ژیان خه‌لیل؛ ساڵانێك له تاڵاوی دیلیه‌تی داعشدا ده‌ژی و له گه‌ڕانه‌وه‌شدا مافی خوێندنی پێ ڕه‌وا نابینن.
ئه‌و كچه ئێزیدییه له پۆلی دوی ناوه‌ندی ده‌خوێنێت، كاتێك ده‌كه‌وێته ده‌ست چه‌كدارانی داعش و دوای رزگاربونی له‌و رێكخراوه، به پاساوی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و دابڕانی زۆره‌وه، رێگه‌نادرێت بۆ خوێندنگه بگه‌ڕێته‌وه.
"ئه‌وكاته له خوێندنگه‌یه‌كی عه‌ره‌بی بوم و زۆر زیره‌ك بوم، به‌ڵام داعش هات و هه‌موی خۆشییه‌كی لێكردین به دۆزه‌خ" ژیان خه‌لیل وای وت.
به‌هۆی رفاندنم له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆ پێنج ساڵ له خوێندن دابڕام و وهریاننهگرتمهوه
ژیان كه ئێستا ته‌مه‌نی 20 ساڵه و له كه‌مپی روانگه نیشته‌جێیه، هه‌مان خولیای جارانی بۆ خوێندن هه‌یه، "زۆر هه‌ڵمدا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ خوێندن، به‌ڵام په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا رازی نه‌بون و وهریاننهگرتمهوه"، ئه‌و له ئابی 2014دا رفێنراوه و له 2019دا رزگاری بووه.
"من پێنج ساڵ دابڕام له خوێندن به‌هۆی رفاندنم له‌لایه‌ن داعشه‌وه، دواتر وهریاننهگرتمهوه و له كه‌مپه‌كانیشدا خوێندنی خێرا نه‌بوو تا ده‌ستپێبكه‌مه‌وه".
ژیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌كاتێكدا ئه‌و چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ره‌تاییترین مافی ده‌كات، هاوڕێ و هاوته‌مه‌نه‌كانی له زانكۆ ده‌خوێنن.
به‌پێی رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، هه‌ر خوێندكارێك بۆ دوو ساڵ له خوێندن داببڕێت پێویسته بچێته خوێندنی ئێواران، هه‌ر خوێندكارێكیش بۆ چوار ساڵ داببڕێت مافی خوێندنی له ده‌وامی به‌یانیان و ئێواراندا نامێنێت بۆیه پێویسته بچێته ناوه‌نده‌كانی خوێندنی خێرا.
مه‌روان جدعان، نوێنه‌ری ئاواره‌كانی كه‌مپی روانگه له زاخۆ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌به‌ر گه‌وره‌یی ته‌مه‌نیان نه‌یانتوانیوه یان رێگه‌ی خوێندنیان پێنه‌دراوه ته‌نیا له كه‌مپی ئێمه‌دا ده‌گاته 15 كه‌س و له كه‌مپه‌كانی دیكه‌شدا ده‌گه‌نه نزیكه‌ی 20 كه‌س".
به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی، له كۆی شه‌ش هه‌زار و 417 رفێنراو، زیاتر له سێ هه‌زار و 500 كه‌س رزگاركراون كه نزیكه‌ی دوو هه‌زاریان منداڵ و مێردمنداڵن، واته له ته‌مه‌نی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌ییدان.
"له ئاداری 2018دا رزگاربوم و به‌هۆی گه‌وره‌یی ته‌مه‌نه‌وه له خوێندنگه وهریاننهگرتمهوه، سه‌رباری هه‌وڵی زۆری كه‌سوكار به‌ڵام په‌روه‌رده به خوێندنم قایل نه‌بوو" دڵدار عه‌لی ره‌فۆ، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و گه‌نجانه‌ی به‌هۆی رفاندنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له خوێندن بێبه‌ش بووه.
ئه‌وكاته‌ی دڵدار رفێنراوه ته‌مه‌نی 11 ساڵ و له پێنجی بنه‌ڕه‌تی بووه، ئێستا ته‌مه‌نی 17 ساڵه و بێ خوێندنگه كاته‌كانی به‌ڕێده‌كات.
ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ خوێندن و بگه‌م به كۆلێژی ئه‌ندازیاری
"له خوێندنی عه‌ره‌بی بوم، زۆرم حه‌ز به خوێندنگه هه‌بووه و هه‌یه، بۆیه ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه و خولیامه بگه‌م به كۆلێژی ئه‌ندازیاری".
دڵدار هێشتا دایك، باوك، دوو خوشك و برایه‌كی گه‌وره‌ی بێسه‌روشوێنن.
ئه‌و داواكاره له شنگال و كه‌مپه‌كاندا خوێندنگه‌ی تایبه‌ت به‌و كه‌سانه بكرێته‌وه كه به‌هۆی رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌مه‌نیان هه‌ڵكشاوه یان ماوه‌یه‌كی زۆر دابڕاون.
له قه‌زای شنگال؛ دوو په‌روه‌رده (كوردی و عه‌ره‌بی) هه‌ن، به هه‌ردوكیان زیاتر له 54 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه و به‌شێكی زۆریان هێشتا له كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ئاواره‌ن.
سه‌عد متۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌روه‌رده‌ی گشتی نه‌ینه‌وا به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی داوه، دوای ئه‌وه‌ی نوسراوێكی فه‌رمیمان ئاراسته‌كردن".
په‌روه‌رده‌ی شنگال پێشنیازیكردووه له هه‌ندێك خوێندنگه‌ی ناو شنگال چه‌ند پۆلێك ته‌رخانبكرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه دابڕاون، تا هاوشێوه‌ی خوێندنی خێرا به‌رده‌وامی به خوێندن بده‌ن، به جۆرێك پۆلی یه‌ك و دوی بنه‌ڕه‌تی پێكه‌وه، سێ و چوار پێكه‌وه، پێنج و شه‌شی بنه‌ڕه‌تیش پێكه‌وه و به یه‌ك ساڵی خوێندن ته‌واو بكه‌ن، تا ده‌گاته كۆتا قۆناغی ئاماده‌یی.
متۆ داوا له‌و خوێندكارانه ده‌كات كێشه‌ی وه‌رنه‌گرتنیان هه‌یه، بۆ گفتوگۆی چاره‌سه‌ره‌كان سه‌ردانی په‌روه‌رده بكه‌ن، كه ته‌نیا له‌ناو قه‌زاكه‌دا ژماره‌یان زیاتر له 200 كه‌سه، به‌ڵام "نازانین ژماره‌كه له كه‌مپ چه‌نده و ته‌نیا ده‌توانین له‌ناو شنگال هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بده‌ین، چونكه كه‌مپ له سنوری ئێمه‌دا نییه و لێی به‌رپرس نین".
له عیراق خوێندنی خێرا هه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی به‌هۆكاری جیاواز له خوێندن دابڕاون، له موسڵ سێ چوار خوێندنگه‌ی هاوشێوه چه‌ندین ساڵه كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام له كه‌مپه‌كاندا نین.
پێویسته چه‌ند خوێندنگهیهكیان بۆ بكرێته‌وه و دوو ساڵی خوێندن به ساڵێك ببڕن
عه‌بدولحه‌مید مه‌جید، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كه‌مپه‌كاندا خوێندنی خێرامان نییه و ئه‌و كێشه‌یه‌ی خوێندكارانی شنگال حاڵه‌تێكی تایبه‌ته و پێویسته به زوییش چاره‌سه‌ر بكرێت".
ئه‌و ده‌ڵێت پێویسته له‌رێی په‌روه‌رده‌ی شنگاله‌وه ره‌زامه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌ربگیرێت بۆ كردنه‌وه‌ی چه‌ند خوێندنگه‌یه‌ك، تا به شێوازێكی تایبه‌ت بخوێنن، له‌رێی وانه و خشته‌ی خوێندنه‌وه، كه باوترینیان ئه‌وه‌یه دوو ساڵی خوێندن به‌یه‌ك ساڵ ته‌واو بكه‌ن تا به هاوڕێیه‌كانی دیكه‌یان ده‌گه‌ن.
پێشنیازه‌كانی په‌روه‌رده هه‌رچییه‌ك بن هێشتا له واقیعدا هیچ ئومێدێكیان به ژیان خه‌لیل نه‌داوه، ئه‌و ده‌ڵێت دوو جار بونه‌ته قوربانی؛ جارێك كه‌وتنه ده‌ست داعش و جارێكی تر بێبه‌شبون له سه‌ره‌تاییترین ماف كه خوێندنه.
"له‌رێی میدیاكه‌ی ئێوه‌وه داواده‌كه‌م به چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه و گه‌ڕاندنه‌وه‌مان بۆ خوێندن و خوێندنگه كه‌مێك له بێزاری و ئازاره‌كانی رفاندنمان كه‌مبكه‌نه‌وه" ژیان وای وت.