كچە كامێرامانەكەی كەمپ
ژیانی خۆی كڕییەوە و متمانە و خۆشەویستی خەڵكی بەدەستهێنا

نیسان میرزا ده‌روێش (20ساڵ)، لە كەمپی ئاوارەییدا كەبەرتوو 15 هەزار وێنەی ژیانی ئاوارەكانی ئەرشیف كردووە. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

رۆژانێك كەمپی ئاوارەیی بۆ نیسان میرزا وەك "دۆزەخ بوو"، هاوڕێی نەبوو، هەمووان تانە و توانجیان لێدەداو بە "باڵا كورت" ناویان دەبرد، خوێندنگەی بەجێهێشت و لە كونجی خێمەكەیدا لە دۆخێكی خراپی دەرونیدا دانیشت، لە ماڵێكدا كە هیچ سەرچاوەیەكی بژێوییان نەبوو.

نیسان میرزا، ئاوارەیەكی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە كەمپی كەبەرتوو لە دهۆك، بیری لەوە كردەوە ئەو دۆخەی تیایدایە هیچ لە ژیانی ئەو ناگۆڕێت، بەڵێنی بەخۆیدا هەم خوێندن تەواو بكات، هەم متمانە و خۆشەویستی خەڵكی كەمپەكە بەدەستبهێنێت، ئێستا تەنانەت هاوكاریی خێزانەكەشی دەكات.

چیرۆكی نیسان

شەش ساڵ لەمەوبەر  نیسان میرزا ده‌روێش (20ساڵ)، زێدی خۆی لە شنگال بەجێهێشت، كاتێك داعش هێرشیكرد و ئەو قەزایەی لە ئابی 2014دا كۆنترۆڵكرد، بەو هۆیەوە ئاوارە بوو و تائێستا لە كەمپی كەبەرتوو لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژیت.

ژیانی ئاوارەیی ئەگەر بۆ دانیشتووانی كەمپەكە قورس بێت، ئەوا بۆ نیسان دوجار قورس بوو، هەم لە ئاوارەییدا خۆی بینییەوە، هەم تانە و توانجی خەڵك بونە رێگر لەبەردەم هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی.

nisan2
دهۆك/ شوباتی 2021/ نیسان میرزا ده‌روێش، لە كەمپی كەبەرتوو تایبەت بە ئاوارەكان فۆتۆ: عەمار عەزیز

"كاتێك هاتینە كەمپ، یەكەم ساڵی خوێندنم فەوتا بەهۆی ئاوارەیی و نەبونی خوێندنگە، بۆ ساڵی دووەم بڕیارم ئەوە بوو بەهیچ شێوەیەك واز لە خوێندن نەهێنم، بەڵام بەهۆی كورتە باڵاییەوە روبەڕوی توانجی زۆر بومەوە، وایلێهات نەمتوانی بەرگەی ئەو هەموو توانجە بگرم و دەستم لە خوێندن هەڵگرت"، ئەمە یەكەم ئاستەنگی بەردەم نیسان بوو كە بۆ (كەركوك ناو)ی گێڕایەوە.

بەهۆی كورتە باڵاییەوە روبەڕوی توانجی زۆر بومەوە، وایلێهات نەمتوانی بەرگەی ئەو هەموو توانجە بگرم و وازم لە خوێندن هێنا

نیسان كە ئاوارە بوو پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بوو، لە خوێندنگەی كەمپەكەیدا هاوڕێیەتیان نەدەكرد و وەك خۆی دەڵێت "بە چاوێكی تر سەیریان دەكردم"، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە باوكی بڵێت چیتر ناچێتەوە خوێندنگە.

ئەو وتی "لە شنگال لەبەرئەوەی هەموو خوێندنگە هەر خزم و دراوسێی خۆم بون، هیچ كێشەیەكم نەبوو، روبەڕوی هیچ توانجێك نەدەبومەوە، بەڵام بۆ خەڵكی كەمپەكە، من كەسێكی نامۆ بوم"، نیسان بڕیاریدا ئەو تێگەیشتنەی خەڵك بگۆڕێت، ئەوەش لەڕێی نیشاندانی تواناكانییەوە.

دوای دوو ساڵ لە ئاوارەیی، بڕیاردەدات دوای خەونەكانی بكەوێت، چووەوە خوێندن و ئێستا پۆلی نۆی بنەڕەتییە.

"وردە وردە توانجی خوێندكارەكانم لەبیر خۆم دەبردەوە، پۆلی حەوت و هەشتم بە نمرەیەكی باش تەواوكرد و ئەوەش كاریگەری خۆی هەبوو لەسەر بۆچونی خەڵكی لەسەر كەسێكی كورتەباڵا"، بەوشێوەیە نیسان بەربەستەكانی بەردەمی كەمكردەوە.

دەرخستنی توانای تر... بەدیهێنانی خەونەكان

نیسان دەڵێت خولیایەكی تایبەتی هەیە بۆ وێنەگرتن، لەپاڵئەوەشدا بینینی ژیانی سەختی ئاوارەیی وایلێكرد، بیر لە ئەرشیفكردنی بكاتەوە.

"رۆژێك بە باوكم وت: حەزم بە كامێرایەكە، ئەو پارەی نەبوو، بەڵام ئاگاداربوم قەرزی بۆ كردم و بە 250 دۆلار كامێرایەكی بۆ كڕیم"، نیسان دەستدەكات بە وێنەگرتن. "من دیمەنی ژیانی سەختی ئاوارەكان ئەرشیف دەكەم، بەتایبەت ژنان و منداڵان، یان هەر روداوێكی ناو كەمپ كە بەلای خۆمەوە گرنگ و سرنجڕاكێش بێت بۆ ئەرشیفكردن".

nisan1

دهۆك/ شوباتی 2021/ نیسان میرزا ده‌روێش، لەناو دوكانەكەیدا كە پێداویستییەكانی خوێندنگە دەفرۆشێت و لەپاڵئەوەشدا كارەكانی وێنەگرتنی تیادا رایی دەكات فۆتۆ: عەمار عەزیز

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی كامێرای كڕیوە، نیسان بۆتە خاوەنی 15 هەزار وێنەی ناو كەمپ.

ئەو وتی "زۆر خۆشحاڵبوم كە ئەو خەونەم هاتەدی". ئەو رۆژانە منداڵان و خەڵكی كەمپ لە دەوری كۆدەبنەوە و لەگەڵیدا سەیری ئەو وێنانە دەكەنەوە كە پێكەوە چركاندویانن.

هێنانەدی ئەو خەونە، بە هەوڵی خۆیی و هاوكاریی باوكی، وای لە نیسان كرد پاداشتی ئەو كارەی باوكی بداتەوە، بۆ ئەوەش بیری لەوە كردەوە كە كارێك بكات بۆ پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی، وەك خۆی دەڵێت "هیچ سەرچاوەیەكی دارایمان نەبووە".

ئەو وتی "بیرم لەوە كردەوە هەر لەناو كەمپ و دوای خوێندن، دوكانێكی پێداویستی خوێندنگە (قرتاسیە) دابنێم، بۆ ئەوەش جارێكی داوای هاوكاریم لە باوكم كرد".

باوكی هاوكاریی دەكات و نیسانیش دوای ماوەیەكی كەم قازانج دەكات، هەر لەو قازانجەش ئامێرێكی كۆپی كردنی كڕی.

دوای ماوەیەكیش بڕیار دەدات وێنەی هاوسەرگیریی بگرێت لە بەرامبەر بڕێك پارەدا و لە بازاڕ وێنەكانیان بۆ بشواتەوە. بۆ هەر ئاهەنگێك لە نێوان 30 بۆ 100 دۆلار وەردەگرێت.

nisann
نیسان میرزا ده‌روێش (20ساڵ)، لەكاتی وێنەگرتنی منداڵانی كەمپی كەبەرتوو لە دهۆك. فۆتۆ: عەمار عەزیز

نیسان ئێستا خاوەنی كار و پێگەی خۆیەتی لەناو كەمپ، هەمووان خۆشیان دەوێت و بە "كچە كامێرامانەكە" بانگی دەكەن. "منیش به‌رده‌وام بیر له‌وه‌ ده‌کەمەوە جوانتریت كار بۆ ئاوارەكانی كەمپ بكەم".

ئەو وتی "خێزانەكەم پارەیان بۆ هێنانەدی خەونەكانم خەرجكرد، منیش ئێستا هاوكارییان دەكەم... ئەوەش گەورەترین خەونی منە".

نیسان لەپاڵ بەدەستهێنانی متمانە و خۆشەویستی خەڵكی كەمپ، خەونی ئەوەشی بەدیهات هاوكاریی باوكی بكات، هەر بۆیە داوادەكات هیچ كەس كۆڵ نەدات و وتی "گرنگی بە تواناو بەهرەكانی خۆتان بدەن، تا بتوانن لەو رێگەیەوە متمانە و خۆشەویستی خەڵك بەدەستبهێنن". بۆ ئەوەش بەتایبەت روی دەمی لە خاوەن پێداویستییەكانە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT