شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە كەركوك، گەڕانەوەی وانەی كوردی بۆ خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكان راگەیاند، كە پێشتر بە بڕیارێكی وەزارەت لابرابوو، لەبری ئەوە هەردوو وانەی عەرەبیی و ئایین لابران.
لابردنی وانەی عەرەبیی و ئایین لە خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكان بۆ خوێندنی كوردی، لە چوارچێوەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراقە بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی خوێندکاران لە سەردەمی کۆرۆنادا.
شێرزاد رەشید کاکە، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "پێشتر وەزارەت وانەی كوردی لە خشتەی تاقیكردنەوەكان دەركردبوو، بەڵام خوێندنی كوردی و وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ناڕازیبون و بۆ ئەو مەبەستە یەكشەممە 31ی كانونی دووەم وەفدێكمان چوینە بەغدا و دوای گفتوگۆ بڕیاردرا وانەی كوردی لە خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكان جێگیر بكرێتەوە".
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی كە خۆی ئەندامی ئەو وەفدە بوو، وتی "لەبری ئەوە هەردوو وانەی عەرەبی و ئایین لابران".
لەبری وانەی كوردی، هەردوو وانەی عەرەبی و ئایین لابران
بۆ ئەمساڵی خوێندن، وانەی ئایین بۆ هەردوو خوێندنی عەرەبیی و توركمانی لەسەرتاسەری عیراق لابرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە خوێندنی كوردیدا تاقیكردنەوەی هەردوو وانەكە پێكەوەن، ئەوەش بەپێی سیستمی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆیە هەردوو وانەكە لابراون.
لە كۆبونەوەكەیاندا لە بەغدا، وەزیری پەورەردەی عیراق پێی باش بووە وانەی عەرەبی لە خشتەی تاقیكردنەوە دەرەكییەكانی خوێندنی كوردیدا بهێڵدرێتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی شێرزاد كاكە.
"بەڵام ئێمە پێمانوت ئێوە وەک بەغدا ماددەیەکتان تەرککردووە، ئێمەش پێمان باشبوو ماددەی ئایین تەرکبكەین، بەڵام چونکە ئایین و عەرەبی یەک وانەیە لای ئێمە لەدوو کتێبدا، بۆیە ناچاربوین کە عەرەبی و ئایین لاببەین"، شێرزاد وای وت.