دوای بەڕێوەچونی مەراسیمەكەی فالح فەیاز
چالاكییەكانی سەنتەری رۆشبیری كەركوك راگیران

سەنتەری رۆشنبیری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی سەنتەرەكە

سۆران محەمەد – كەركوك

چالاكییەكانی سەنتەری رۆشنبیری كەركوك راگیران، ئەوەش لەسەر داوای لێپرسراوانی باڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و دوای تێپەڕبونی كەمتر لە 24 كاتژمێر لە بەڕێوەچونی مەراسیمێكی تایبەت بە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌‌شدی.

ئەو بڕیارە كە بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو)، لەسەر داوای لێپرسراوانی باڵای یەكێتی بووە لە نێویاندا "یەكێك لە هاوسەرۆكان، بەهۆی ئەوەی ئیدارەی سەنتەرەكە لە پێدانی مۆڵەت بۆ بەڕێوەچونی ئەو مەراسیمە نەگەڕاونەتەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی حزب".

"هەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 11ی كانونی دووەمەوە بڕیاردرا هەموو چالاكییەك لەناو ئەو سەنتەرە ، تا كاتێكی نادیار رابگیرێت"، سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە ئیدارەی ئەو سەنتەرە وای بە (كەركوك ناو) وت.

ئەوەش دوای ئەوە هات كە رۆژی پێشتر، مەراسیمێكی فراوانی حەشدی شەعبی لەو سەنتەرە بەڕێوەچوو، تیایدا فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی وتارێكی پێشكەش كرد.

فالح فەیاز لە بەشێكی وتارەكەیدا، وتی "بۆ ئەوی عیراق سەقامگیربێت، پێویستە هەموو نەتەوە و لایەنەکان دەست لەناودەستبن بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانییەكان، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق".

falh.fayzz
كەركوك/10ی كانونی دووەمی 2021/ فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە وتارێكیدا لە مەراسیمی ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌‌شدی فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو وتەیەی فەیاز، لە كەركوك، دوای كەمتر لە 48 كاتژمێر هات لە بڕیاری ئەمریكا بۆ سزادانی ناوبراو.

هەروەها لە باسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی وتی "هەموو لایەکمان وانەمان لەو روداوانە وەرگرت، ئەوەش ئەوەیە دەبێت بیر لە شتێك بكەینەوە كە كۆمان بكاتەوە نەك جیامان بكاتەوە".

بڕیاری لێپرسراوانی یەكێتی بۆ راگرتنی چالاكییەكان لەكاتێكدایە، ئەو سەنتەرە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراوە بە تێچوی 15 ملیۆن دۆلار، ئەوەش لەسەر داوای جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک یەکێکە لە پڕۆژە گرنگە رۆشنبیرییەکانی شارەکە‌، ساڵی 2007 دەستكرا بە دروستكردنی و لە 2013 كارەكانی تەواو بوو.

ئەو سەنتەرە لەسەر روبەری 16 دۆنمە بە پێوانەی 27 هەزار مەتر چوارگۆشە لە گەڕەکی ئیسکان لەسەر رێگای كەركوك – سلێمانی دروستكراوە و 20 هەزار مەتری بیناکراوە و پێکهاتووە لە هۆڵێک بە روبەری دوو هەزارو 150 مەتر چوارگۆشە کە جێگەی 1200 کورسی دەبێت. سەرەڕای بوونی هۆڵی سینەما‌، چاپخانە، کتێبخانەو چێشتخانە.

بڕیارەكەی یەكێتی لەكاتێكدایە، كەسی یەكەمی ئەو حزبە لە كەركوك (محەمەد عوسمان) كە لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكە، بەشداری چالاكییەكەی حەشدی شەعبی كرد.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT