ژمارەیەك رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئامادەنەبون كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بگوازنەوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە وادەی دیاریكراودا ئامادەنەبوو، لەگەڵئەوەشدا پۆلیس و پاسەوانانی شوێنی كۆنگرەكەش "سوكایەتییان" بە رۆژنامەنوسان كرد.
بڕیاربوو کاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم، راکان جبوری، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبا و لێپرسراوانی کەرتەکانی کارەبای شارەکە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وێستگەی كارەبای تازە سازبكات، بۆ ئەو مەبەستەش نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگار رۆژنامەنوسانی بانگهێشتكرد.
چیا نوری، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بۆ كۆنگرەكە دیاریكرابوو، پێش ئەو وادەیە ئێمە گەیشتین، بەڵام كە چوینە ئەوێ وتیان پارێزگار كاتژمێر 11 دێت و ئێوەش دەبێت ئۆتۆمبێلەكانتان دوربخەنەوە و قەرەباڵغی دروستنەكەن".
كە چوینە ئەوێ وتیان پارێزگار كاتژمێر 11 دێت و ئێوەش دەبێت ئۆتۆمبێلەكانتان دوربخەنەوە و قەرەباڵغی دروستنەكەن
هەروەها وتی "سەرەتا لەلایەن پاسەوانەکانی وێستگەی كارەبای تازەوە رێگریمان لێکرا بە ئۆتۆمبێل بچینە ناو وێستگەكە، دوای دەستوەردانی نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگار، ئینجا رێگەیان پێداین، بەڵام دوای ئەوەی كە چوینە ئەو شوێنەی دیاریكرابوو بۆ كۆنگرەكە و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانمان دانا، پۆلیسێک هات و وتی ئۆتۆمبێلەکانتان بەرنە دەرەوە و جەنابی پارێزگار بۆ کاتژمێر 11 دەگاتە ئێرە، بۆیە نابێت ئەم قەرباڵغییە دروستبكەن".
كۆنگرەكە بڕیاربوو تایبەت بێت بە كێشەی كەمی كارەبا كە چەند هەفتەیە بەرۆكی پارێزگاكەی گرتووە.
رۆژنامەنوسان كە نوێنەرایەتی لانیكەم 10 كەناڵی راگەیاندنیان دەكرد، دوای ئەوەی داوایان لێكرا شوێنی كۆنگرەكە تا كاتژمێر 11 چۆڵبكەن، بڕیاریاندا بایكۆتی كۆنگرەكە رۆژنامەوانییەكە بكەن.
"ئەمە یەكەمجار نییە بەشێك لە لێپرسراوانی كەركوك بەو شێوەیە سوكایەتی بە رۆژنامەنوسان دەكەن، هەندێك كات تەنانەت وەكو جاسوس سەیری رۆژنامەنوسان دەكەن و چەندین جار لەو وادەیە دوادەكەون كە بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی دیاریان كردووە"، چیا وایوت.
عەیدەر عۆدە، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی تەڵیعە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا لە دەرگای چونە ژورەوە وتیان نابێت بە ئۆتۆمبێل بچنە ژورەوە، ئێمەش کەلوپەلی ستریم لایڤ و ستاند و کامێرامان پێیە و دەبێت نزیک بینەوە لە شوێنی کۆنگرەکە، كە چوینە ژورەوەش دوای پێنج خولەكە وتیان ئۆتۆمبێلەكانتان ببەنە دەرەوە، ئێمە بەهۆی ئەو رەفتارەوە بێزاربوین و بایكۆتی كۆنگرەكەمان كرد".
لە مانگی ئابی رابردوو، رۆژنامەنوسانی كەركوك لە راپۆرتێكی (كەركوك ناو)دا نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەوەی لێپرسراوانی پارێزگای كەركوك بۆ چەندین كاتژمێر لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەیانهێڵنەوە و پابەندی ئەو وادەیە نابن كە بۆ كۆنگرەكە دیاری دەكەن.
یەكێك لە نیگەرانییەكانی رۆژنامەنوسان لەو مانگەدا روبەڕوی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عیراق و خالید مەفرەجی، ئەندامی پەرلەمان بۆوە دوای ئەوەی بۆ زیاتر لە دوو كاتژمێر رۆژنامەنوسانیان لە چاوەڕوانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هێشتەوە.
سەیف ئەنوەر، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەبارەی بایكۆتكردنی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی راكان سەعید، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهۆی سوکایەتیی و رێگرییەوە تەواوی راگەیاندنە عەرەبی، كوردی و توركمانییەكان بایكۆتمان كرد".