دانیشتوانی گونده‌كانی ناحیه‌ی ریاز، له زۆرینه‌ی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بێبه‌شن و داواكارن له ئیداره‌ی كه‌ركوك، له‌ڕێی قه‌ره‌بوكردنه‌وه و ئاوه‌دانییه‌وه ژیانی ئاسایی بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه.
زۆربه‌ی گونده‌كانی ریاز (33كم خۆرئاوای كه‌ركوك) هێشتا وێرانه‌ی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه چه‌كداره‌كانی عیراقن، ماڵی هاوڵاتیان روخاون، كاره‌با و ئاو نییه، به‌شێك له دانیشتوانیشیان له ئاواره‌ییدا ده‌ژین.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 14ی كانونی دوه‌می 2021، له گوندی موڕه‌ی ریاز، ژماره‌یه‌ك له گوندنشینانی ناحیه‌كه به گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی داوای خزمه‌تگوزارییان كرد.
"ژیانی ئێمه له‌سه‌ر كشتوكاڵه، به‌ڵام زۆرێك له زه‌وییه‌كانمان بۆمبی چێنراویان تێدایه و ناتوانین بیانكێڵێن" خالید حسێن عه‌لۆ، دانیشتوی گوندی موڕه بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه داواكاره حكومه‌ت قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان بكاته‌وه، تا بتوانن له زێدی خۆیاندا ده‌ست به ژیانی ئاسایی بكه‌نه‌وه، چونكه "تائێستا هیچمان بۆ نه‌كراوه و وابڕوات ناتوانین لێره ژیان به‌ڕێبكه‌ین".
ناحیه‌ی ریاز سه‌ر به قه‌زای حه‌ویجه‌یه، له حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش، دوای چه‌ند ساڵێك له شه‌ڕ و پێكدادانی توندی ئه‌و رێكخراوه و هێزه عیراقییه‌كان به تایبه‌ت پێشمه‌رگه، له ئۆپه‌راسیۆنێكی حكومه‌تی فیدراڵیدا له تشرینی یه‌كه‌می 2017 كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا، موختاری گوندی موڕه به (كه‌ركوك ناو)ی وت گونده‌كه‌یان به‌هۆی شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه و داعش و بۆردومانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به ته‌واوی خاپور بووه، "بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كمان بكات، ته‌نانه‌ت پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو و كاره‌بامان نییه".
"ئه‌م ناوچه‌یه پێویستی به خزمه‌تی زیاتره چونكه دانیشتوانه‌كه‌ی قوربانی ده‌ستی داعش و ئاواره‌یی بون"، به‌وته‌ی موختاری گوندی موڕه له 170 خێزانی ناوچه‌كه ته‌نیا 20 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی دوایین كه‌مپی كه‌ركوك له 2020دا داخرا به‌ڵام به‌شێك له ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ زێدی خۆیان و له گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كانی تری شاری كه‌ركوك نیشته‌جێ بون.
خالید یوسف، دانیشتوی كۆمه‌ڵگه‌ی شه‌هید له ریاز به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌دا 99ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان وێران بووه به‌هۆی شه‌ڕی داعش و پێشمه‌رگه‌وه، داوای هاوكاری و خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ین، چونكه ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌شمان نییه".
ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كه‌وێته نێوان مه‌كته‌ب خالید و گوندی موڕه؛ دانیشتوانه‌كه‌ی زیاتر له 300 خێزان بون و تائێستا نزیكه‌ی 150 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
"ژیانی ئێمه ئێستا ته‌نیا له‌سه‌ر (ئینشائه‌ڵا) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه هه‌ر كه‌س و لاێكخراوێك دێت كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنمان پێده‌ده‌ن و ده‌ڵێن (ئینشائه‌ڵا) بۆتانی جێبه‌جێده‌كه‌ین" خالید وای وت.
لە سێ ساڵی حوكمڕانی داعشدا، جگه له ریاز زۆربه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی حەویجە، كەرتەكانی حزمه‌تگوزاری زیانیان به‌ركه‌وت و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه به ناوچه‌ی وێرانه هه‌ژماركراون.
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ریاز به (كه‌ركوك ناو)ی وت "10 گوندی ناحیهكهمان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه خاپور بون، نوسراومان بۆ ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بونی بودجه ته‌نیا توانراوه یه‌ك خوێندنگه بۆ گوندی موڕه بنیاتبنرێت".
ئه‌و ده‌ڵێت چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق ده‌كه‌ن تا به‌شه بودجه‌ی كه‌ركوك بنێردرێت و به‌شێكی بۆ ئاوه‌دانی ئه‌و گوندانه ته‌رخانبكرێت كه سه‌دا 100 خاپور بون.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ریاز وتی پێویسته گونده‌كانیان له پاشماوه‌ی شه‌ڕ پاكبكرێنه‌وه، له نێویاندا بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی، تا به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پرۆژه‌كان نه‌مێنن و حكومه‌تیش به پێدانی قه‌رز و قه‌ره‌بوو هاریكاری هاوڵاتیان بكات له بنیاتنانه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كانیاندا.
هێشتا به‌شه بودجه‌ی كه‌ركوك له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عیراقدا جێگیرنه‌كراوه كه له‌په‌رله‌مانه بۆ گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردن، له ساڵی 2020یشدا یاسای بودجه ده‌رنه‌چوو به‌ڵام له 2019دا به پاره‌ی پترۆدۆلاره‌وه زیاتر له 500 ملیار دینار بۆ پارێزگای كه‌ركوك ته‌رخانكرابوو.