ئەوەی بە دەستور ناكرێت، بە لیژنەی دەسپێرن

كەركوك/ حوزەیرانی 2019/ جوتیارێكی كورد هەوڵدەدات ئەو ئاگرە بكوژێنێتەوە كە لە دانەوێڵەكەی بەر بووە، لە ناوچەی داودە لە داقوق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گۆران بابان

لە بەردەم ژوری كۆبونەوەیەكی داخراودا، دەیان جوتیاری كورد و عەرەب چاوەڕێی چونە ژورەوە دەكەن، هەریەكە و كۆمەڵێك بەڵگەنامەی بەدەستەوەیە و دەیانەوێت كێشەیەكیان بۆ چارەسەر بكرێت كە رەگی لە مێژوی 40 ساڵی رابردوی عیراقدایە و وابەستەیە بە ژیان و گوزەرانی دەیان هەزار خێزانەوە.

كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك كە بەهاتنە سەر حوكمی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردودا دەستیپێكردووە، یەكلاییكردنەوەی دراوەتە دەست لیژنەیەكی پەرلەمانی، لەكاتێكدا هێشتا یاسا و دەستوریش نەیتوانی چارەسەری كۆتایی بۆ بكات.

جوتیارە عەرەب و کوردەکان، دەیانویست بزانن بۆچونی لیژنەكە و بڕیارەكانیان چی دەبێت لەبارەی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی چەند دەیەیەكە بۆتە جێی ناكۆكی توندی نێوانیان و هەندێك كات ناكۆكییەكە سەری بۆ گرژیی و ئاڵۆزیی و مەترسی پێكدادانی چەكداریی كێشاوە.

28ی كانونی یەكەم، وەفدێكی راسپێردراوی پەرلەمانی عیراق، گەیشتە كەركوك بۆ بەدواداچون لەسەر سكاڵای جوتیاران لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە.

وەفدەكە كە محەمەد رەزا، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق سەرۆكایەتی دەكرد، بە ئەندامێتی شەش پەرلەمانتاری كورد، عەرەب و توركمان، پێنج كاتژمیڕ لەگەڵ پارێزگار و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و جوتیارانی پێكهاتە جیاوازەكان كۆبونەوە، ئەوەش دوای بەردەوامی ناڕەزایی جوتیارانی گوندەكانی سنوری قەزای داقوق، دوبز و ناحیەی لەیلان هات لە بەردەوامی كێشەی زەوییەكانیان.

hozakan
كەركوك/ 28ی كانونی یەكەمی 2020/ ژمارەیەك هۆزی عەرەب لەكاتی بەشداریكردن لە كۆبونەوەیەكدا بۆ پرسی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان. فۆتۆ: گۆران بابان

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامێكی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق لە پێكهاتەی كورد، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە پێمانوایە زیادەڕۆیی کراوەتە سەر زەویوزاری جوتیارانی کورد لەو ناوچانە، گفتوگۆی زۆر كرا، بڕیارەكەمان ئەوە بوو لەڕێی دادگاکان و لیژنەی کشتوکاڵییەوە هەموو بەڵگەنامەکان کۆبكەینەوە و بیكەنە راپۆرتێك".

ئامانجی ئەو لیژنەیە چارەسەركردنی كۆتایی ئەو گرفتانەیە كە روبەڕوی جوتیاران بۆتەوە لە ناوچەكە، كێشەكە بەگشتی پەیوەندی بەوەوە هەیە كێ خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەكات.

"یەكەم بڕیاری كۆبونەوەكە ئەوە بوو، لە ئەمڕۆوە (28ی كانونی یەكەم) هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی كراون رادەگیرێن و هیچ گوندێكیش چۆڵناكرێت"، هەرێم كەمال ئاغا وایوت.

یەكەم بڕیاری كۆبونەوەكە ئەوە بوو، لە ئەمڕۆوە (28ی كانونی یەكەم) هەموو ئەو زیادەڕۆییان كراون رادەگیرێن

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق، وتی "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشت بەیاسا و دەستور دەبەستین و ئەمڕۆش گوێمان بۆ داواکارییەکانی جوتیارانی هەرسێ پێکهاتەکە گرت".

زیاتر وتی "داوامان کردووە هەر کەسێک بتوانێت بەڵگەی یاسایی هەبێت و خاوەندارێتی زەوییەكان بسەلمێنێت، ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگە و خزمەت بە پرسەکە دەکات... دور لە شەڕ و ئاژاوە و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەكەین".

lizhna
كەركوك/ 28ی كانونی یەكەمی 2020/ كۆبونەوەی لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ پرسی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان. فۆتۆ: گۆران بابان

دواین كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە گوندێكی سەر بە قەزای داقوق بوو، كاتێك بەشێك لە جوتیارانی "عەرەبی هاوردە" چونە سەر گوندی فەریق لە باشوری كەركوك و چەند دۆنمێك زەویی كشتوكاڵییان كێڵا. ئەوەش خۆپیشاندانی جوتیارانی كوردی بەدواداهات.

بەڵام ئەوە لەكاتێكدایە جوتیارانی عەرەب دەڵێن "بەڵگەنامەی بڕاوپێكراو"یان هەیە كە ئەوان خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەكەن، نەك كورد، بۆیە گەڕاونەتەوە ناوچەكە. لەنێو بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بە گرێبەستی كشتوكاڵی دەكەن.

ناسر هەركی لە پێكهاتەی كورد لەو لیژنەیە ئەندامە، وتی "هەوڵی ئەم لیژنەیەی ئێمە بۆ ئەوەیە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنینەوە".

لەبارەی بونی بەڵگەنامەكانەوە، ناسر هەركی وتی "بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان ساختەن، داوامان کردووە لیژنەیەكی لاوەكی دروست بكرێت بۆ ئەوەی بەداواداچون بۆ بەڵگەنامەکان بکات، ناکرێت دادگا بڕیار لەسەر بنەمای زانیاری ساختە بدات".

بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان ساختەن، ناکرێت دادگا بڕیار لەسەر بنەمای زانیاری ساختە بدات

محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەکە، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكە وتی كە ئەوان كۆبونەوەیەكی "باشیان" لەگەڵ  سەرۆک هۆزەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان كردووە، "لەنزیكەوە لە كێشەكەمان كۆڵییەوە، بە ئومێدین بتوانین لە كۆبونەوەكانی داهاتودا ئەنجامی باشترمان دەستبكەوێت".

بڕیارە لیژنەكە راپۆرتێكی "تێروتەسەل" لەوبارەیەوە ئامادە بكات و ئاراستەی پەرلەمان و حكومەتی عیراقی بكات بۆ بڕیاردان و چارەسەركردنی كێشەكە، ئەوەش بەپێی وتەی رێبوار تەها، ئەندامێكی تری لیژنەكە.

"کاری لیژنەکە ئاسان نییە، چونکە مامەڵە لەگەڵ گرفتێکی مێژویدا دەکەین" ، رێبوار وایوت.

ئەو كێشەیە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017ەوە زیاتر زەقبۆتەوە و پەرەیسەندووە، دوای ئەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكە گەڕانەوە و پێشمەرگە و ئاسایشی حكومەتی هەرێمیش لە ناوچەكە پاشەكشێیان كرد.

هەریەكە لە جوتیارانی كورد، عەرەب و تەنانەت توركمانیش دەیانویست بە بەڵگە قەناعەت بە لیژنەكە بهێنن كە ئەوان خاوەندارێتی زەوییەكانن، بەڵام لیژنەكە بڕیاریدا بەدواداچون بۆ راستیی و دروستی بەڵگەنامەكانیان بكات.

ئەحمەد حەیدەر، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەكە لە نەتەوەی توركمان، وتی "ئەمە گرفتێكی مێژووییە و پاشماوەی حزبی بەعسە بۆ ئێمە ماوتەوە، ئەمە بۆتەهۆی كێشە و ئاڵۆزی لە نێوان نەتەوەكان و حكومەت دەبێت لەسەر بنەمای كاری ئەم لیژنەیە بڕیاری دروست بدات".

ئەوەش لەكاتێكدایە خاوەندارێتی بەشێك لەو زەوییانە بەستراوەتە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، كە دەبوو ماددەكە لە كۆتای ساڵی 2007 بە تەواوی جێبەجێبكرێت.

ئەحمەد حەیدەر وتی "ئەوەی ئەرکی ئێمەیە، لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکان بکەین و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە، ئەوەشی زیانی بەرکەوتبێت قەرەبوو دەکرێتەوە".

ئەوەی ئەرکی ئێمەیە، لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکان بکەین و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە

ئەو جوتیارە كوردانەی لەبەردەم هۆڵی كۆبونەوە داخراوەكە بون، تاپۆی زەوییەكان و جوتیارە عەرەبەكانیش گرێبەستی كشتوكاڵییان بەدەستەوە بوو.

محەمەد ئەحمەد، یەكێك لە جوتیارە كوردەكان، دوای ئەوەی بەشداری پێكرا لە كۆبونەوەكەدا قسە بكات، لەكاتی هاتنە دەرەوەیدا وتی "هێندە لیژنەمان بینیوە، باوەڕمان بە لیژنە نەماوە تا بتوانێت چارەسەرمان بۆ بكات، هەر گرفتێك ویستت چارەسەری نەبێت بیدە دەستی لیژنە".

"ئەم كێشەیەی ئێمە بڕیاری سیاسی دەوێت، كێ تاپۆی هەیە، ئەوەش خاوەنی زەوییەكانە، نەك گرێبەستی كشتوكاڵی ساختە و سەردەمی بەعس"، محەمەد زیاتر وتی "ئەگەر ماددەی 140 چارەسەر بكرایە رۆژمان بەمڕۆ نەدەگەیشت".

حەمید خەڵەف، جوتیارێكی عەرەبی ناوچەی پەڵكانە لە ناحیەی سەرگەڕان – باكوری خۆرئاوای شاری كەركوك- بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی هەنگاوەکانی ئەمڕۆی لیژنەکە بێت، لەسەدا 80ی جوتیارانی عەرەب بێ ئومێد دەكرێن".

"ئێمە دژی کورد نین، بەڵکو دەمانەوێت لەڕێی یاساوە ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت، ئێمەش خۆمان بەخاوەن حەق دەزانین، بەڵگەی یەکلاییکەرەوەی دادگام هەیە کە زەوییەکە هی منە، ئیتر لیژنەکە چۆن ئەمە چارەسەر دەکات نازانم"، حەمید وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT