لەیەككاتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سێ قەزای جێناكۆكدا بەڕێوەدەچێت، بەهۆیەوە "دەیان مۆڵگەی داعش بۆردومانكراون و ژمارەیەكیان لێ كوژراوە"، هاوكات دوو كەس لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق كوژراون و حەوتی تر برینداربون، لە نێویاندا چواریان بە قەناس پێكراون.
ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە، بەپێی وتەی فەرماندە سەربازییەكانی عیراق "كۆتاییهێنانە بە مەترسیی و هێرشەكانی داعش"، ئەوەش لەسەر داوای مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق.
ئەو ئۆپەراسیۆنانە كە قەزاكانی خانەقین، داقوق و دوزخورماتوو دەگرێتەوە، دوای زیادبونی هێرش و جموجۆڵی داعش دێت بە جۆرێك لە دوو مانگی ساڵی نوێدا لانیكەم 15 كەس لە هێزە ئەمنییەكان كوژراون و دەیانی تری برینداربون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، سەر بە حكومەتی عیراق، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە كە لەڕێی فڕۆكەی ئێف 16ەوە زنجیرەیەك بۆردومانی ئاسمانییان ئەنجامداوە لە ناوچەیەكی گەمارۆدراو لە نێوان باكوری پارێزگای سەڵاحەدین و باشوری خۆرئاوای كەركوك.
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردۆتەوە لەوەی دوای بۆردومانە ئاسمانییەكە، ئۆپەراسیۆنێكی زەمینیان كردووە و بەهۆیەوە "70 بۆمبی چێنراو پوچەڵكراوەتەوە، شەش تونێلی داعش خاپوركراون و 10 بەرمیل ماددەی تەقەمەنی سیفۆر دۆزراونەتەوە"، هەروەها لەگەڵ تێكشكاندنی 25 حەشارگە، پێنج ماتۆڕسكیل و دوو بەلەم، بەپێی وتەی لیوا یەحیا.
70 بۆمبی چێنراو پوچەڵكراوەتەوە، شەش تونێلی داعش خاپوركراون و 10 بەرمیل ماددەی تەقەمەنی سیفۆر دۆزراونەتەوە
سەرچاوەیەكی هەواڵگری لە قەزای داقوق، - لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەربازێكی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە تەقینەوەی بۆمب كوژراوە و سێ كەسی تریش برینداربون"، بەپێی راگەیاندنی حەشدی شەعبیش چەكدارێكیان بە تەقینەوەی بۆمب هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژراوە.
ئۆپەراسیۆنەكە بە بەشداری سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی بەڕێوەچووە.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە هەواڵگری داقوق وتی "ئەو مۆڵگەیەی بۆردومانكراوە پێدەچێت بۆ دروستكردنی بۆمب بەكارهێنرابێت، چونكە كەرەستەی زۆری وەكو تی ئێن تی و نارنجۆكی موگناتیسی لێبووە".
ئەو مۆڵگەیە و پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكان لە سنوری نێوان هەردوو گوندی سمود و حەشیشە بووە لە باشوری خۆرئاوای داقوق.
هەر لە داقوق و لە نزیك گوندی سعێدی، "چەكدارێكی داعش" دەستگیركراوە، سەرچاوەكە وتی "نازناوی ئەبو ئەحمەدە ودانیبەوەداناوە لێپرسراوی گواستنەوی پارەیە بۆ شانە نوستنەکانی ناو شار".
دەستگیركراوە، ناسناوی ئەبو ئەحمەدە ودانیبەوەداناوە لێپرسراوی گواستنەوی پارەیە بۆ شانە نوستنەکانی ناو شار
لە پارێزگای دیالەش، سوپا و حەشدی شەعبی، لە سنوری نێوان قەزای خانەقین و ناحیەی جەلەولا، چوار رۆژە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەكەن.
لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی خانەقیندا، چوار سەربازی سوپا بە قەناس پێكران و برینداربون، ئەوەش لە گوندی ئیسڵاح سەر بە ناحیەی جەلەولا، بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو) لەو قەزایە.
ئۆپەراسیۆنەكان بەپێی فەرماندە سەربازییەكانی عیراق، لەژێر چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەڕێوەدەچن و ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە "چەكدارانی داعش و رێگریكردنە لە زیادبونی مەترسییەكان".
فەرماندەیەكی پێشمەرگە كە لە سنوری خانەقین لە ئەركدان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە هیچ هەماهەنگییەكمان لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا نییە، لەكاتێكدایە جموجۆڵی داعش لەنێوان هێزی هەردولادا بونی هەیە".
تهنیا له شوباتی ئهمساڵدا زیاتر له 10 چهكداری حهشدی شهعبی و سوپا له ناوچهكانی خانهقین و جهلهولا بههۆی هێرشی داعشهوه كوژراون، لهگهڵ ئهو زیانانهی بهر ماڵ و باخی هاوڵاتیانی گوندنشین كهوتون.
لە 15ی شوباتی رابردوو، دوای زیادبونی هێرشەكان بۆ سەر هێزە عیراقییەكان بە تایبەت لە سنوری داقوق، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق سەردانی كەركوكی كرد.
بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، غانمی لەو سەردانەیدا نیگەرانیی خۆی بە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك گەیاندووە و "رەخنەی لێگرتون لە پڕنەكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و نەبونی هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگری نێوانیان". هەروەها پێی راگەیاندون "مەترسییەكانی داعش لە كەركوك لەزیادبوندان و هێزی زیاتر دەنێرین".
یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، وتی "لە كۆبونەوەكاندا غانمی داوایكردووە دوبارە پێداچونەوە و رێكخستنەوە بە پلانی ئەمنی لەناوەوە و دەرەوەی كەركوكدا بكرێت، تاکو بتوانرێت بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە".