كۆمپانیای نەوتی باكور جارێكی تر 280 ماڵی نزیك گەڕەكەی عەرەفەی لە كەركوك ئاگاداركردەوە ناوچەكە چۆڵبكەن، چونكە "خانووەكانیان لەسەر موڵكی كۆمپانیا بەشێوەی زیادەڕۆ" دروستكردووە.
شەوی پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم، هێزێكی بنكەی پۆلیسی عەرەفە چوونە سەر ماڵەكان و لە دوای گفتوگۆ بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە، ژنێك و پیاوێكیان دەستگیركرد و بڕیارە روبەڕوی دادگایان بكەنەوە.
بەدریە نوری، ئەو ژنەی دوای دەستگیركردنی بە كەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادكرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "پۆلیس هاتە ماڵەکەم و وتیان دەبێت ئێرە چۆڵبکەیت، چونكە موڵكی کۆمپانیایە، بەو هۆیەوە دەستگیریان كردم و لە بنکەی پۆلیسی عەرەفە بەکەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادکرام تا رۆژی یەکشەممە دەبێت لە دادگا ئامادەبم".
"هاوژینەكەم لە ماڵ نەبوو، وتیان دەبێت ئەم خانووە چۆڵبكەیت و فەرمانبەری كۆمپانیا لێرە نیشتەجێ دەكەین، منیش شەش منداڵم هەیە و بۆ كوێ بڕۆم؟ بۆ سەرەتا رێگەیاندا لێرە خانوو بكەین و ئێستا دەرماندەكەن"، بەدرییە وایوت.
وتیان دەبێت ئەم خانووە چۆڵبكەیت و فەرمانبەری كۆمپانیا لێرە نیشتەجێ دەكەین
ئەو خێزانانە لە دوای ساڵی 2003 و لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە زەوییەكانیان بەسەردا دابەشكراوە و كردویانە بە خانوو، چەند ساڵێكە كۆمپانیای نەوتی باكور داوای دەكاتەوە، چونكە موڵكی ئەوانە.
عەلی فەهمی، دانیشتوی یەکێک لەو 280 خانووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لە ساڵانی 1970 بۆ 1980 لەلایەن حزبی بەعسەوە لە كەركوك دەركراوین، دوای روخانی رژێم گەڕاینەوە كەركوك و حزبە كوردییەكان لەم ناوچەیە جێگیریان كردین و ژمارە و فۆرمیان پێداین، ئێستاش ساڵانە دێنە سەرمان و داوای چۆڵكردنمان لێدەكەن".
"دەمانەوێت چارەسەرێكمان بكەن و جێگرەوەیەکمان بۆ بدۆزنەوە بە هەر شێوەیەك بێت"، عەلی فەهمی وایوت.