نرخی كەلوپەل و پێداویستی رۆژانە بە شێوەیەكی نائاسایی لە بازاڕەكانی عیراقدا بەرزبۆوە، ئەوەش دوای ناجێگیری نرخی دۆلار هات بەرامبەر بە دیناری عیراقی، بازاڕەكان خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچن و هاوڵاتیان تیایدا زەرەرمەندی یەكەمن.
نزیكەی 10 رۆژە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، تا ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم، نرخی هەر 100 دۆلارێك گەیشتۆتە سەروو 145 هەزار دینار، لەكاتێكدا پێشتر بە 123 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا.
ئەو ناجێگیرییە لە نرخی دۆلاردا بووەهۆی بەرزبونەوەی نرخی تەواوی كەلوپەل و پێدویستییەكانی رۆژانە و كەرەستەكانی جوانكاریی و بیناسازیی و هەموو ئەوانەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێن. ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا بازرگانەكان كەلوپەلی كۆگاكان دەفرۆشن كە بەنرخی هەرزانتر لە نرخی ئێستا كڕیویانە.
نرخی یەك فەردە شەكری 50 كیلۆیی لە 33 هەزار دینارەوە بۆ 39 هەزار بەرزبۆوە، یەك كارتۆن رۆنی زەیت لە 23 هەزار دینارەوە بووە 30 هەزار دینار. ئەمە نمونەیەكن لەو پێداویستیانەی لە بازاڕەكاندا بەهۆی نرخی دۆلارەوە بەرزبونەتەوە.
حەسەن عەلى، بازرگانێكی فرۆشتنی خواردن و پێداوسیتی رۆژانەیە لە كەركوك، وتی "هەموو شت گران بووە، ئێمە بە دۆلار كەلوپەل دەكڕین، دۆلاریش ئێستا بەرزە، بۆیە بە گرانتر لە جاران كەلوپەلەكان دەفرۆشین، تا زەرەر نەكەین".
ڤیدیۆ: دوكاندارێك لە بازاڕی كەركوكدا باسی بەربونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستی تر دەكات
"هەر گوێنییەكی 50 كیلۆیی لە خواردنی وشكە حەوت بۆ هەشت هەزار دیناری چۆتەسەر، تا دۆلار گرانتر بێت بەرامبەر بە دیناری عیراقی نرخی خواردنیش بەرزدەبێتەوە، لە هەموو ئەم گرانییەشدا هاوڵاتییان باجەكەی دەدەن"، حەسەن وایوت.
عەبدولڕەزاق عەلى، یەكێكە لەو هاوڵاتییانەی خۆراكی وشكە بە كۆ دەفرۆشێت، وتی "خەتاكە ئێمە نین... بۆ نمونە پێش بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، یەک تەنکە رۆنى 6 کیلۆیم بە نۆ هەزار دەفرۆشت، ئەمڕۆ (شەممە 19ی كانونی یەكەم) خۆم بە 10 هەزار و 500 دینار لە بازرگانەكانم كڕیوە، باشە ئەی ئێستا بەچەند بیفرۆشمەوە".
بەڵام شاخەوان خالید، هاوڵاتییەكی خەڵكی كەركوكە، وتی "كێشەكە ئەوەیە هەندێك لە بارزگانەكانی هێنانی خۆراك ئەمەیان بە دەرفەت زانیوە و هەر زوو خۆراكیان گرانكرد، خۆ ئەوەی ئێستا لە بازاڕ دەفرۆشرێت لەم یەك دوو رۆژەدا نەكڕدراوە، تا بە گرانتر بیفرۆشنەوە، ئەمەی ئێستا لەبازاڕدا دەفرۆشرێت لە كۆگاكانیانەوە هێناویانە و خۆیان پێشوتر هەرزانتر كڕیویانە".
خۆ ئەوەی ئێستا لە بازاڕ دەفرۆشرێت لەم یەك دوو رۆژەدا نەكڕدراوە، تا بە گرانتر بیفرۆشنەوە
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عیراق، لە راگەیەنراوێكیدا شەممە 19ی كانونی یەكەم، جەختیكردەوە لەوەی هەنگاوی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، لە چوارچیوەی پڕۆژەی چاكسازی داراییدایە. "تەنیا بۆ یەكجارە و لە داهاتودا دوبارەنابێتەوە، حكومەت لەگەڵ بانكی ناوەندیدا هەوڵدەدات ئەم نرخە تازەیە بە جێگیریی بمێنێتەوە".
عەلاوی وتی كە حكومەت دەستبەجێ كاردەكات بۆ ئەو كەرتانەی زەرەرمەند دەبن لەم هەنگاوەدا، هەروەها هاوكاریی توێژی هەژاران دەكات ئەوەش لەڕێی كۆمەڵێك هۆكارەوە لە نێویاندا زیادكردنی پارەی هاوكاریی چاودێریی كۆمەڵایەتی.
بەپێی بانكی ناوەندی عیراق، كە لە راگەیەنراوێكدا جەختیلێكردۆتەوە، هەر دۆلارێك بە 1450 دینار لە وەزارەتی دارایی دەكڕن و بە 1460 دینار بە بانكەكانی دەفرۆشنەوە، بانكەكانیش بە 1470 دینار بە خەڵكی دەفرۆشنەوە.
ئەو راگەیەنراوە كە شەممە 19ی كانونی یەكەم لەبارەی هەنگاوی دابەزاندنی بەهای دینار بڵاوكراوەتەوە، تیایدا هاتووە "ئەوە دوای گفتوگۆی زۆر چڕ بوو لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی، دوای ئەو قەیرانەی روی لە عیراق كرد بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا".
هەروەها هاتووە "ئەو هەنگاوەمان لەپێناو چاكسازی داراییدایە، لەبەرئەوەی حكومەت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و داهاتەوە روبەڕوی كورتهێنانی گەورە بۆتەوە و وایكردووە ناچارە قەرز بكات بۆ ئەوەی موچە و پێداویستی خزمەتگوزاریی دابین بكات". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "نرخی دۆلار پێش ئەم بڕیارە رێگری گەورە بوو لە بەردەم گەشەی ئابوریی و كێبڕكێی نێوان بەرهەمی ناوخۆ لە بەرامبەر بەرهەمی هاوردە".
نرخی دۆلار پێش ئەم بڕیارە رێگری گەورە بوو لە بەردەم گەشەی ئابوریی و كێبڕكێی نێوان بەرهەمی ناوخۆ لە بەرامبەر بەرهەمی هاوردە
ئەو بڕیارە جگە لە خواردن و پێداویستی رۆژانە، نرخی كەلوپەلی بیناسازی، جوانكاریی، زێڕ و تەواوی ئەو كاڵایانەش بەرزكردەوە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن.
نەسرین نەعمان، دوكانی فرۆشتنی بابەتی جوانكاریی هەیە، وتی "كێشەیەكی تر كە روبەڕی ئێمە و خەڵكیش بۆتەوە و هێشتا هەستی پێنەكراوە ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەرز و مامەڵانەدا دەكرێت كە پێشتر بە دۆلار كراوە"، ئەو وتی "بۆ نمونە من بە بەهای 800 دۆلار كەلوپەلم كڕیوە، ئەوكات نرخی دۆلار 122 هەزار دینار بوو، كە دەیكردە 976 هەزار، بەڵام ئێستا دەبێت ملیۆنێك و نزیكەی 200 هەزار دینار بدەم".
ڤیدیۆ: دکتۆر سەلاح عوبەیدى، شارەزا لە بوارى ئابورى
دکتۆر سەلاح عوبەیدى، شارەزا لە بوارى ئابورى، پێیوایە یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراك، دزەكردنی رەشنوێكی پڕۆژەی بودجەى ساڵی 2021ی عیراق بوو، "ئەمە بووەهۆی ئەوەی بازرگانەكان ئەوانەی پارەیان لەنێو بازاڕ هەیە دەرفەتەكە بقۆزنەوە بۆ كۆكردنەوەی پارەكانیان لەڕێی فرۆشتنی كەلوپەلی كۆگاكانیان بە گرانتر لە جاران".
بەپێی رەشنوسەكە كە پێش راگەیەنراوەكەی بانكی ناوەندی لە میدیاكاندا بڵاوبۆوە، بەهای 100 دۆلار دەبێتە 145 هەزار دینار.
"بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار لە بەرامبەر دراوى عیراقیدا کارێکى هەڵەیە، تەنانەت بۆتە کێشە بۆ بازرگانەکان کە مامەڵە بە دراوى دۆلار دەکەن، ئەوانیش رێکكەوتنیان هەیە لەگەڵ کەسانى دیکە و هاوبەشن، دەبو پێشوتر حكومەت و بانكی ناوەندی ئەو بابەتەیان لەگەڵ وەزارەتى پلاندانان و دەزگا ئابورییەکاندا تاوتوێ بكردایە"، سەلاح عوبەیدی وایوت.
ئەو پێیوایە كێشەی "گەورەتر" روبەڕوی ئەم هەنگاوەی حكومەت دەبێتەوە لە داهاتودا، بەتایبەت لەلایەن هاوڵاتییانەوە، "چونكە موچەی خەڵك وەكو خۆیەتی، بەڵام بازاڕ گران بووە و دەبێتەهۆی ئەوەی موچە بەشی پێداویستی نەكات".