تەقینەوە لە داقوق:
ئەفسەرێك و دوو سەرباز كوژران

داقوق/25ی ئابی 2019/ پاشماوەی زنجیرەیەك روداوی ئەمنی، بەهۆیەوە شەش مەدەنی كوژران فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كەركوك ناو

بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی سوپای عیراقدا لە سنوری داقوق تەقییەوە، بەهۆیەوە ئەفسەرێكی سوپا و دوو سەرباز كوژران.

تەقینەوەكە كاتژمێر 7ی ئەمشەو 1ی كانونی دووەم رویدا، لە نێوان هەردوو گوندی قەهارە و خاشە لە باشوری داقوق (55كم باشوری ناوەندی كەركوك)، بەهۆیەوە جگە لە سێ كوژراو، سەربازێكی تر برینداربووە، ئەوەش بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە داقوق.

بۆمبەكە بە هەمەرێكی سەربازی فەوجی دووی سوپای عیراقدا تەقیوەتەوە، كە لە باشور و باشوری خۆرئاوای داقوق جێگیر بون.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەفسەرێكی سوپاو دوو سەرباز كوژراون، لەگەڵ برینداربونی سەربازێكی تر كە لەئێستادا لە نەخۆشخانەكەمان چارەسەر وەردەگرێت".

ئەفسەرێكی سوپاو دوو سەرباز كوژراون، لەگەڵ برینداربونی سەربازێكی تر

هەرچەندە حكومەتی عیراق لە كۆتایی 2017دا كۆتایی بە دەسەڵاتی داعش هێنا لە تەواوی وڵات، بەڵام هێشتا ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە و ناوبەناو هێرش و تەقینەوەی بۆمب خەڵكی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان دەكەنە ئامانج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT