چی ده‌رباره‌ی رێوڕه‌سمه‌كانی مه‌ندائی ده‌زانێت؟
تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن ئایینی سابیئه‌ ده‌شێوێنن

به‌غداد، 2015، پیاوێكی ئایینی سابیئه‌ فۆتۆ: كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ندركای مه‌ندائی

عه‌لی ساعدی

سه‌مه‌ر خالید (26 ساڵ) توشی سه‌رسوڕمان بوو ئه‌وكاته‌ی له‌ هاوڕێكه‌یه‌وه‌ گوێبیستی "ئه‌و شتانه‌ بوو كه‌ هیچ په‌یوه‌نییه‌كیان به‌ ئایینی سابیئه‌وه‌ نییه‌"، كاتێكیش هاوڕێكه‌ی ده‌زانێت له‌ په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینه‌یه‌ داوای لێبوردن ده‌كات، "هیچ ده‌رباره‌ی ئایینه‌كه‌مان نازانن، نازانن سابیئه‌ واتای چییه‌، نازانن رێوڕه‌سمه‌كانمان چین بۆیه‌ ته‌نیا گوێ له‌ ده‌نگۆ و قسه‌و قسه‌ڵۆك ده‌گرن".

ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی هاوڕێكه‌ی وتویه‌تی "هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ئایینی سابئیه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو ته‌نیا تیڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بون كه‌ هیچ میدیایه‌ك ده‌رباره‌ی فره‌ ئایینی قسه‌یان نه‌ده‌كرد".

سابیئه‌ی مه‌ندائی، به‌ كۆنترین ئایینی یه‌كگرتووی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت، له‌ خاكی دۆڵی رافیده‌ین سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌ دیاریكراوی له‌ باشوری عیراق، له‌ پارێزگای میسان و ده‌شتاییه‌كانی نزیك له‌ زه‌لكاوه‌كان و ئه‌و روبارانه‌ی بون به‌ به‌شێك له‌ رێوڕه‌سم و نه‌ریته‌كانی ئایینه‌كه‌.

1910484_875757082458116_1668978053019489623_n
به‌غداد، 2014، نه‌ریت و رێوڕه‌سمی تایبه‌ت به‌ سابیئه‌ی مه‌ندائی فۆتۆ: كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ندركای مه‌ندائی

پێویسته‌ تیڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕن

"زۆرینه‌ تیڕوانینێكی هه‌ڵه‌یان ده‌رباره‌ی سابیئه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ بگۆڕدرێن، تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌ په‌رستنی هه‌ساره‌ و ئه‌ستێره‌كان به‌هۆی ئاراسته‌ی قیبله‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌مسه‌ری باكور، یان ده‌ڵێن ئاژه‌ڵی مرداره‌وه‌ بوو ده‌خنكێنن تا بیخۆن، له‌گه‌ڵ چه‌ندین قسه‌ و باسی تر كه‌ له‌وانه‌وه‌ دووره‌" نادیه‌ مه‌غامس، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی ئه‌وقافی سابیئه‌ی مه‌ندائییه‌كان وای وت.

مه‌غامس بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ "ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنانه‌ به‌ درێژایی كات زۆرێك له‌ رۆڵه‌كانی ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی روبه‌ڕوی توندوتیژی و چه‌وسانه‌وه‌ كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ناچاربون بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژویدا و پێش 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌یان بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌ربگێڕن، به‌ ئامانجی بڵاوبونه‌وه‌ی راستی مه‌ندائییه‌كان تا ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی له‌ دژیان هه‌یه‌ رابگیرێن و یه‌كتاپه‌رستییان بۆ خوا بسه‌لمێنن".

هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌كان به‌ درێژایی كات زۆرێك له‌ رۆڵه‌كانی ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی روبه‌ڕوی توندوتیژی و چه‌وسانه‌وه‌ كردۆته‌وه

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی سابیئه‌ له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ جیاده‌كاته‌وه‌ "به‌توندی په‌یوه‌ستییانه‌ به‌ رێوڕه‌سمه‌كانیانه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌زار ساڵ تا ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ ئایینه‌كانی دیكه‌ی خاوه‌نی كتێبی ئاسمانی هه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌مان رێوڕه‌سمه‌كانیان نه‌گۆڕاوه‌ و ناشگۆڕدرێن".

مه‌ندائییه‌كان په‌یڕه‌وی كتێبی "كه‌نزا ره‌با" ده‌كه‌ن كه‌ به‌ گه‌نجینه‌ی گه‌وره‌ش ناوده‌برێت، ئه‌و كتێبه‌ به‌ زمانی ئارامییه‌ كه‌ به‌ زمانی سابیئه‌ داده‌نرێت و له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌، به‌شی یه‌كه‌م تایبه‌ته‌ به‌ دنیا له‌ فه‌رمان و حوكم و چه‌مكه‌كانی، به‌شی دوه‌میشی تایبه‌ت به‌ روح دوای مردن و ده‌رچونی له‌ جه‌سته‌.

ئوسامه‌ نه‌بیل (38 ساڵ)، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌ماهه‌تییانه‌ی روبه‌ڕوی هاوئایینه‌كانی بۆته‌وه‌، هه‌ست به‌ بونی خۆی ده‌كات كاتێك وه‌ك كه‌سێكی سابیئه‌ی مه‌ندائی په‌یڕه‌وی رێوڕه‌سمه‌ ئایینه‌كانی ده‌كات، ده‌ڵێت "روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتنی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو بوینه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌م خاكه‌ین، خاكی رافدین، هیچ بۆنه‌یه‌ك بێ مه‌راسیم به‌ڕێناكه‌ین، ئه‌و مه‌راسیمانه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ له‌م خاكه‌دا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین".

ئایینی مه‌ندائی بانگه‌وازی نییه‌، هیچ كه‌سێكی تر وه‌رناگرێت، هاوسه‌رگیری له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه‌دا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، له‌ رێوڕه‌سمه‌كانیدا نوێژ، رۆژو، خێركردن و له‌ ئاوهه‌ڵكێشان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی ئایینه‌كه‌.

ڤیدیۆ: یه‌كێك له‌ مه‌راسیمه‌ ئایینییه‌كانی سابیئه‌ سه‌رچاوه‌: Mandaean Baptism

شێواندنی ناوبانگی ئایینی سابیئه‌

هه‌ندێك كه‌س به‌ سودوه‌رگرتن له‌ تێڕوانینی هه‌ندێك كه‌سی "نه‌زان و بێ ئاگا‌" له‌ راستییه‌كانی ئه‌و ئایینه، هه‌وڵده‌ده‌ن‌ بگه‌ن به‌ ئامانجی دارایی خۆیان و پڕوپاگه‌نده‌ بۆ كاری جادویی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌رێی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی پیاوانی ئایینی سابیئه‌ و به‌شێك له‌ ڕێوڕه‌سمه‌ ئایینییه‌كانیان.

"ریش ئومه‌" ستار جه‌بار حه‌لو، سه‌رۆكی پێكهاته‌ی سابیئه‌ی مه‌ندائییه‌كان له‌ عیراق و جیهان له‌ 8ی شوباتی 2020دا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا خۆی له‌و په‌یجانه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بێبه‌ری كرد كه‌ به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی جادو ده‌كه‌ن.

له‌و په‌یجانه‌دا وه‌ك به‌یاننامه‌كه‌ رونیكردۆته‌وه‌ وێنه‌ی ئه‌و و هه‌ندێك له‌ پیاوانی دیكه‌ی ئایینی سابیئه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوكراوه‌كانیاندا داده‌نێت به‌ ئامانجی پڕوپاگه‌نده‌ بۆ كاری جاوگه‌ریی.

سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائییه‌كان ده‌ڵێت "كاری جادویی به‌پێی ئایینی مه‌ندائی له‌ قه‌ده‌غه‌ گه‌وره‌كانه‌، وه‌ك له‌ كتێبی پیرۆزی (كه‌نزا ره‌با) هاتووه‌ و نوسراوه‌ (بِسْم الحي العظيم، لا تقصدوا السحرة والمنجمين الكاذبين المتلفعين في الظلام، إن من يعملها مصيرُه النار الموقدة)"، –له‌و دێڕه‌ ئایینییه‌ی سابیئه‌دا داواده‌كرێت هیچ كه‌سێك نه‌چێته‌ لای جاوگه‌ر و ئه‌ستێره‌ناس كه‌ ئه‌وان به‌ درۆزن ناویانده‌هێنن و ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ بكات چاره‌نوسی سوتانه‌ له‌ ئاگردا-.

كاری جادویی له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ گه‌وره‌كانی ناو ئایینی مه‌ندائییه‌

"ئه‌م ده‌جاله‌ درۆزنانه‌، به‌ داخه‌وه‌ سود له‌ ساده‌ و ساكاری هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیان، ژنان و پیاوان وه‌رده‌گرن تا بیانكه‌نه‌ ناو كاره‌ شه‌ڕانگێزه‌كانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ی حه‌رام" ستار جه‌بار واده‌ڵێت.

داواشی له‌ ده‌سه‌ڵات كرد رێكاری یاسایی بگرێته‌به‌ر ده‌رهه‌ق به‌ "به‌و سه‌رپێچیكارانه‌ی دژی هه‌موو یاسا و ئایینه‌كانن، ناوبانگی پێكهاته‌كه‌مان، ئایینه‌ دێرینه‌كه‌مان و گه‌لی عیراقی ده‌شێوێنن".

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی سابیئه‌ ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاكانی به‌غدا و میسان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی به‌سره‌، زیقار، كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك ئێستا به‌ ده‌وربه‌ری 15 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت كه‌ پێشتر 500 هه‌زار كه‌س بون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و پێكهاته‌یه‌.

10603383_928687427165081_2462036929529762404_n
به‌غداد، له‌ئاوھه‌ڵكێشان یه‌كێكه‌ له‌ رێوڕه‌سمێكی ئایینی سابیئه‌ فۆتۆ: كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ندركای مه‌ندائی

سابیئه‌ی مه‌ندائییه‌كان به‌ ئاوی رافیدین تاوانه‌كانی زه‌وی ده‌شۆنه‌وه‌

هاوڵاتیانی سابیئه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌رباره‌ی ئایینه‌كه‌یان بگۆڕن تا به‌ نه‌ریت و رێوڕه‌سمه‌ راسته‌قینه‌كانیان ئاشنابن.

عوده‌ی یه‌حیا، پیاوی ئایینی مه‌ندائی ده‌ڵێت "له مه‌راسمی له‌ئاوهه‌ڵكێشاندا جلوبه‌رگی سپی له‌به‌رده‌كه‌ین، كه‌سه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌ ناو روباره‌كه‌وه‌ و ده‌یهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌ تا له‌ تاوان و هه‌ڵه‌كانی پاكبێته‌وه‌، له‌وكاته‌دا هه‌ندێك دوعای ئایینی ده‌كه‌ین، دواتر كه‌سه‌كه‌ وه‌ك په‌ڕه‌یه‌كی سپی ده‌رده‌چێت و له‌ هه‌موو تاوانه‌كانی پاكده‌بێته‌وه‌".

هۆكاری پۆشینی ئه‌و جلوبه‌رگه‌ سپییه‌ له‌كاتی رێوڕه‌سمه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ جلوبه‌رگی پێغه‌مبه‌ر یه‌حیای كوڕی زه‌ركه‌یا –مه‌ندائییه‌كان به‌ پێغه‌مبه‌ری خۆیانی داده‌نێن-، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاده‌می په‌یامبه‌ره‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و گوزارشته‌ له‌ روناكی و خۆشی و روناكی روح.

هۆكاری پۆشینی جلوبه‌رگی سپی له‌ رێوڕه‌سمه‌ ئایینییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جلوبه‌رگی په‌یامبه‌ر یه‌حیای كوڕی زه‌كه‌ریا

یه‌حیا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت ڕێوڕه‌سمێكی دیكه‌یان پاداشته‌، به‌ ئارامی پێیده‌ڵێن فاتوره‌ واته‌ خوان، مه‌به‌ست لێی هاوبه‌شی گیانی مردوان و هاوكاریكردنی ئه‌وانه‌یه‌ گوناهبارن، تا له‌رێی خوێندنی دوعا به‌سه‌ر خوانه‌كه‌دا ببێته‌ پاداشتێك بۆ سڕینه‌وه‌ی گوناهه‌كانی ئه‌وان.

سابیئه‌ پێیانوایه‌ ئه‌وان ره‌گی یه‌كه‌می یه‌كتاپه‌رستین، بڕوایان به‌ چوار په‌یامبه‌ر هه‌یه‌ ئه‌وانیش (ئاده‌م)، كوڕه‌كه‌ی په‌یامبه‌ر شیت، كه‌ جێی باوه‌ڕی زۆری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ چونكه‌ پێیانوایه‌ هه‌ر مردنێك به‌ فه‌رمانی خوا به‌ پێوه‌ری ده‌رون و روحی شیت ده‌پێورێت، ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵگرانی روحی بێت ده‌چێته‌ به‌هه‌شت و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

سێیه‌م په‌یامبه‌ری مه‌ندائییه‌كان؛ په‌یامبه‌ر سام_ـه‌، جێی متمانه‌ی زۆره‌ به‌هۆی دانانی ته‌واوی یاساكانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌، دواتر په‌یامبه‌ر یه‌حیا كوڕی زه‌كه‌ریا –دوایین په‌یامبه‌ری سابیئه‌- دێت كه‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشانی كرد به‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی بۆ پاككردنه‌وه‌ی روح و له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگی سپیدا وه‌ك ره‌مزێكی سه‌ره‌كی ئایینه‌كه‌ هه‌ژمارده‌كرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT