دوای نزیكەی دوو ساڵ
تەرمێكی تری بەلەمە نقومبوەكەی موسڵ دۆزرایەوە

نه‌ینه‌وا، 23ی ئازاری 2019، ده‌رهێنانه‌وه‌ی به‌له‌مه‌ نقومبووه‌كه‌ له‌ روباری دیجله‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

تیمەكانی بەرگری شارستانی موسڵ تەرمێكی تری بەلەمە نقومبوەكەی موسڵیان لە روباری دیجلە دۆزییەوە كە لە ئازاری 2019 لە دوڕگەیەكی گەشتیاری لە روباری دیجلە و لە ناوەڕاستی شاری موسڵ ژێرئاوكەوت.

ئەو تەرمە كاتژمێر 2ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 29ی كانونی دووەم لە ژێر پردی چواری روباری دیجلە لە ناوەندی موسڵ دۆزرایەوە.

رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەپێی ناسنامەكەی بێت كە لەناو گیرفانی تەرمەكەدا بووە، ئەو كەسە یەكێكی ترە لەوانەی كە لە كاتی روداوەكەدا لەناو بەلەمەكەی موسڵدا بووە و بە بێسەروشوێن لەو روداوەدا هەژماركرابوو".

ئەو تەرمە بە ناوی تەها محەمەد مەحمود لە دایكبوی 1977ی شاری موسڵە و هەر بەپێی ئەو ناسنامانەی لە گیرفانیدایە فەرمانبەر بوو لە کۆمپانیای گشتی پیشەسازی جلوبەرگ.

nasnama
موسڵ/ كانونی دوومی 2021/ ناسنامەی تەها محەمەد مەحمود لە دایكبوی 1997

ئێوارەی 21ی ئازاری 2019، كاتێك خەڵك بەهۆی جەژنی نەورۆز و بەهارەوە لە گەشت و سەیران بون، بەلەمێكی گەشتیاری لە روباری دیجلە و له‌ دورگه‌ی گه‌شتیاری ئوم ره‌بیعه‌ین، ژێر ئاو كەوت.

به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌ سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی گه‌شتیاران بۆ سه‌ره‌ به‌له‌مه‌كه‌ نیشانده‌دات و (كەركوك ناو) ئەوكات سەرنشینەكانی هەژماركرد، زیاتر لە 287 كەس دەچنە ناو بەلەمەكەوە، له‌ نێویاندا زۆرینه‌ ژن و منداڵ بون.

دوای دوو مانگ لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان لەڕێی چەند تیمێكی ناوخۆیی و دەرەكییەوە، ئیدارەی موسڵ، لە ئایاری هەمان سأل بڵاویكردەوە "تەرمی 124 كەس دەرهێنراون، 50 كەسی تر بێسەروشوێنن. لەگەڵ رزگاركردنی 60 كەس لە سەرەتای روداوەكەدا".

nasnama.musil
موسڵ/ كانونی دوومی 2021/ ناسنامە و بڕێك پارە لە گیرفانی تەها محەمەد مەحمود 

هێشتا نزیكەی 50 كەس لەو روداوە هیچ چارەنوسێكیان نییە.

روداوەكە ئەوكات ناڕەزایی فراوانی لەسەر ئاستی خەڵكی شارەكە و دواتر حكومەتی عیراقی بەدواداهات و بەهۆیەوە عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی هەریەك لە نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی‌، به‌تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی.

لە 30ی ئازار فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا، دەستگیركردنی خاوه‌نی دورگه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی موسڵ و كوڕه‌كه‌ی له ‌شاری هه‌ولێر راگەیاند و دۆسیەكەیان درایە دادگا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT