وتبوو، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه و ئه‌و شوێنه چه‌كداری ئێمه‌ی تێدانه‌بووه".
جگه له كه‌سوكاری شڤان، كادیر و چه‌كدار و لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له كفری، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتیی درێژ ده‌كه‌ن.
كۆچه‌ر ئه‌كبه‌ر حاجی رۆسته‌م، كادیری پارتی له گه‌رمیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندانه‌كه له‌به‌رده‌م باره‌گای ئێمه‌دا نه‌بووه و ئێمه ته‌قه‌مان نه‌كردووه، خاوه‌نی شه‌هیده‌كه‌ش په‌یامه‌كه‌یان رونه و لای پۆلیس سكاڵایان هه‌یه".
بنه‌ماڵه‌ی ئه‌كبه‌ری حاجی رۆسته‌م، پێشتر وێنه‌یه‌كیان له ناوچه‌ی كفری پارتی به چه‌كه‌وه بڵاوكرده‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر خۆپیشانده‌رێكیان كرد ئه‌گه‌ر هه‌وڵی سوتاندنی باره‌گه‌كه بدات.
كۆچه‌ر ئه‌كبه‌ر ده‌ڵێت "حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان و خانەواده‌ی شەهید شڤان و خەڵكی قەزاكەش هەموویان ئه‌و راستییه ده‌زانن پارتی نه‌بوو كه ته‌قه‌ی كرد".
ناوبراو له‌كاتی روداوه‌كه‌دا له فه‌یسبوكی خۆی لیوای 136ی پێشمه‌رگه‌ی به ته‌قه‌كردن تۆمه‌تباركردبوو.
هەموان ئه‌و راستییه ده‌زانن پارتی نه‌بوو كه ته‌قه‌ی كرد
"ماڵی باوكی شه‌هید شڤان خزمی نزیك و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی خۆمان و یه‌ك عه‌شیره‌تین، گه‌ر برایه‌كم بمردایه هه‌ر ئه‌وه‌نده ئازارم ئه‌چه‌شت، بۆیه دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه ته‌قه‌كردنه‌كه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه و شوێنی شه‌هیدكردنیشی له باره‌گای پارتییه‌وه دووره" به‌وته‌ی كۆچه‌ر ئه‌كبه‌ر حاجی رۆسته‌م.
شڤان محه‌مه‌د دوه‌م كوژراوی خۆپیشاندانه‌كانی كفرییه دوای ئاكۆ سه‌لمان (22 ساڵ) كه شه‌وی 7ی كانونی یه‌كه‌م به‌ته‌قه‌ی پاسه‌وانانی باره‌گای حزبی به‌ركه‌وت و له نه‌خۆشخانه گیانیله‌ده‌ستدا.
له دۆسیه‌كه‌ی ئه‌كۆ سه‌لمان-دا، كه‌سوكاری سكاڵایان دژی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی تۆماركردووه و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، هێزه ئه‌منییه‌كانی گه‌رمیان چه‌كدارێكی ئه‌و حزبه‌یان به تۆمه‌تی ته‌قه‌كردن ده‌ستگیركرد.
خۆپیشاندانی ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی، كه سه‌ره‌تا به‌هۆی پێنه‌دانی موچه و خراپی گوزه‌رانه‌وه ده‌ستیپێكرد، له 3ی كانونی یه‌كه‌می 2020ـه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 11ی كانونی یه‌كه‌م له شاره‌كانی سلێمانی، كه‌لار، هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزێ و رانیه خۆپیشاندانه‌كان بارگرژییان تێكه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به ته‌قه‌كردن و گازی فرمێسك‌ڕێژ هه‌وڵیاندا بڵاوه به خۆپیشانده‌ران بكه‌ن، ده‌یان خۆپیشانده‌ر و چالاكوان و رۆژنامه‌نوسیش ده‌ستگیركران.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه تائێستا به‌هۆی گرژیی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، 9 كه‌س كوژراون و زیاتر له 60 كه‌سی تر برینداربون.