داقوق؛ نۆ پۆلیسی فیدراڵی بە هاوەن برینداربون

كه‌ركوك، نیسانی 2020، ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ عیراقییه‌كان دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ سنوری داقوق فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیسی فیدراڵی

محەمەد ئەڵماس

لە تەقینەوەی گولـلە هاوەنێكدا لە ناوچەی چەمی رۆخانە لە باشوری داقوق نۆ پۆلیسی فیدراڵی برینداربون.

روداوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات لە چەمی رۆخانە لە باشوری داقوق رویدا، لەوكاتەی هێزە ئەمنییەكان سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنین بون دژ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش).

سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوەنەكە هێزە ئەمنییەكانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەكەی كردۆتە ئامانج، بەهۆیەوە نۆ پۆلیسی فیدراڵی برینداربون".

بەڵام (كەركوك ناو)، نەیتوانی ئەوە یەكلاییبكاتەوە كە گولـلە هاوەنەكە چۆن تەقیوەتەوە و لەكوێوە ئاراستە كراوە.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق كە بریندارەكانی بینیوە، وتی "باری تەندروستی دوو لە بریندارەكان جێگیر نییە، بەو هۆیەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك".

ئەو روداوە هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق و لیوای 61ی تایبەت سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كە دوو رۆژە لە باشور و باشوری خۆرئاوای داقوق بەردەوامی هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە وەریگرتووە، سێ موڵگەی داعش لەناوچەكە دۆزراونەتەوە، لەگەڵ چەند تونێلێكی بچوك.

لە قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك، ماوەیەكە جموجۆڵی چەكدارانی نەناسراو كە هێزە ئەمنییەكان بە چەكدارانی "داعش" ناویان دەبەن بەردەوامی هەیە.

جگە لە نۆ بریندارەكەی ئەمڕۆ، لە دوو هێرشی چه‌کداریی تردا بۆ سەر پۆلیسی فیدراڵی، لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵ، سێ پۆلیسی فیدراڵی كوژران و چواری تر برینداربون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT