هەرێمی كوردستان

سلێمانی/ 11ی كانونی یەكەمی 2020/ دوكەڵی گازی فرمێسكڕیژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنرێت فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

مەعاز فەرحان - سلێمانی

كارزان تاریق دەیویست لە خۆپیشاندانەكاندا چاوی خەڵك بێت، بەڵام ئەوەندە نابات چەند كارمەندێكی ئەمنی پەلاماری دەدەن، مۆبایلەكەی لێدەسنن و دەستگیری دەکەن؛ سەرکوتکردنەکە هەر بەوەوە ناوەستێت، بە شەق لێیدەدەن، دەیخەنە زیندانەوە و  توند توند هەردوو چاوی دەبەستن.

ئەو رۆژنامەنوسە رۆژی دوایی لە زیندانی ناو بارەگایەكی پێشمەرگە لە دەوروبەری سلێمانی خۆی بینییەوە، لەژێر "فشاردا" بەڵێننامەیان پێپڕکردۆتەوە و وەک تاوانبار وێنەیان گرتووە.

مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان بەگشتی ئەو وێنەیەی لای كارزان تاریق دروستكردووە، ئەو بەڕاستی تاوانبارێكی گەورەیە و كەوتۆتە بەردەستیان.

پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، كارزان تاریق، 11ی كانونی یەكەم، خۆی ئامادەكرد بۆ روماڵی خۆپیشاندانێكی وادە دیاریكراو لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی، پاش چەند خولەكێك هەموو ئەوەی بەرنامەی بۆ دانابوو تێكچوو.

خۆپیشاندانەكە دوای زنجیرەیەك ناڕەزایی هاوڵاتیان هات دژی پێنەدانی موچە و كەمی خومەتگوزاریی لە  پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. دواتر سەریكێشا بۆ توندوتیژیی، بەگشتی لە تەواوی خۆپیشاندانەكاندا 10 كەس كوژران و 60ی تر برینداربون.

karzan tariq
كارزان تاریق، پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە سلێمانی

هاوكات دەیان خۆپیشاندەری تر خزێنرانە ناو زیندانەكانەوە و پریشكی ئەو ئاگرەش گەیشتە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن.

كارزان تاریق، چوار رۆژ بەر لە دەستگیركردنی، پەخشی دەزگاكەی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە راگیرا، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاساوی "ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی بە ئاڕاستەی بەرتەسەككردنەوەی ئازادی رادەربڕین فروانتر كردووە، لە زیندانەكاندا مامەڵەی "تێكدەر" لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەكات و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكات، پەخشی كەناڵی ئاسمانی راگرتووە، یان ئاگاداركردنەوەیان بۆ رۆیشتووە، لەكاتێكدا هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی بۆ ئەو هەنگاوانە نییە.

دەستگیركردنی رۆژنامەنوس كارزان تاریق و راگرتنی پەخشی كەناڵەكەی، نمونەیەك بون لەنێو دەیان نمونەی تری پێشێلكاری حكومەت دژ بە راگەیاندكار و دەزگاكانیان لە ماوەی روماڵی خۆپیشاندانەكانی كۆتایی ئەمساڵ، كە لانیكەم 10 رۆژ بەردەوامبوون.

كارزان هەرچەندە لەو رۆژەدا پەخشی كەناڵەكەی راگیرابوو، بەڵام بەگشتی لەڕێی پەیجی رەسمی فەیسبوکی دەزگاكەیەوە ناڕەزاییەكانی دەگواستەوە.

"باج و مایكم پێ بوو، مۆبایلەكەم دەرهێنا و ویستم راستەوخۆ خۆپیشاندانەكە بگوازمەوە، چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان پەلاماریاندام، مۆبایلەكەیان لێسەندم و بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەیان بردم"، كارزان زیاتر وتی "لەوكاتەدا هاوڕێیەكی راگەیاندكارم هات، پێیوتن: ئەمە پەیامنێرە بۆ كوێی دەبەن؟ بەڵام بە شەق و زلـلە كەوتنە وێزەی... شەقێكیشیان لەمندا".

لەوكاتەدا هاوڕێیەكی راگەیاندكارم هات، پێیوتن: ئەمە پەیامنێرە بۆ كوێی دەبەن؟ بەڵام بە شەق و زلـلە كەوتنە وێزەی... شەقێكیشیان لەمندا

كارزان بۆ زیندانی كانی گۆمە - باشوری خۆرئاوای سلێمانی – گوازرایەوە، بەدوری 10كم لە ناوەندی شار، رۆژی دواتر بە چاو بەستراوەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووە و بۆ زیندانی بارەگای هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە خۆرئاوای سلێمانی گواستراوەتەوە.

"ئامۆژگارییان دەکردم... مامەڵەیان خراپ بوو، جاری واهەبوو بۆ تەوالێت كاتیان دیاریدەكرد، هەندێك كات چاویان دەبەستین، یان دەیانوت سەر بەرزمەكەنەوە و تەنیا سەیری پێش خۆتان بكەن".

كارزان وتی "هێزەكانی یەكێتی بەڵێننامەیان بۆ هێناین و وتیان واژۆی بكەن، لەسەر ئەوەی نابێت بەشداری خۆپیشاندانی توندوتیژ بكەین... من وتم رۆژنامەنوسین خۆپیشاندەرنین، ئەوان وتیان ئەمە ئەمرە".

لە ماوەی 10 رۆژی سەرەتای مانگی كانونی یەكەمدا، لانیكەم 20 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە، ئەوەش بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنوسانی کوردستان. بەڵام بەپێی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنوسان، 30 حاڵەتی پێشێلكاری هەبووە.

لە قەزای رانیە، لەكاتی روماڵی نارەزایەتییەكاندا، لە 11ی كانونی یەكەم، پێشمەرگەیەكی یەكەی 70ی یەكێتی، بەچەك و جلوبەرگی سەربازییەوە هێرشیكردە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەڕای سوكایەتیپێكردن، مایكی كەناڵەكەیان شكاند و لۆگۆی سەر مایكەكەی سوتاند، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر كامێرای كەناڵەكە، بەپێی هەواڵێكی ئەو كەناڵە.

rudaww-1
مایكی رووداو دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە سوتێنرا

بەختیار قادر، پەیامنێری ئەو كەناڵە وتی "لەگەڵ ئەو كارانەدا پێشمەرگەكە هەوڵیدا چەند كەسێك هانبدات هێرشبکەنە سەرمان، بەڵام ژمارەیەک هاونیشتمانی بەرگریان لێکردین و ئەویان لە ئێمە دورخستەوە".

 رادیۆی دەنگ، لە كەلار لە 11ی كانونی یەكەم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە كە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر، پەیامنێرێكیان محەمەد مەحمود، لەلایەن ئاسایشەوە راگیراوە و لە زیندانی تاكەكەسی هێڵدراوەتەوە، "ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەی سەرکۆنەئامێزی زۆری لەگەڵدا كراوە، هەروەها ھەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەو روماڵەی لە رادیۆی دەنگەوە کراوە بۆ خۆپیشاندانەكان، تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەی لێکراوە کە شتەکەی لێ دەکەنە عەشایەری!"، بەپێی راگەیەنراوەكە.

رادیۆی دەنگ داوا دەكات "ئەگەر بەرپرسانی ئاسایش تێبینیی و سکاڵایەکیشیان ھەیە لەوبارەوە، دەتوانن رێکاری ئسوڵیی و یاسایی بگرنەبەر، نەک پەنا بۆ رێگەی ناشرین و سواو و ترسنۆکانەی ھەڕەشە و گوڕەشە ببەن". لەگەڵ پێدانەوەی مۆبایلی پەیامنێرەكە.

هەر لەو قەزایە، تیمی ڕۆژنامەوانیی كەناڵی ئاسمانی پەیام لە كەلار، هاوار محەمەد، پەیامنێر و ئاكۆ جومعە، وێنەگر لەكاتی رۆماڵی خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە هێرشكرایە سەریان.

لە هەواڵێكیدا كەناڵی پەیام بڵاویكردەوە "كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان بردوە و میمۆری كامێراكەیان دەرهێناوە بۆ ئەوەی فۆڕماتی بكەن... داوایان لە تیمی پەیام كردووە كە چاوەڕوان بن تا میمۆرییەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام لەوكاتەدا هێزێكی پۆلیس هەردوو رۆژنامەنوسەكەیان دەستگیركردووە و بردویانن بۆ ئاسایشی گشتی".

"لەوێ دوای كاتژمێرێك ئازادكراون، بەڵام كەلوپەلەكانیان پێنەدراوەتەوە"، پەیام وادەڵێت. لە سلێمانیش گۆران محەمەد، پێشكەشكاری هەمان كەناڵ دەستگیركرا و دوای یەك رۆژ ئازادكرا.

ڤیدیۆ: هێرشكردنە سەر تیمی كەناڵی ئاسمانی پەیام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی گەرمیانەوە

تیمی سلێمانی كەناڵی ئەلعیراقیەش ئەمین ئەحمەد و سیروان بارزان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەركران، هەمان رۆژ ئازادكران. هەر بەپێی ئەو سەنتەرە لە ناحییەی بازیان بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای بازیان پرێس (هەرێم مەجید)، لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە دەستگیركرا، پاش یەك كاتژمێر ئازادكرا.

ئێوارەی 12ی مانگ، لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكان هێوربونەوە، پۆلیسی سلێمانی سێ میدیاكاری كەناڵی كوردستان 24 (دالیا كەمال، هەردی حەسەن و بەرهەم جەمال )ی دەستبەسەركرد، بەهۆی ئامادەكردنی راپۆرتێك دەربارەی "گوڵەبەڕۆژە".

كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك كێرڤی پشێوی بەرزدەبێتەوە راستەوخۆ پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان بەرزدەبێتەوە، كە دۆخەكەش ئارام دەبێت دونیا دەبێت بە شامی شەریف".

یەكێك لە پێشیلكارییەكانی حكومەت، راگرتنی پەخشی كەناڵی ئێن ئاڕتی و ئاگاداركردنەوەی سێ كەناڵی تر بوو (پەیام، رووداو و سپێدە)، لەگرتنبەری هەمان هەنگاو، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم.

ئەو وەزارەتە، لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردۆتەوە "لەبەر پابەندنەبونی کەناڵی ئێن ئاڕتی بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانەی لەمکاتەدا، کە دورە لەیاسا و لۆژیک و ناوبردنی ھێزە ئەمنییەکان بە میلیشیا... دوای چەندیجار ئاگادارکردنەوە لە بێباکیان لەچەند بارەبونەوەی سەرپێچییەکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ ماوەی یەک ھەفتە".

دوای چەندیجار ئاگادارکردنەوە لە بێباکیان لەچەند بارەبونەوەی سەرپێچییەکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی ئێن ئاڕتی

دواتر حكومەت راگرتنی پەخشەكەی بۆ حەوت رۆژی تر درێژكردەوە، تا یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم و دوای 14 رۆژ رێگەیدا پەخش بكەن.

ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەزگای راگەیاندن دەبێت یاری بە عاتیفە و هەستی خەڵك نەكەن، بەشێكیان ئەوە دەكەن، ئەگەر هاندانی دەزگاكانی راگەیاندن نەبوایە دڵنیام بارودۆخەكە بەو شێوەیە گرژی تێنەدەكەوت".

وەزارەت ئەو هەنگاوەی بە پشتبەستن بە ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەم لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لەھەرێمی کوردستان (مۆڵەتی كاری تەلەفزیۆن و رادیۆ) ناوە، لەو بڕگەیەدا هاتووە "پێویستە میدیا بینراو و بیستراوەکان زیان نەگەیاندن بە نەریت و بەرژەوەندى گشتى لەچوارچێوەى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستاندا، لەگەڵ دوركەوتنەوە لە لەتێکدانى ئاشتەوانى کۆمەڵایەتى و خێزان".

لە ئاگاداركردنەوەی سێ كەناڵەكەی تردا، داوایان لێدەكات "خۆیان بە دوربگرن لە پەخشكردنی دیمەنی توندوتیژیی و سوتاندنی بارەگای حزبی و فەرمانگە حكومییەكان و هاندانی راستوخۆ یان ناراستوخۆی بینەران بۆ توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی و تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی"، بە پێچەوانەوە هاتووە "ناچارین رێكاری یاسایی توند بەرامبەر كەناڵە سەرپێچیكارییەكانتان بگرینەبەر".

nrt1
سلێمانی/ 7ی كانونی یەكەمی 2020/ هێزێكی ئەمنی لەبەردەم كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، دوای راگرتنی پەخشەكەیان فۆتۆ: NRT

ئەمین هەورامی، وتی كە ئەو هەنگاوە پشتبەستن بووە بە رێنماییەكانی وەزارەتەكەی. "لە ماوەی خۆپیشاندانەكاندا سەرنجمانداوە ئەو دەزگایانە بە پێچەوانەی ئەو رێنماییانەوە كاریان كردووە... ئەوەی كردومانە تەنیا ئیجرائاتێكی ئیداری بووە".

ئەو رێنماییانە هیچ پاڵپشتییەكی یاساییان نییە، بەڵام ئەمین هەورامی، دەڵێت "ئەو دەزگایانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئیمزای ئەم رێكارانەیان كردووە، ئێستا هەندێك میدیا ئەو رێنماییانەیان شكاندووە".

ئەو پێشێلكارییانە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەگەری ساڵی 2007، رۆژنامەنوسان بەبێ‌ ئاگاداری سەندیکاكەیان نابێت دەستگیربکرێن، هەروەها هیچ بڕگەیەی تیا نییە تایبەت بێت بە راگرتنی پەخشی كەناڵەكان.

"رژدین لەسەر ئەوەی رێگەنەدەین دەزگای راگەیاندن ببێتە مینبەری تێكدانی ئەم وڵاتە"، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری وایوت.

رژدین لەسەر ئەوەی رێگەنەدەین دەزگای راگەیاندن ببێتە مینبەری تێكدانی ئەم وڵاتە

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، لە دوو راگەیەنراودا لەكاتی خۆپیشاندانەكان، رەخنەی لە مامەڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر میدیاكاران گرت و هاتووە "لایەنە حكومیی و ئەمنییەكان لە پارێزگای سلێمانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان راگرت، لە نێویاندا فەیسبوك، ڤایبەر، ئینستگرام و سناپ چات، جگە لە داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕتی".

سەلمە فاتیح، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنی  لە پەرلەمانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەبێت مامەڵەی هێزە ئەمنیەكان لەسەر بنەمای یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی و یاسای كاری رۆژنامەگەری بێت، لە یاساكاندا دەسەڵات نەدراوە بە هێزە ئەمنییەكان بەبێ فەرمانی دادگا رۆژنامەنوس دەستگیر بكەن".

بڕیارە لە "نزیكترین" كاتدا، پەرلەمان بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری بكرێت، بەپێی وتەی سەلمە فاتیح كە جەختیكردەوە "لێیدەپرسین بە چ یاسایەك كەناڵیان داخستووە و داوای رونكردنەوەیان لێدەكەین".

kfri-2
كفری، كانونی یه‌كه‌می 2020، خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر شه‌قامێكی سه‌ره‌كی قه‌زاكه‌ تایه‌ ده‌سوتێنن

بەڵام دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وتی كە راگرتنی پەخشی ئێن ئاڕتی "ئەوەندەی بڕیارێكی سیاسییە ئەوەندە بڕیارێكی یاسایی نییە...". وتیشی "ئاگاداركردنەوەكانیش جۆرێكە لە فشار بۆ سەر میدیاكان، ئەوان بە تەنیا روماڵیان كردووە و نەبونەتە هۆی سوتاندنی بارەگا حزبی و حكومییەكان".

پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنوسان بەگشتی لە دۆخێكی باشدا نییە و لە زۆرینەی خۆپیشاندانەكاندا ئەو پێشێلكارییانە دوبارەدەبنەوە. بەڵام خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە كە راگرتنی پەخش و لێدان و پڕكردنەوەی بەڵێننامەی تێكەوت، وەك هەنگاوێكی نوێ دەبینرێت بۆ زیاتر بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان.

كاروان ئەنوەر، وتی "تەنیا لە سلێمانی تائێستا چوار خولی هاوبەشی رۆژنامەنوسان و هێزە ئەمنییەكانمان كردۆتەوە، بەڵام كە پشێوی دروستدەبێت كەس كەس ناناسێت".

دوای دوو رۆژ مانەوەی كارزان تاریق لە زیندانی هێزەكانی 70ی یەكێتیی و "ناچاركردن"ی بەوەی بەڵێننامە پڕبكاتەوە، بە چاوبەستراوی دەیبەنە لای پردی سەرچنار لە دەروازەی سلێمانی، لەوێ چاوی دەكەنەوە و بەرەو بارەگای هێزەكانی بەرگریی و فریاكەوتنی دەبەن.

"لەوێوە برام بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و پێیانوتم بە هەوڵی لیوا چەتۆ - بریكاری وەزارەتی ناوخۆ – ئازادكراوی.

لەو هەفتەیەدا كە دووەمجاربوو كارزان تاریق دەستگیربكرێت، دوای ئازادكردنی، وتی "دەمانەوێت حكومەت بەپێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەمان لەگەڵدا بكات"، هەروەها ئامادەنەبوو سكاڵا لەسەر ئەو پێشێلكارییە تۆماربكات، چونكە وتی "لێرە ناتوانرێت لەڕێی دادگاوە مافی رۆژنامەنوس بەدەستبهێنرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT