چالاكوان و رێكخراوەكانی ژنانی توركمان لە كەركوك، داوای یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی هەزار و 300 رفێنراوی توركمان دەكەن كە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە قەزای تەلەعفەر لە خۆرئاوای موسڵ رفێنران.
ئەو چالاكوانانە لە 2ی شوبات گردبونەوەیەكیان لە بەردەم ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق سازكرد و تیایدا داوایان لە كۆمسیۆنەكە كرد بە دواداچونی ورد بكات لە پرسی رفێنراوانی توركمان و جەختیانكردەوە لەوەی "400 بۆ 500 رفێنراویان لە كەمپەكانی سوریادان" و داوای رزگاركردنیان دەكەن.
ئیستەبڕەق یەزار ئۆغڵۆ، لێپرسراوی رێکخراوە جەماوەرییەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێک لە رۆڵەکانی ئێمە لە تەلەعفەر، دوای رفاندنیان لەلایەن داعشەوە، دوچاری کوشتن و رفاندن بونەتەوە و ئێستاش هاتوین داوای رزگاركردن و چارەنوسیان دەكەین".
بەشێک لە رۆڵەکانی ئێمە لە تەلەعفەر دوچاری کوشتن و رفاندن بونەوە بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان
بەپێی ئامارێكی ئەو رێكخراوە، كۆی گشتی ئەو توركمانانەی كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، هەزار و 300 كەسن، لە نێویاندا 470 ژن، 700 پیاو و 130 منداڵ.
داعش لە حوزەیرانی 2014 قەزای تەلەعفەری لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا كۆنترۆڵكرد كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە.
ڤیدیۆ: گردبونەوەی چالاكوانان و رێكخراوەكانی ژنانی بەرەی توركمانی لە كەركوك لەبارەی چارەنوسی رفێنراوەكانیان
"تائێستا تەنیا 42 كەس لەو رفێنراوانە رزگاركراون، ئەوانیش 20 ژن و 22 منداڵن"، ئیستەبڕەق یەزار ئۆغڵۆ زیاتر وتی "پێمانوایە هیچ جوڵە و هەنگاوێکی راستگۆیانە و جدییانە بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسییان نییە".
چالاكوان و رێكخراوەكانی ژنانی توركمان، لە گردبونەوەكەدا داوایانكرد پەلەبكرێت لە رزگاركردنی 400 بۆ 500 ژن و كچی توركمان لە "زیندان و گرتوخانەكان"ی سوریا كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا بون.
ئیستەبڕەق یەزار ئۆغڵۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی ئەو بەدواداچون و گفتوگۆیانەی كە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ئەنجامیانداوە، ئەو ژن و كچانەی توركمان لە كەمپی هۆڵ لە سوریا، ناوچەكانی رەققە و گرتوخانەكانی عفریندان".
بەپێی راپۆرتێكی پێشوی (كەركوك ناو)، كە پشتی بە زانیارییەكانی چالاكوانانی توركمان بەستبوو، بەشێك لە كچ و ژنە رفێنراوەكانی توركمان ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێكسی و لەباربردنی منداڵ بونەتەوە لەلایەن داعشەوە، هاوكات كەسوكاری بەشێك لەو رزگاربوانە ئامادەنین هیچ زانیارییەك لەبارەیانەوە بدركێنن، ئهوهش لەبەر چەند هۆكارێكی كۆمەڵایەتی.
ئەو هەزار و 300 توركمانە، هەرچەندە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ـەوە رفێندراون كاتێك داعش دەستی بەسەر چەندین ناوچەی پارێزگای نەینەوادا گرت، بەڵام دانپێدانانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە رفاندنیان چەندین ساڵ دواكەوت.
نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ یەكەمجار لە 3ی ئابی 2016، لەرێی بەیاننامەیەكی زەینەب بانكورا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوەكە بۆ كاروباری توندوتیژی سێكسی دژی ژنان، ئاماژەی دا بە "هەبونی رفێندراو لە توركمانی شیعە مەزهەب كە روبەڕوی توندوتیژی سێكسی بونهتهوه لەسەر دەستی چەكدارانی داعش."
لە ئاستی ناوخۆییشدا، دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر پرۆسەی رفاندنیاندا، بەدیاریكراوی لە 17ی ئابی 2019، پێكهاتەی توركمان بۆ یەكەمجار لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن دانیان نا بەهەبونی حاڵەتی رفاندنی ژنان و كچانی توركمان لەلایەن داعشەوە و ئاماژەیان بەوەدا، كە دوچاری دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە.
خلود نەشئەت، ئەندامی یەکێتی ژنانی تورکمان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لەو ژنانەی لە گرتوخانەی هۆڵ و چەند شوێنێكی ترن زانیارییمان هەیە توركمانی تەلەعفەرن، هاتوین داوا دەکەین حکومەت دەستتێوەردانی بە پەلە بکات تا ئازادبکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ نێو كەسوكاریان... داواش لە نوسینگەی کەرکوکی مافی مرۆڤ دەکەین رێکارە یاسایی و پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ گێڕانەوەی ئەو ژنانە بۆ عیراق".