ئاواییە كوردنشینەكانی مەخمور چۆڵدەبن

مەخمور/ كانونی دووەمی 2021/ گوندی گردی به‌گۆ، سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌راج فۆتۆ: كەركوك ناو

عه‌مار عەزیز

بۆشایی ئەمنی بۆتەهۆی چۆڵكردنی دەیان گوندی كوردنشین لە قەزای مەخمور، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە، هەرچەندە زەوییەكی بە پیتی هەیە و بۆ سەوزە و میوە دانەوێڵە گونجاوە.

چۆڵكردنی ئەو گوندانە دوای دروستبونی بۆشایی ئەمنی دێت، ئەوەش بەهۆی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆیەوە هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچانە پاشەكشێیان كرد و ناوچەكە بووە شوێنی جموجۆڵی شەوانەی چەكدارانی داعش.

محه‌مه‌د عه‌لی، خه‌ڵکی گوندی گردی به‌گۆ، سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌راج لە مەخمور، بە (كەركوك ناو)ی وت "من ئێستا لە ناوەندی مەخمور ئاوارەم، گوندەكەم ئاو، كارەبا و هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە، ژیانمان پارێزراو نییە، بۆیە ناتوانین بۆ ژیان بگەڕێینەوە".

"خانوه‌کەم لە شەڕی داعشدا خاپور بوو، 250 دۆنم زەوی چاندنم هەیە، تەنیا بە رۆژ دەچینە سەر زەوییەكانمان، شەوان چەكدارانی داعش لەو ناوچانە جموجۆڵیان هەیە".

خانوه‌کەم لە شەڕی داعشدا خاپور بوو، 250 دۆنم زەوی چاندنم هەیە، تەنیا بە رۆژ دەچمە سەر زەوییەكان

محەمەد زیاتر وتی "ئەو گوندانە كێشەی كەمی كارەبایان هەیە، ئەوەش كاریگەری هەیە لەسەر كشتوكاڵ، بۆ نمونە لە حەوت رۆژدا تەنیا 10 كاتژمێر كارەبا بەو گوندانە دراوە... ئه‌گه‌ر وا بڕوات به‌ یه‌کجاریی ده‌ستبه‌رداری چاندن ده‌بین، راسته‌ گه‌نم و جۆ و هه‌ندێک به‌رهه‌می تر پێویستی به‌ کاره‌با نابیت، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌کانی تر وه‌کو خه‌یار، په‌تاته‌، ته‌ماته‌... پێویستیان بە كارەبایە لانیكەم بۆ ئاودێری".

dzha,tiror
مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

رزگار محه‌مه‌د، قایمقامی مه‌خمور به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ناوچه‌که‌ بە گشتی کێشەی کاره‌بای هەیە، بڕی كارەبا كەمە و خواست لەسەر كارەباش زۆرە... دابینکردنی کاره‌بای ئه‌و گۆندانه‌ له‌ ئه‌ستوی هه‌ردوو حکومه‌تدایه‌، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ وێستگه‌یه‌کی نوێ دابنرێت".

بەگشتی بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو) كە لە یەكە ئیدارییەكانی ناوچەكە كۆیكردۆتەوە، لەكۆی 40 گوندی كوردنیشن تەنیا چوار گوندی ناوچەكە ئاوەدانە، ئەو چوار گوندەش خێزانێك یان دووان دەتوانن لێی بژین.

مه‌خمور ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقه‌.

لە ئێستادا بۆشایی ئەمنی لەو گوندانە دروستبووە و بەگشتی ئەو گوندانە دەكەونە نێوان هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

مه‌خمور لە سێ ناحیە (گوێڕ، كەندیناوە و قەراج) پێكهاتووە، به ‌دوری 105 کێلومه‌تر له‌ شاری موسڵەوە دورە، هەروەها بە دوری 60كم دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هه‌ولێر.

هێرش حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌راج به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "كێشەكە ئەوەیە بۆشایی ئەمنی دروستبووە و داعش جموجۆڵی هەیە، مانگێك لەمەوبەر بە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو سێ كەس كوژران، ئەوەش وایكردووە تەنیا هەندێك خێزان لە رۆژدا بچنە سەر زەوییەكانیان و بەر لە خۆرئاوابون بگەڕێنەوە".

بۆشایی ئەمنی دروستبووە و داعش جموجۆڵی هەیە، مانگێك لەمەوبەر بە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو سێ كەس كوژران

وتیشی "زۆرینه‌ی ئاواره‌کانی ناحیه‌ی قه‌راج ئێستا له‌ که‌مپی دیبه‌گه‌ی سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێر ده‌ژین".

لە ئازاری 2020 ئۆپەراسیۆنێكی فراوان بە هاوبەشی هێزێکی تایبەتی ئەمریكا و دژەتیرۆری عیراق دژ بە چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچوغ بەڕێوەچوو، ئامانج لێی گەڕانەوەی ئارامی بوو بۆ ناوچەكە.

بەپێی هێزە ئەمنییەكانی عیراق نزیكەی 24 كاتژمێر شەڕی سەخت و روبەڕوبەڕوبونەوە رویدا و بەهۆیەوە 25 چەكداری داعش كوژراون، لەگەڵ دوو سەربازیی ئەمریكی.

چای قەرەچوغ ناوچەیەكی سەختە، دەكەوێتە باشوری قەزای مەخمور لە نێوان سێ كوچكەی هەرسێ پارێزگای كەركوك، نەینەوا و هەولێر.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌راج، وتی "لە ئیستادا هێزه‌کانی پێشمه‌رگە لە چیای قه‌ره‌چوغن، رێککه‌وتنێک له ‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه‌ لەسه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منی هه‌یه، تا پێكەوە ئەو بۆشاییە نەهێڵن، بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئارامی بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT