فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، یەكێك لە گەورەترین ئەو نەخۆشخانانەی داخست كە تایبەت كرابوو بە چارسەركردنی توشبووانی كۆرۆنا.
نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كە ساڵێك لەمەوبەر دەرگای بە رووی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كرایەوە، چوارشەممە 27ی كانونی دووەم، توشبووەكانی بۆ نەخۆشخانەی شیفا هەر لەناو كەركوك گوازرانەوە، دواتر تەواوی نەخۆشخانەكە پاككرایەوە و دەرمانڕێژكرا.
محەمەد فەرەیدون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەمەودوا نەخۆشخانەكە بۆ سەردەمی پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دەگەڕێنرێتەوە و لە خزمەتی هەموو هاوڵاتیاندا دەبێت، چیتر توشبووانی كۆرۆنا لێرە چارەسەر وەرناگرن، هەر بۆیە ئەمڕۆ لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیی و تیمەكانی بەرگری شارستانی كەركوكەوە دەرمانڕێژكرا و پاككرایەوە، لەمەودوا لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبێت بۆ نەخۆشییە گشتییەكان".
ئەو بڕیار دوای ئەوەهات كە ژمارەی توشبوووانی رۆژانە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی عیراق و كەركوك كەمیكرد.
لە ئێستادا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە 50 حاڵەتی توشبوو لە پارێزگای كەركوك رادەگەیەنرێت، ئەوانەش لە نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن.
لە پارێزگای كەركوك 34 هەزار و 369 توشبوی كۆرۆنا تا 26ی كانونی دووەم راگەیەنراوە، لەو ئامارە 32 هەزار و 533 كەس چاكبونەتەوە و 808 حاڵەتی مردنیش تۆماركراون.
لە ئێستادا هەزار و 28 كەس ڤایرۆسەكە لە لەشیاندایە و بەشێكیان لە نەخۆشخانەی شیفا چارەسەر وەردەگرن.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، 48 حاڵەتی توشبوو لە 26ی كانونی دووەم راگەیەنرا و 81 حاڵەتی چاكبونەوەش هەبوو.