كچ و پیاوێكی ئێزیدی، له دوو روداوی جیاوازدا به فیشه‌ك گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا.
دوایین روداو كاتژمێر 3ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 9ی شوباتی 2021 بووه له پارێزگای دهۆك.
پیر عه‌لو كه‌چه‌ل، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی خانكێی دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مڕۆ هاوڵاتییه‌كی ئاواره‌ی ئێزیدی له‌سه‌ر رێگای هاتوچۆی دهۆك و قه‌زای سێمێل به فیشه‌ك خۆی كوشتووه".
قوربانییه‌كه ناوی (عه‌مه‌ر خودێدا شه‌مۆ – 41 ساڵ)، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی گۆهبهله له ناحیه‌ی سنونێی شنگال و باوكی حه‌وت منداڵه.
وتەكانی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی خانكێی دهۆك، لەبارەی ئەوەی عەمەر خودێدا "خۆی كوشتووە"، لەكاتێكدایە هێشتا لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و راپۆرتی كۆتایی لێكۆڵینەوەكان و پزیشكی دادوەری لەوبارەیەوە بەردەست نییە.
ئەو وتی "عه‌مه‌ر فشاری زۆری ئاواره‌یی و نه‌بونی هه‌لیكاری له‌سه‌ر بووه و بۆ ئه‌نجامی كۆتایی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش چاوه‌ڕێی راپۆرتی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای روداوێكی دیكه‌ی گیانله‌ده‌ستدانی تر هات به فیشه‌ك، كه دوشه‌ممه 8ی شوباتی 2021، له كۆمه‌ڵگه‌ی گۆهبهلی سه‌ر به ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال رویدا.
ئیدریس جیهاد، شایه‌تحاڵ و ئامۆزای قوربانییه‌كه به (کەرکوک ناو)ی وت "زینە خدر حەجی، بە فیشه‌ك خۆی کوشتووه، جارێ نازانین هۆکارهكهی چییه و چاوه‌ڕێی قسه‌ی پۆلیس ده‌كه‌ین".
پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و كچه‌ش ده‌ستپێكردووه.
خودێدا چۆکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زینە خۆی کوشتووە، به‌ڵام ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌رنه‌كه‌وتووه بۆیه نازانین بۆچی خۆی كوشتووه".
بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ـەوە زیاتر له 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.
بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێ‌دا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، مانگی رابردوو لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كانی "خۆكوشتنی هاوڵاتیانی ئاواره"ی ئێزیدی پێكهێنا.
هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی ئێزیدی كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكن نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بە هۆكاری جیاجیا لە نێویاندا هۆكاری ئەمنی، دوو ئیدارەیی و نەبونی خزمەتگوزاریی.