وانەبێژانی خوێندنگەی كەمپی سەردەشت لە چیای شنگال، دەرگای خوێندنگەكەیان داخست و خوێندكارەكانیان رەوانەی ماڵەوە كرد، دوای ئەوەی دوو ساڵە هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوە.
خوێندنگەی كەمپی سەردەشت تایبەتە بە ئاوارەكانی چیای شنگال و 400 خوێندكار لە خۆدەگرێت، لە 10ی شوبات بەڕوی خوێندكاراندا داخرا، بەڵام پەروەردەی شنگال دەڵێت هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدەن و رێگەنادەن ئایندەی ئەو خوێندكارانە بفەوتێت.
ئێزیدی موراد عهمهر، نزیکهی حهوت ساڵه له کهمپی سهردهشت دهژیت و کوڕ و كچێكی لە پۆلی سێی سەرەتایی دەخوێنن، بە (كەركوك ناو)ی وت "منداڵەكانم هاتنەوە ماڵ و وتیان خوێندنگە داخرا و چیتر ناتوانین بخوێنین، چونكە هیچ بڕە پارەیەك وەكو موچە بە مامۆستاكان نادرێت".
خوێندنگەی كەمپی سەردەشت لە ساڵی 2019 كرایەوە و دوو ساڵە ژمارەیەك وانەبێژ وانە بە خوێندكاران دەڵێنەوە، لە بری حكومەتیش كەسوكاری خوێندكاران پارەیان بۆ وانەبێژەكان كۆدەكردەوە.
ئێزیدی موراد وتی "من ئامادهم مانگانه 10 هەزار دینار به مامۆستاكان بدهم، بهڵام زۆرینهی ئاوارهکانی سهردهشت دۆخی داراییان باش نییە و ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن، خێزان هەیە چوار منداڵی لێرە دەخوێنن، پارەیان نییە غاز بكڕن، چۆن دەتوانن 40 هەزار دینار بدەن بە وانەبێژ".
موراد ئیلیاس، دوو ساڵه لەگەڵ چوار وانەبێژی تر لەو خوێندنگەیەن، وتی "خوێندنگەكەمان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی نەینەوایە، بەڵام ئەوان كەمتەرخەمن لە بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانمان، كەسوكاری خوێندكارانیش ناتوانن پارە بۆ خوێندنی منداڵەكانیان خەرجبكەن بۆیە خوێندنمان راگرت".
كەمپی سەردەشت، تایبەت بە ئاوارە ئێزدییەكانی شنگال و لە دوای ئابی 2014ەو كراوەتەوە، كاتێك داعش هێرشیكردە سەر شنگال و دەوروبەری.
لە ئێستادا 550 خێزان لەو كەمپە دەژین و خوێندنگەش 400 خوێندكاری هەیە و دابەشبون بەسەر پۆلی یەكی سەرەتایی تا شەشی سەرەتایی.
موراد ئیلیاس گومانی هەیە بە ئەنقەست خوێندنگەكە فەرامۆشكرابێت، وتی "لە سنوری پەروەردەی شنگال خوێندنگە هەیە 50 خوێندكاری هەیە و مامۆستای هەمیشەییان بۆ داناوە، ناكرێت ئەم جیاوازییە لە نێوان خوێندنگەكاندا بكرێت".
زیاتر وتی "دهیانجار داوامان له لێپرسراوانی پهروهردەی شنگال كردووە، بڕێک پارەمان بۆ خەرجبكەن، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە، ئێمەش چیتر ناتوانین بەبێ پارە دەوام بكەین".
ئەو گرفتە لەكاتێكدایە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە تشرینی دووەمی 2020ەوە هیچ جۆرە هاوكارییەكی بۆ ئەو كەمپە نەناردووە، لەوانەش سوتەمەنیی و بەشە خۆراكی مانگانە، ئەوەش بە وتەی عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری کەمپی سەردەشت، بۆ ئەوەیە كەمپەكە بە تەواوی چۆڵبكرێت.
بەڵام ئێزیدی موراد كە لە ساڵی 2014ەوە لەو كەمپە دەژیت، وتی "ناتوانین بگەڕێینەوە شوێنی خۆمان، خانووەكانمان هەموی روخاوە و خزمەتگوزاریی بۆ گوندەكان نەگەڕاوەتەوە".
وتیشی "منداڵهکانم ههموو بهیانییهک دهڵێن دهمانهوێت بچینه خۆێندنگە، منیش هیچ وڵامێکم پێ نییه و نازانم چییان پێ بڵێم، داوا لە پەروەردەی نەینەوا دەكەم چارەسەرێكمان بۆ دۆزێتەوە".
منداڵهکانم ههموو بهیانییهک دهڵێن دهمانهوێت بچینه خۆێندنگە، منیش هیچ وڵامێکم پێ نییه و نازانم چییان پێ بڵێم
كەمپەكە نزیكەی 20كم لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگالەوە دورە، ئەوەش وای لە ئاوارەكان كردووە نەتوانن ئۆتۆمبێل بگرن بۆ هاتوچۆی خوێندكارەكانیان بۆ ناحیەی سنونێ.
"چارهسهر ئهوهیه یان موچە بۆ ئەو پێنج مامۆستایە ببڕدرێتەوە، یان پاس بۆ گواستنەوەی خوێندكاران دابین بكرێت"، عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری كەمپەكە وایوت.
سهعد متۆ، بهڕێوهبهری پهروهردهی شنگال – بەشی عەرەبی-، به (کهرکوک ناو)ی وت "ئاگاداری کێشهی خوێندکارانی کهمپی سهردهشتین، بهڵێن به خوێندکاران و ئاوارهکانی کهمپەكە دهدهین له نزیکترین کاتدا کێشهكەیان بۆ چارەسەر بكەین، ئەوەش بە دابینكردنی مامۆستای ههمیشهیی بۆ خوێندنگەكە و پێدانی بڕە پارەیەكیش بە وانەبێژەكان".
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات، سەعد متۆ بۆ ئەو مەبەستە لهگهڵ بهڕێوهبهری گشتی پهروهردهی نهینهوا گفتۆگۆ بكات.