فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و چوار چه‌كداری دیكه ده‌كوژرێن، له‌كاتی دانانی بۆسه‌دا بۆ داعش له ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ی خانه‌قین.
روداوه‌كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2ی شوباتی 2021 بووه، له گوندی كانی ماسی نزیك ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ی باشوری قه‌زای خانه‌قین له پارێزگای دیاله.
فه‌رمانده‌یه‌ك له لیوای یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مه‌فره‌زه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی بۆسه‌یان بۆ داعش داناوه به‌ڵام خۆیان كه‌وتونه‌ته ناوی بۆسه‌ی داعشه‌وه، به‌هۆیه‌وه پێنج كه‌سیان شه‌هید بون".
له نێو كوژراوه‌كاندا، عەباس محەمەد، یاریدەدەری لێپرسراوی جموجۆڵی لیوای یه‌ك، یاریدەدەری لێپرسراوی به‌شی هه‌واڵگریی و یاریدەدەری بەرپرسی بەشی ئەندازیاریی و دوو چه‌كداری دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ن.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه كه له‌به‌ر نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هێزی زیاتری حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشتونه‌ته شوێنی روداوه‌كه‌وه و شه‌ڕی قورس رویداوه، "روبه‌ڕوبونه‌وه و پێكدادانی چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و داعش كاتژمێرێكی خایاندووه".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌و پێنج كوژراوه له‌گه‌ڵ داعشدا روبه‌ڕوی پێكدادان بونه‌ته‌وه و هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیش بۆ راوه‌دونانی ئه‌ندامانی داعش له‌و ناوچه‌یه ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌و روداوه دوای ئه‌وه‌هات حه‌شدی شه‌عبی، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینی له گوندی كانی ماسی نزیكی نه‌فتخانه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ڕێوه‌برد.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی حه‌شد له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی 31ی كانونی دوه‌می 2021دا ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر چه‌ندین پارچه ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی بۆمب و موشه‌ك له حه‌شارگه‌یه‌كی داعشدا.
هه‌فته‌ی رابردوش لیوای یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به هاوه‌ن بۆردومانی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری نه‌فتخانه‌ی كرد دوای بینینی جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش له‌رێی كامێراكانی چاودێرییه‌وه، وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی حه‌شد به (كه‌ركوك ناو)ی وت.
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.