بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق
بەشێك لە لایەنە كوردییەكانی كەركوك بیر لە هاوپەیمانێتی دەكەنەوە

خانەقین/2018/ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – کەرکوک

چەند حزب و لایەنێكی سیاسی كوردی لە كەركوك بیر لە هاوپەیمانێتی دەكەنەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق، ئەوەش بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پارێزگاكە، هەوڵەكە پێناچێت هەروائاسان بێت بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی نێو ماڵی كوردی.

حزب و لایەنە كوردییەكان لەم ماوەیەی رابردودا دوجار بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوە، بەڵام هێشتا دوو لایەنی كوردی بایكۆتی ئەو كۆبونەوانەیان كردووە، ئەوانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ.

كۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق 16ی شوباتی داهاتوی وەك كۆتا وادە دیاریكردووە بۆ هاوپەیمانێتی حزب و لایەنەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەحمەد رەفیق، وتەبێژی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا وادەیەکی زۆر لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی، ئاراستە و جوڵەیەکی گرنگ هەیە تا ئەوەی لایەنەکان لەکاتی خۆیدا هاوپەیمانی دروستبکەن، کار بۆ ئەو بابەتەش دەکرێت و كراوە، هەموو لایەنەکان بە شێوازێکی تازەوە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن".

هەموو لایەنەکان بە شێوازێکی تازەوە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن

یەكێتی لە 12ی كانونی دووەم یەكێك بوو لەو لایەنانەی بەشداربوو لە كۆبونەوەی حزب و لایەنە كوردییەكانی كەركوك و خواستی خۆی نەشاردەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی.

dang
كه‌ركوك/12ی ئایاری 2018/ ناوه‌ندێكی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جوان حەسەن، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، وتی "ئێمە لەگەڵ کۆدەنگیی و یەکهەڵوێستین بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان، پێمانوایە کە دەبێت لایەنەکان بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن بۆ بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتییانی کوردی كەركوك، نەک بۆ بەرژەوەندی حزبی، بۆیە هەنگاو و هەوڵەكانمان ئەوەیە كورد لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا بەشداربێت".

هەرچەندە لایەنە كوردییەكان جگە لە نەوەی نوێ، پێشتر بڕیاریاندا لە چوارچێوەی یەك قەوارەدا بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، بەڵام هەڵبژاردنەكە دواخرا و لە ئێستادا ئەو قەوارەیەش بەشێوەیەك لە شێوەكان هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی قەوارەكە عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری كەركوك، كشانەوەی خۆی راگەیاند.

جوان وتی "ئەو هاوپەیمانێتییەی عەبدولڕحمان مستەفا سەرۆکایەتی دەکرد، بابەتێک بوو پەیوەست بە هەڵبژاردنێک، هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە و کار لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی تازە دەکەین".

ئەو هاوپەیمانێتییەی عەبدولڕحمان مستەفا سەرۆکایەتی دەکرد، بابەتێک بوو پەیوەست بە هەڵبژاردنێک

پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ ئەو دوو لایەنەن بە هیچ شێوەیەك تائێستا بەشدارنەبون لە كۆبونەوەی حزب و لایەنە كوردییەكانی كەركوك، هەرچەندە لە دواین كۆبونەوەدا بڕیاردرا قسەیان لەگەڵدا بكرێت.

عەدنان کەرکوکی، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بابەتەکە تەنیا دروستکردنی یەکلیستیی و هاوپەیمانێتی نییە، بەڵکو یەکلاییکردنەوە و دابەشکردنی کورسییەکانی ناو ئەو هاوپەیمانێتییەش گرنگە، بۆ نمونە دەبێت ئەوەش یەکلاییبكرێتەوە كە بۆ نمونە پارتی یان هەر حزبێكی تر چۆن كاندیدەكانی لەناو ئەو هاوپەیمانێتییە دیاریدەكات و ریزبەندی و ژمارەی كورسی بۆ هەر حزبێك چۆن دەبێت، ئەم پرسە دەبێت بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بكرێت".

"ئێمە وەكو پارتی لە پرسی هاوپەیمانێتی ئاگاداركراوینەتەوە، مەبدەئییەن ئێمە دەمانەوێت کورد لە شارەکە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لایەنەکانی کەرکوک چاوەڕوانی ئێمە دەكەن و ئێمەش بە زوترین كات وەڵامیان دەدەینەوە"، عەدنان وایوت.

ئەوە لەكاتێكدایە هەوڵێكی جدیی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە 6ی حوزەیرانەوە بۆ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، ئەوەش بەپێی وتەی مەریوان نادر، پەرلەمانتاری یەكێتی، "خواستی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراقی لەسەرە و لە كۆبونەوەیەكدا بڕیاریانداوە"، بەڵام هێشتا كۆمسیۆن دواخستنی رەتدەكاتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT