ژمارەیەك گوندنشین لە ناوچەی خەفتەغار خۆپیشاندانیان كرد دژی كێڵانی زەوییەكانیان لەلایەن "عەرەبی هاوردەوە"، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر جوتیارانی كورد و عەرەب لەژێر چاودێری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك رێككەوتبون بۆ ئەمساڵ زەوییەكان سڕبكرێن و نەكێڵدرێن.
ئەو كێشەیە هەرچەندە تازە نییە، بەڵام دوبارەبونەوەی ترسی پێكدادانی لە ناوچەكە دروستكردووە، كە بەڕای پەرلەمانتارێكی كەركوك تەنیا پێویسته چارهسهری بنهڕهتی بۆ كێشهكه بدۆزرێتەوە، نەك كاتی.
ئەو خۆپیشاندانە، سێشەممە 23ی كانونی یەكەم لە گوندی فەریق لە باشوری داقوق بەڕێوەچوو، دوای ئەوە هات كە چەند دۆنمێكی زەوی كشتوكاڵی ناوچەكە لەلایەن "عەرەبی هاوردە"وە كێڵدران و بۆ كشتوكاڵ بەكارهێنران كە جوتیارانی كورد بە موڵكی خۆیانی دەزانن.
عەبدولقادر محەمەد، جوتیارێكی كوردی گوندی فەریق، بە (كەركوك ناو)ی وت "خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵیم و ئەم زەوییانەمان لەباو و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە رێگریمان لێدەکەن لەوەی بچینە سەر زەوییەکانمان، بەڵام ئێستا دەبینین عەرەبی هاوردە لەسەر زەوییەکانی ئێمەن و کاری کشتوکاڵی تێدا دەکەن".
ئەوەش لەكاتێكدایە، حەوت هەزار و 400 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە ناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق بۆ ئەمساڵ خەوێنرابون، بەپێی رێككەوتنێك لەژێر چاودێری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك.
كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنوری داقوق و چەند ناوچەیەكی تری پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، مێژووەكەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس دەگەڕێتەوە، كاتێك بەشێك لە زەوییەكانی كورد و توركمان بەسەر عەرەبی ناوەڕاست و خواری عیراقدا دابەشكران و تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.
ئەو هەوڵانەی حزبی بەعس لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا بووە، بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كە بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە هێزی یاساییان هەبوو.
دیلان غەفور، پەرلەمانتارى كەركوك لە پەرلەمانى عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەی ئەم زەوییانە كە رۆژانە دوبارە دەبنەوە لایەنی سیاسیی و یاساییان هەیە، سیاسییەكە ئەوەیە لەدوای ریفراندۆم و دواتر 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە، كورد دەسەڵاتی ئەمنیی و ئیداریی لە كەركوك لاواز بوو، ئیدارەی ئێستای كەركوكیش نوسراوی دەكرد بۆ گەڕانەوەى ئەو عەرەبە هاوردانەی لە 2003وە لە ناوچەكە نەماون".
"بەڵام لەڕوی یاساییەوە، كێشەكە ئەوەیە هێشتا بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس كاری پێدەكرێت و هەڵنەوەشێنراونەتەوە، تا ئەو زەوییانە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان بگەڕێنرێنەوە"، دیلان وایوت.
لەڕوی یاساییەوە، كێشەكە ئەوەیە هێشتا بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس كاری پێدەكرێت
ئەو زیاتر وتی "بابەتەكە بەڵێ یاساییە، بەڵام پەیوەندی بە سیاسەتیشەوە هەیە، بۆ نمونە لە خولەکانى پێشوو، بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش هاتونەتە پەرلەمان، بەڵام تێنەپەڕێنراون، چونكە هەندێك لایەن بەرژەوەندییان هەیە لەوەی هەڵنەوەشێنرێنەوە".
دیلان داندەنێت بەوەی، هەموو ئەو هەوڵانەی پەرلەمانتاران دەیدەن لەبارەی چارەسەری كێشەی ئەو زەوییانە، تەنیا چارەسەرێكی كاتی چەند رۆژەیە و دواتر دوبارەدەبێتەوە.
ئەو وتی "چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە، پەرلەمانى عیراق بە یاسا كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان چارەسەر بكات".
لە ئێستادا لیژنەیەکى پەرلەمانى پێكهێنراوە بۆ كێشەی ئەو زەوییانە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتودا سەردانی پارێزگای كەركوك بكەن، دواتر راپۆرتێك بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق بەرزبكەنەوە.