هەزاران ژن بۆ خوێندن دەگەڕێنەوە
"ئێستا دەتوانم بخوێنمەوە و بنوسم، مامەڵەی فەرمانگەكانیش رایی بكەم"

كەركوك/ كانونی یەكەمی 2020/ خانمێك لەنێو یەكێك لە بنكەیەكی نەهێشتنی نەخوێندەواری گوێ لە وانەی مامۆستاكەی دەگرێت. فۆتۆ: تارا عەزیز

تارا عەزیز – كەركوك

دایکەکان هەروابون، منداڵەکانیان لە باوەشدەگرن و پیتەکان دەنوسن؛ دەیانەوێت فێرببن؛ بخوێننەوە و بنوسن. ئەرکیان ئاسان نییە؛ كاری ماڵەوە رادەپەڕێنن؛ منداڵ بەخێودەكەن و لەڕێی بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواریشەوە چاویان لە داهاتویەكی روناكە.

"وەک منداڵێکی بچوک تامەزرۆم بۆ خوێندن هەیە"، سوعاد عەلی (55ساڵ) وایوت. ئەو دایكی 10 منداڵە، لە پۆلی دووەمی سەرەتاییە لە بنكەیەكی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە كەركوك.

سوعاد دەڵێت بەر لە تەمەنی 20 ساڵی هاوسەرگیری كردووە؛ كە منداڵیشی بووە نەیتوانیوە بخوێنێت، بۆیە بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری بە دەرفەت زانیوە تا فێری خوێندن و نوسین بێت.

وەک منداڵێکی بچوک تامەزرۆم بۆ خوێندن هەیە

بنكەی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەڵۆ، كە دوو ساڵە لە گەڕەكی رەحیماوا كراوەتەوە و ناوەندێكی حكومییە، بووە بە شوێنی فێرکردنی دەیان کەسی تر کە بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە نەیانتوانیوە خوێندن تەواوبكەن.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، 229 بنكه‌ی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری هەن، كه‌ 22 هه‌زار و 606 فێرخواز تیایاندا ده‌خوێنن.

mamosta. xwendn
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2020/ دوو فێرخواز لەناو یەكێك لە پۆلەكانی بنكەیەكی نەهیشتنی نەخوێندەواری گوێ بۆ مامۆستاكەیان دەگرن. فۆتۆ: تارا عەزیز

لەئێستادا كە پرۆسەی خوێندن، لە عیراق و وڵاتانی دەوروبەر بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بەشێوەیەكی سست بەڕێوەدەچێت، لە بنكەكانی نەهێشتنی چوار رۆژ وانەی چڕ دەخوێنرێت، كە دوو رۆژ بۆ ژنان و دوو رۆژی تر بۆ پیاوانە.

له‌ بنكه‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری چوار قۆناغ هه‌یه‌؛ یه‌كه‌میان هه‌ردوو پۆلی یه‌كه‌م و دوه‌می سه‌ره‌تاییه‌ و به‌ ساڵێك ده‌یبڕن، دوه‌م هه‌ردوو پۆلی سێ و چوار، سێیه‌م و چواره‌میش ته‌واوكردنی پۆله‌كانی پێنج و شه‌شی سه‌ره‌تاییە.

"دوای خوێندنی دوو قۆناغ لەو بنكەیە، ئێستا دەتوانم بنوسم و بخوێنم... کاروباری خۆم لای پزیشک و فەرمانگەکانیش رایی دەكەم، بەڵام جاران پێویستم بە هاوكاری كەسانی تر بوو"، سوعاد وای وت.

بنكەی هەڵۆ كە سوعاد تیایدا بە زمانی كوردی دەخوێنێت، خوێندكاران لە خاڵی سفرەوە دەستپێدەكەن، فێرخوازەكان زیاتر کابانی ماڵ، فەرمانبەر، پۆلیس و كرێكارن، هەندێكیان دەیانەوێت فێری خوێندن و نوسین ببن، بەشێكیان ئامانجیان بەدەستهێنانی بڕوانامەیە تا بەهۆیەوە راژەکانیان لە فەرمانگە حكومییەكان بەرزبكەنەوە.

بەگشتی خوێندكاران وانەی کوردی، بیرکاریی و کۆمەڵایەتی دەخوێنن.

سەمیر ئەبوزەید، بەڕێوەبەری بنکەیەكی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە كەركوك، وتی "ئەم هەنگاوەمان دوای هەستكردن بوو بە بەرپرسیارێتی و نەبونی شوێنێکی لەم جۆرە کە تایبەت بێت بە خوێندنی کوردی".

xwendnn
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2020/ بەشێك لە ژنان بەناچاری منداڵەكانیان، لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ خوێندن. فۆتۆ: تارا عەزیز

ئێرە جیاوازە لە هەر خوێندنگەیەکی تر، لێرە ئێمە خۆمان دەگەڕێین بەشوێن خوێندكاردا. پێش ماوەیەک نوسراومان کرد بۆ شەش مزگەوتی نزیک خۆمان کە بانگەوازی خەڵک بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن، ساڵی پاریش ماڵ بە ماڵ لە دەرگامان داوە تا ناو بنوسن"، سەمیر ئەبوزەید وای وت.

ئەوەی بنكەكەی لە بنكەكانی تری نەهێشتنی نەخوێندەواری جیاكردۆتەوە، ئەوەیە ژنان "خواستێكی زۆریان بۆ فێربون و بە پەرۆشن بۆ فێربون"، وەك سەمیر وتی.

ئەو زیاتر وتی "ژنان زۆر بە پەرۆشەوە لێرەن، کە دەڵێین سێ و نیو لێرە بن، سێ و 20 بۆ 25 خولەك ئامادەن... جاری وایە خۆشیان توڕە دەکەن لەوەی ئێمە دوادەكەوین".

ژنان زۆر بە پەرۆشەوە لێرەن، کە دەڵێین سێ و نیو لێرە بن، سێ و 20 بۆ 25 خولەك ئامادەن

ئەوانەی لەوێ دەخوێنن زۆرینەیان لەبەر هەژاری دەرفەتی خوێندنیان نەبووە، دواتر زوو بەشودراون و ئێستا ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخساوە.

مامۆستاكان بەشێكیان بەشێوەی وانەبێژ وانە دەڵێنەوە. لەپاڵ ئەوانەی لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە دامەزراون.

"سەرەتا فێرخوازەكان نامۆن بە ژینگەی قوتابخانە و کاتی دەوێت تا رادێن لە دانیشتن لەناو هۆڵەکانی خوێندن و دەستکردنەوە بە فێربون"، سەمیر ئەبوزەید زیاتر وتی "هەموو رێوشوێنەکانمان بۆ خوێندكاران ئاسانكردووە؛ بەتایبەت بۆ ژنان، چونکە هەریەکەیان خاوەن منداڵ و خێزانن و بەرپرسیارێتیان لەسەرە، هەر بۆیە کاتی وانەکانیان سێ و نیو بۆ پێنج دانراوە... هەموو کات وتومە ئەمانە تایبەتن و دەبێت مامەڵەش تایبەت بێت، بارودۆخی سەختی ژیانیان بینیوە و چانسی خوێندنیان نەبووە".

بەشێك لە ژنان روبەڕوی توانج دەبنەوە، كاتێك لە بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەخوێنن.

بۆ نمونە سوعاد عەلی (55ساڵ)، کە لە ساڵی رابردوەوە دەخوێنێت، وتی "زۆرکەس پێیان وتوم تۆ تەمەنت گەورەیە و واز لەم خوێندنە بهێنە، بەڵام من دەڵێم تا ئەوکاتەی تەمەنم مابێت دەخوێنم".

ساڵی رابردوو تەنیا ئەو بنكەیەی سوعاد، ١٢٠ قوتابی هەبووە، تیایاندا ٣٤یان لە رەگەزی مێ بون.

گەردون محەمەد (24ساڵ)، لەو خوێندنگەیە وانەبێژە بە (كەركوك ناو)ی وت "من لەڕوی زانستیی و فێركارییەوە لەگەڵیانم، بەڵام ئەوانیش لەڕوی مەعنەوییەوە هاوكاریم دەكەن و رەمزی كۆڵنەدانم پێ نیشان دەدەن".

ئەو روی دەمی دەكاتە ئەو ژنانەی تر كە لە رابردودا چاسی خوێندنیان نەبووە، دەڵێت "ئەمە دەرفەتێکە و لەدەستی مەدەن... ئەگەر یەك كەسیش بێت ئێمە وانەی خۆمان دەڵێینەوە، بەڵام ئەگەر زۆرترین كەس بەشداربن خۆشحاڵ دەبین".

بەگشتی كەمنین ئەو ژنانەی لە كەركوك و تەواوی عیراق لە بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەخوێنن، سوعاد  عەلی بەكردەوە سەلماندی، كە ژنانهەركات دەرفەتێكیان بۆ بڕەخسێت دەتوانن بخوێنن، ئەركی ماڵەوە راپەڕێنن و منداڵەكانیشیان پەروەردە بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT