حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە بە "داخستنی یەكجاریی" كەمپی عوملە لە ناحیهی زوممار له باكوری خۆرئاوای نهینهوا، هەرچەندە بڕیاربوو دوای دروستكردنی هەزاران خێزان لە ژن و منداڵی داعشی لێ جێگیربكرێت.
ئەو بڕیارە بەپێی وتەی ئهحمهد جهعفهر، بهڕێوهبهری ناحیهی زوممار، لە 23ی كانونی دووەم بەشێوەی زارەكی بە ئەوان دراوە، ئەوەش دوای كۆبونەوەی ژمارەیەك لێپرسراوی باڵا لە وەزارەتی جیاوازەكانی حكومەتی عیراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا و خەڵكی ناحیەی زوممار هات لەبارەی چارەنوسی كەمپی عوملە.
ئهحمهد جهعفهر، بهڕێوهبهری ناحیهی زوممار بە (کهرکوک ناو)ی وت "تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دوو شت بوو، یەكەم چارەنوسی كەمپی عوملە، دووەم ئەو كەلوپەلانەی بۆ كەمپەكە هاتون تا بەسەر كەسوكاری داعشدا دابەشبكرێن".
"ئێمه زۆر بهڕونی وتمان به هیچ شێوهیهک خهڵکی ناوچهکه رازی نین كەسوكاری داعش لە سوریاوە بۆ ئەو كەمپە بگوازرێنەوە، ئەوانیش دوای گفتوگۆیەكی زۆر رەزامەندییان نیشاندا لە ماوەیەكی نزیكدا كەمپەكە دابخرێت و بڕیار لەسەر كەلوپەلەكانی ناو كەمپەكەش بدرێت"، ئەحمەد جەعفەر وایوت.
ئهو كهمپه دهكهوێته ناحیهی زوممار له باكوری خۆرئاوای نهینهوا، له كۆتایی ساڵی 2019دا دهست به دروستكردنی كرا، بە ئامانجی جێگیركردنی هەزاران ژن و منداڵی داعش كە لە ئێستادا لە كەمپی هۆڵ دەژین لە سوریا.
كارەكانی بنیاتنانی كەمپەكە بەهۆی فشاری خەڵكی زوممارەوە لە شوباتی 2020 راگیرا، بەڵام لە تشرینی یەكەمی 2020دا جارێكی تر دەست بە دروستكردنی كرایەوە و قۆناغەكانی دروستكردنی لە تەواوبوندابوو و پێداویستی خێزانەكانیش لە خێمە، كارەبا و ئاوی بۆ دابینكرا.
ئهحمهد جهعفهر، لەبارەی دواین هەڵوێستی حكومەتی عیراق و وەفدەكەی زوممار، وتی "شانده باڵاکهی بەغدا و لێپرسراوانی پارێزگای نەینەوا، بە داوای خەڵكەكە رازی بون و بە زارەكی هەر لەوێ بڕیاریاندا كەمپەكە بە تەواوی دابخرێت و هەنگاوەكانی داخستنی لە ماوەی یەك مانگدا جێبەجێدەكرێت".
ههزاران هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چهكدارانی داعش له كهمپی هۆل-ی خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریان و چەندجارێك حكومهتی عیراق ههوڵی گهڕانهوهی داون، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیكرد بە دروستكردنی كەمپی عوملە تا لەوێ جێگیربكرێن.
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار داوای كردووە كەلوپەلەكانی كەمپەكە بدرێت بە ئەوان تا بەسەر خێزانی هەژار و فەرمانگە حكومییەكاندا دابەشی بكات، بەڵام لێپرسراوانی حكومەتی بەغدت بۆچونیان وابووە بەسەر ئەو خێزانە ئێزدییانەدا دابەشكرێت كە تازە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و خانوەكانیان نۆژەننەكراونەتەوە.
ئەحمەد جەعفەر وتی "چۆنیەتی دابەشكردنی كەلوپەلەكانی كەمپەكە هێشتا یەكلایینەكراوەتەوە، بەڵام پرسی داخستنی كەمپەكە كۆتایی هاتووە".