جوتیارانی كوردی داقوق، سێ ساڵه رێگه به لیژنه‌یه‌كی حكومی ناده‌ن له‌سه‌ر سكاڵای ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی عه‌ره‌ب روپێوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتییان هه‌یه.
دوایینجار 12ی كانونی دوه‌می 2021 لیژنه‌یه‌كی كشتوكاڵی پارێزگای كه‌ركوك، له گونده‌كانی ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری قه‌زای داقوق روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی و رێگریی جوتیارانی كورد بونه‌وه، كاتێك به هاوكاری هێزی چه‌كداری حكومه‌تی فیدراڵی هه‌وڵیاندا روپێوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان بكه‌ن.
مه‌لا حه‌سه‌ن گه‌رمیانی، خاوه‌نی زه‌وی كشتوكاڵی له گوندی فه‌ریق-ی ناوچه‌ی هه‌فته‌غار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ماوه‌ی مانگێكدا ئه‌مه دومجاره ئه‌م لیژنه‌یه دێته سه‌رمان و ده‌یانه‌وێت روپێوی زه‌ویی گونده‌كانی فه‌ریق، مه‌نسور، ئه‌لبونه‌جم و جنڵاوه بكه‌ن كه نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار دۆنمه".
گه‌رمیانی و جوتیارانی دیكه‌ی كوردی ناوچه‌كه ده‌ترسن دوای روپێوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان به هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب بدرێت، كه ئه‌وان به "عه‌ره‌بی هاورده" ده‌یانناسێنن، "سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ئه‌و زه‌وییانه له كورد وه‌رگیراوه و دراوه به 16 جوتیاری عه‌ره‌بی تكریت و ئێستاش جارێكی‌تر ده‌یانه‌وێت زه‌وییه‌كان به‌هه‌مان سیناریۆ وه‌ربگرنه‌وه".
ڤیدیۆ: جوتیارانی كورد ده‌ڵێن ده‌ستكاری به‌ڵگه‌نامه و روبه‌ری زه‌وییه‌كانیان كراوه
كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك كە بەهاتنە سەر حوكمی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردودا دەستیپێكردووە، یەكلاییكردنەوەی دراوەتە دەست لیژنەیەكی پەرلەمانی، لەكاتێكدا یاسا و دەستوریش هێشتا نەیتوانیوه چارەسەری كێشه‌كه‌بكات.
28ی كانونی یەكەمی 2020، ئه‌و لیژنه په‌رله‌مانییه گەیشتنە كەركوك بۆ بەدواداچون لەسەر سكاڵای جوتیاران لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە و بڕیاریاندا تا گه‌ڵاڵه‌كردنی راپۆرتێك سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كێڵانی زه‌وییه‌كان رابگیرێن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و لیژنه كشتوكاڵییه‌ی بۆ روپێوی زه‌وییه‌كان چۆته داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت كاری ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر داوای ئیداره‌ی كه‌ركوك و به‌هۆی سكاڵای هاوڵاتیانی عه‌ره‌به‌وه ده‌یانه‌وێت روپێوی بكه‌ن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه ده‌ڵێت، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی عه‌ره‌ب سكاڵایان له‌سه‌ر جوتیارانی كورد كردووه به تۆمه‌تی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان، "ده‌مانه‌وێت روپێوی بكه‌ین و بزانین ئایا جوتیارانی كورد زیاده‌ڕۆییان كردووه بۆ سه‌ر زه‌وی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب یاخود نا".
سه‌رچاوه‌كه وتیشی "ئێمه ماوه‌ی سێ ساڵه ده‌مانه‌وێت ئه‌و روپێوییه بكه‌ین به‌ڵام له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌وه رێگه‌مان پێ‌نادرێت".
یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی خاوەندارێتی بەشێك لەو زەوییانە بەستراوەتەوه بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، كە دەبوو ماددەكە لە كۆتای ساڵی 2007 بە تەواوی جێبەجێبكرێت.
ئازاد رۆستەم، دانیشتوی ناوچه‌ی هه‌فته‌غار و لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاربوو هیچ روپێوییه‌ك بۆ زه‌وییه‌كان نه‌كرێت به‌ڵام دواتر پەشیمان بونەوە".
ئه‌و ده‌ڵێت "بەداخەوە سوپای عیراق لەناوچەکە پاڵپشتییان لە لیژنەکەی كشتوكاڵ کرد و بێلایەنی خۆیان نەپاراست، تەنانەت هەڕەشەی دەستگیرکردنی جوتیارانیان كرد ئەگەر رێگریی بكه‌ن".
ئەو كێشەیە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە زیاتر زەقبۆتەوە و پەرەیسەندووە، دوای ئەوەی هێزەكانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ كه‌ركوك گەڕانەوە و پێشمەرگە و ئاسایشی حكومەتی هەرێمیش لە ناوچەكە پاشەكشێیان كرد.
مام عاسی (76 ساڵ)، دانیشتوی گوندی فه‌ریق له داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "باوباپیرانمان لەم گوندە لەدایک بون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه سه‌ربگرێت ئه‌وا ئیتر دانیشتن و مانه‌وه‌ی ئێمه له ناوچه‌كه‌دا مه‌حاڵ ده‌بێت".
ئه‌و گله‌یی له "بێده‌نگی" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ده‌پرسێت "تا كه‌ی ئێمه به‌رگری بكه‌ین له‌كاتێكدا ئه‌وان (هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب) به پاڵپشتی حكومه‌ت دێنه سه‌رمان و هه‌وڵی لێسه‌ندنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانمان ده‌ده‌ن؟".
به‌پێی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی كاروباری باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كورد له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، كورد بۆ ته‌واوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گەڕایەوە.
به‌ڵام جوتیارانی عەرەب دەڵێن "بەڵگەنامەی بڕاوپێكراو"یان هەیە كە ئەوان خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەكەن، نەك كورد، بۆیە گەڕاونەتەوە ناوچەكە. لەنێو بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بە گرێبەستی كشتوكاڵی دەكەن.
خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له له‌یلان، داقوق و چه‌ندین ناوچه‌ی تری پارێزگای كه‌ركوك، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته هۆی دروستبونی بارگرژیی و مشتومڕی هاوڵاتیانی نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب، كورد و توركمان.