عیراق به‌دوای داعشه‌كانی خانه‌قیندا ده‌گه‌ڕێت

دیاله‌، شوباتی 2021، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی ئه‌منی له‌ قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی

ئه‌میر خانه‌قینی – دیاله‌

هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراق، جارێكیتر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان برده‌وه‌ بۆ قه‌زای خانه‌قین، به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییانه‌ی ناوبه‌ناو هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر هاوڵاتیان و بازگه‌ی ئه‌منی.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ی شوباتی 2021، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی و سوپا له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی ئه‌منی له‌سه‌ر خانه‌قین به‌ڕێوه‌چوو.

"ئامانج لەم ئۆپه‌راسیۆنە لاوازكردنی داعش و بنبڕكردنی جموجۆڵەكانیان بوو له‌  ناوچه‌كانی خانەقین و جەلەولا" به‌وته‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نیا له‌ شوباتی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 10 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و سوپا له‌ ناوچه‌كانی خانه‌قین و جه‌له‌ولا به‌هۆی هێرشی داعشه‌وه‌ كوژراون، جگه‌له‌وه‌ش، 9 چه‌كداری دیكه‌ برینداربون، له‌گه‌ڵ ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵ و باخی هاوڵاتیانی گوندنشین كه‌وتون، سه‌رباری چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا.

فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی لۆجیستی و ته‌مه‌نی داعشدا گیراوه‌، "ژماره‌یه‌ك حه‌شارگه‌ش ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌".

ئامانجێكی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنه‌ پاككردنه‌وه‌ی چه‌می روباری سیروان بووه‌ له‌ مه‌ترسی، "ئه‌و چه‌مه‌ بۆته‌ مۆڵگه‌ی داعش له‌ نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولادا، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ باخ و دارستانی چڕه‌".

گوندی ئیسلاح سه‌ر به‌ ناحیه‌ی جه‌له‌ولایه‌ و له‌و چه‌مه‌وه‌ نزیكن، له‌ زۆربه‌ی هێرش و بۆردومانه‌كانیشدا پشكی شێری قوربانییه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت.

oparasyonn
دیاله‌، شوباتی 2021، شۆفڵێكی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ چه‌مێكی قه‌زای خانه‌قین رێگای په‌ڕینه‌وه‌ی كاتی دروستده‌كه‌ن فۆتۆ: راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و گونده‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ زیانی زۆری بۆ باخی جوتیارانی ناوچه‌كه‌ لێكه‌وته‌وه‌، دار و دره‌ختی زۆریان بڕییه‌وه‌، چونكه‌ ویستیان رێگه‌ دروستبكه‌ن و چڕی ناوچه‌كه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وام بۆته‌ جێی مه‌ترسی و خۆحه‌شاردان".

"به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی دوو ساڵی رابردوی داعشه‌وه‌، جوتیارانی گونده‌كه‌ ناتوانن بێ ترس بچنه‌ باخ و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان، ده‌یان كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی" به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌.

هه‌روه‌ها وتی جوتیاره‌كان به‌ بڕینی دار و زیانی باخه‌كانیشیان قایل بون به‌و مه‌رجه‌ی سه‌قامگیری بۆ گونده‌كه‌ و ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ ساڵی رابردوشدا ده‌یان كرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی خانه‌قین تۆماركران، له‌ نێویاندا چه‌ندین هێرشی چه‌كداری بۆ گوندنشینان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و برینداربون، جگه‌له‌وه‌ی زیانی زۆری ماددییان لێكه‌وتۆته‌وه‌.

لیوا ره‌عد مه‌حمود، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله‌ دڵنیایی ده‌دات ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ دوره‌ له‌ وشككردن و چۆڵكردنی ناوچه‌كه‌، هه‌ر هه‌نگاوێكیش نرابێت بۆ كردنه‌وه‌ی رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و گره‌نتی پاراستنی سه‌قامگیری كه‌ناری روباره‌كه‌ بووه‌.

ئه‌و وتانه‌ی ناوبراو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبیدا هات، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی خانه‌قین بڵاویانكرده‌وه‌ و تیایدا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ ئامانج له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی و راوه‌دونانی چه‌كدارانی داعشه‌.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT