جوتیارانی كورد و دانیشتوانی گوندی پەڵكانە، ئاشكرای دەكەن كە سبەی دووشەممە دوامەڵەتە بۆ مانەوەیان لە گوندەكەیان و هەڕەشەی دەركردنیان لەسەرە لەلایەن "جوتیارانی عەرەبی هاوردەوە". بۆیە داوای هاوكاریی دەكەن تا دۆخەكە لەدەست دەرنەچووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم، نوێنەرانی گوندی پەڵكانە سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان كرد لە كەركوك و لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەو حزبە تاوتوێی ئەو مۆڵەتە 24 كاتژمێرییەیان كرد كە پێیاندراوە بۆ مانەوەیان لە گوندەكە.
محەمەد ئیسماعیل، یەکێک لە نوێنەرانی دانیشتوی گوندی پەڵکانە بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەڕەشەی زۆرمان لەسەرە و لە ناوچەکانمان خەریکە دەردەکرێین... جوتیارانی عەرەبی هاوردە مۆڵەتی 24 كاتژمێریان پێداوین و بۆ ئەوەش هێزە عیراقییەكان پاڵپشتییان دەكەن".
وتیشی "هانامان بۆ پەرلەمانتارانی کەرکوک و یەكێتی هێناوە تا بزانین چیمان بۆ دەكەن".
بەڵێنی پەرلەمانتارانی یەكێتی تەنیا ئەوە بووە كە دەنگیان دەگەیەننە بەغدا، ئەوەش لەكاتێكدایە سبەی دووشەممە 14 كانونی یەكەم وەك دوامۆڵەت دیاریكراوە بۆ جوتیارانی كورد.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی و یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ جوتیارانی پەڵكانە، وتی "کێشەی زەویوزار لەو سنورە درێژەی هەیە، ئێمە وتەی نوێنەرانی پەڵکانە و گوندەکانی دەوروبەرمان وەرگرت، بەداخەوە ئەمە پیلانە دەستی ناوخۆیی و بەغدا هاوکارن بۆ ئەم پرۆسەیە و داوادەكەین ئەم كێشەیە دەستوەردانی سەربازی تیا نەبێت".
زیاتر وتی "پێویستە ئەم کێشانە بەپێی مادەی 140ی دەستوری عیراق چارەسەر بکرێن، چونکە بابەتەكە پەیوەستە بە دەستورەوە".
پەڵکانە و چەند گوندێکی تری ناحیەی سەرگەڕان له قهزای دوبز-ی پارێزگای کەرکوک، زیاتر له 10 جار بونهته جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی.
جگە لە ماددەی 140ی دەستور، كە بە جێبەجێكردنی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچەكانی جێناكۆك یەكلاییدەكاتەوە، هاوكات سەرۆكایەتی كۆماریش لە ماوەكانی رابردودا، لیژنەیەكی باڵای لە نوێنەرانی كورد، عەرەب و توركمان، هەروەها ئەنجومەنی باڵای دادوەری و خودی پارێزگاری كەركوك پێكهێنا بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك.
جەمال شکور، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی کەرکوک قسەمان کردووە کە کار بەو مۆڵەتە نەكەن كە بۆ دورخستنەوەی جوتیارانی كورد دانراوە...".
وتیشی "هەر گوندی پەڵكانە نییە، نزیكەی 40 گوندی قەزای دوبز هەمان كێشەیان هەیە... بەڵگە و خاوەندارێتی زەوی ساختەكراوە و عەرەبە هاوردەكان لەدژی كورد بەكاریدەهێنن و بۆ ئەمەش دادگا پشتیوانیان دەكات".