بەشی تاقیکردنەوەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاریدا بە لابردنی وانەی كوردی لە خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا بۆ خوێندنی ئەمساڵ، ئەوەش ناڕەزایی لێپرسراوانی خوێندنی كوردیی و پەرلەمانتارانی كوردی بەدواداهاتووە و هەوڵی گەڕانەوەی ئەو وانەیە دەدەن بۆ خشتەی تاقیكردنەوەكان.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق چەند هەفتەیەكە ئاراستەی بەشی خوێندنی كوردی كراوە لە پەروەردەی گشتی كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیاری وەزارەت بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی خوێندکاران لە سەردەمی کۆرۆنادا.
"وانەی کوردی وانەیەکی بنەڕەتییە لە سیستمی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمەش زۆرینەی میلاک و تەواوی پەرتوک و رێكارەكانمان سەر بە حكومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنیا تاقیكردنەوەكانمان نەبێت كە سەر بە حكومەتی فیدراڵە، بۆیە ناكرێت ئەو وانە بنەڕەتییە لاببرێت"، کامەران عەلی، سەرپەرشیاری یەکەی ئیداریی سەر بە خوێندنی کوردی لە کەرکوک وای وت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لابردنی وانەی كوردی لە تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا لە چوارچێوەی پەیڕەوكردنی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەدایە بۆ لابردنی وانەیەك لە خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر خوێندكاران لە سەردەمی كۆرۆنا".
لابردنی وانەی كوردی لە تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا بۆ كەمكردنەوەی بارگرانییە لەسەر خوێندكاران لە سەردەمی كۆرۆنا
ئەوە لەكاتێكدایە بۆ هەردوو خوێندنی عەرەبیی و تورکمانی تەنیا وانەی ئاین لابراوە.
عومەر قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەدواداچونمان كردووە و دەركەوتووە ئەوە پرسێكی سیاسیی نییە، بەڵكو تەكنیكییە، وەزیری پەروەردە فەرمانی کردووە وانەیەک بۆ تاقیکردنەوەکان تەرکبکرێت، بەشی تاقیکردنەوەکانیش هەستاون لە خوێندنی کوردیدا وانەی کوردییان تەرککردووە".
"ئەگەر بێت و هاوشێوەی خوێندنی عەرەبیی و تورکمانی وانەی ئایین لاببەن، ئەوا دەبێت بۆ خوێندنی كوردی وانەی عەرەبیش لاببرێت، چونكە بەپێی سیستمی خوێندنی كوردی وانەی ئایین و عەرەبی پێكەوەن، كێشەكە لێرەوە دروستبووە"، عومەر وایوت.
لێپرسراوانی خوێندنی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک و وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عیراق لە گفتوگۆدان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێكیان بچێتە بەغدا، ئەوەش هەر بەپێی وتەی عومەر قادر.
مەریوان نادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی پەروەردە، بە (كەركوك ناو)ی وت ئاگاداری ئەو بابەتەین و راستەوخۆ لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عیراق قسەم كردووە و وتومە ئەوەی کراوە پێشێلکردنی یاسا و داننەنانە بە زمانی نەتەوەیەک، وەزیریش بێ ئاگایی خۆی لەسەر ئەو پرسە راگەیاندووە و پێیوتوم ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەم".
"ئێمە ناهێڵین ئەو بابەتە بەمشێوەیە بڕوات، بۆیە هاوبەشی شاندەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و خوێندنی کوردی دەبین كە بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە بێنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە"، مەریوان وای وت.