وەزیری ناوخۆی عیراق نیگەرانییەكانی لە كەركوك هەڵڕشت

كەركوك/ 15ی شوباتی 2021/ عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق لە خاڵێكی سەربازیدا لە باشوری داقوق. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ

كەركوك ناو

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق، نیگەرانیی خۆی بە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك هەڵڕشتووە و رەخنەی لێگرتون لە "پڕنەكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و نەبونی هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگری نێوانیان"، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو). هەروەها پێی راگەیاندون "مەترسییەكانی داعش لە كەركوك لەزیادبوندان و هێزی زیاتر دەنێرین".

غانمی، دووشەممە 15ی شوبات بە سەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە كەركوك. نیگەرانییەكانی لە هێزە ئەمنییەكان لەكاتێكدابوو خۆی تۆمەباردەكرێت بەوەی ئامادەنەبووە گوێ لە داواكاریی لێپرسراوانی ئیداریی و خەڵكی قەزای داقوق بگرێت. كە لە ماوەكانی رابردودا ئەو قەزایە زۆرترین هێرشی چەكداری تێداكراوە.

یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، كە لێپرسراوێتی ئەمنی هەیە، وتی "زیادبونی جموجۆڵی چەكدارانی داعش بەتایبەت لە سنوری داقوق، ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی وەزیری ناوخۆ بوو، لە كۆبونەوەكاندا داوایكرد دوبارە پێداچونەوە و رێكخستنەوە بە پلانی ئەمنی لەناوەوە و دەرەوەی كەركوكدا بكرێت، تاکو بتوانرێت بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێتەوە".

سەرچاوە جەختیشیكردەوە "عوسمان غانمی، وتویەتی مەترسی داعش لە كەركوك روی لە زیادبونە... رەخنەی گرت لەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان پڕنەكراونەتەوە و هێزەكانیش هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگریی نێویانیان باش نییە و دەبێت هەریەكە بە رۆڵی زیاتری خۆی هەستێت".

رەخنەی گرت لەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان پڕنەكراونەتەوە و هێزەكانیش هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگریی نێویانیان باش نییە

هەروەها بەڵێنی داوە ھێزی زێاتر لە ناوچەکانی تری عیراقەوە رەوانەی کەرکوک بکات، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر باس بكات.

xanmi
كەركوك/ 15ی شوباتی 2021/ عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق لەگەڵ سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ

ئەو سەردانە هاوكات بوو لە گەڵ بەردەوامی هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارەكان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان، بەتایبەت لە سنوری قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك.

لە شەوی 5ی شوبات و 11ی هەمان مانگ، دوو هێرشی چه‌کداریی که‌ هێزە ئەمنییەكان دەڵێن "داعش بون"، كرایە سەر خاڵی سەربازی پۆلیسی فیدراڵی لە باشوری داقوق، بەهۆیەوە سێ پۆلیسی فیدراڵی كوژران و چواری تر برینداربون.

دۆسییەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لە ئێستادا لەلایەن هەریەكە لە لیوای 61ی تایبەت سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پۆلیسی فیدراڵیی و پۆلیسی ناوخۆیی، حەشدی شەعبیی و سوپای عیراق بەڕێوەدەبرێت، هەموو ئەوانە لەژێر چەتری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدان.

عوسمان غانمی، لە سەردانەكەیدا سەرەتا ئەو ناوچانەی بەسەركردەوە كە لە شوباتی ئەمساڵدا هێرشی چەكدارییان تێدا ئەنجامدراوە، هەر لەوێ لە باشوری داقوق لەگەڵ لیوای 20ی پۆلیسی فیدراڵی كۆبۆوە، دواتر چووە كەركوك و لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و ئیدارەی پارێزگاكە كۆبونەوەی تری رێكخست.

راكان سەعید، پاریزگاری کەرکوک بەوەكالەت، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی سەردانی وەزیری ناوخۆ، جەختیكردەوە لەوەی ئامانج لێی بەدواداچون بووە بۆ بارودۆخی ئەمنیی و بنبڕكردنی داعش.

سەردانەكەی وەزیری ناوخۆی عیراق، روبەڕوی رەخنە بۆوە بەتایبەت كاتێك ئامادەنەبوو چاوی بە ئیدارەی قەزای داقوق و كۆمەڵێك لە كەسایەتی قەزاكە بكەوێت.

رافد جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی دانایانی داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ ئیدارەی داقوق و فەرماندەی فەوجی حەشدی شەعبی ناوچەكە و ژمارەیەك لە ریش سپیی و كەسایەتی ناوچەكە چوینە باشوری داقوق بۆ بینینی عوسمان غانمی، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو گوێمان لێبگرێت".

چوینە باشوری داقوق بۆ بینینی عوسمان غانمی، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو گوێمان لێبگرێت

ئەنجومەنی دانایان لە كۆمەڵێك كەسایەتیی، سەرۆك عەشیرەت و حزبی سیاسی عەرەب، كورد و توركمان پێكهاتووە بۆ گەیاندنی كێشەی خەڵكی داقوق بە دەسەڵات.

رافد رەخنەی ئەوەی گرت كە داقوق بە بەراورد بە هەموو ناوچەكانی تر زیاتر لە مەترسیدایە، "ئێمە دەزانین داقوق پێویستی بە چی هەیە، بەڵام وەزیری ناوخۆ نەیویست گوێمان لێبگرێت".

"تەنانەت دوو كیلۆمەترم بەپێ بڕیی و چوینە پێش ئۆتۆمبێلەكەیی، بەڵام هەر نەوەستا"، رافد وایوت.

لەگەڵ بەجێهێشتنی ناوچەكە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە، هەر نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، بۆمبێكی چێنراو لە باشوری خۆرئاوای داقوق تەقییەوە و بەهۆیەوە سەربازێكی سوپای عیراق كوژرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT