ته‌مه‌نی زیاتر له‌ هه‌زار و 500 ساڵه‌
كڵێسای ئه‌قێسر له‌ كه‌ربه‌لا چاوه‌ڕێی كه‌سێكه‌ رێگای بۆ دروستبكات

كه‌ربه‌لا/ 2020/ وێنه‌یه‌كی ئه‌و به‌شه‌ی به‌ شوێنه‌واری كڵێسای ئه‌قێسر ماوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د مساڵحه

ئه‌حمه‌د مساڵحه

مێژوی بنیاتنانی كڵێسای ئه‌قێسر له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا بۆ سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ده‌ست بێباكی و ناته‌واوی كنه‌ و پشكنینه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، سه‌رباری تێپه‌ڕینی 40 ساڵ به‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌یدا له‌لایه‌ن شوێنه‌وارناسانه‌وه‌.

"هه‌رچه‌نده‌ كڵێساكه‌ وه‌ك شوێنه‌وارێكی مێژویی تۆماركراوه‌، به‌ڵام كه‌مترین گرنگیشی پێنه‌دراوه‌، هیچ شوێنێكی تیادا نییه‌ بۆ پشودانی گه‌شتیاران.. ته‌نانه‌ت رێگای گه‌یشتن به‌ كڵێساكه‌ قیرتاو نییه‌" رۆژنامه‌نوس ئه‌حلام رازی (28 ساڵ) وای وت.

كڵێساكه‌ ده‌كه‌وێته‌ بیابانی قه‌زای عه‌ین ته‌مه‌ر، به‌ دوری 70كم له‌ باشوری خۆرئاوای پارێزگای كه‌ربه‌لا و 5كم له‌ كۆشكی مێژویی ئه‌خێزر.

رازی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كڵێساكه‌ پێویستی به‌ گرنگیپێدانی "گه‌وره‌" هه‌یه‌، به‌هۆی ئه‌و به‌ها مێژوییه‌ی هه‌یه‌تی و په‌یوه‌سته‌ به‌ حوكمی ده‌وڵه‌تی مه‌نازره‌، كه‌ له‌ په‌یڕه‌وانی ئایینی كریستیانی بون و له‌ (268-633) ده‌ستیان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی خۆرئاوای عیراقدا گرت.

"كڵێساكه‌ كێلی گۆڕی چه‌ندین قه‌شه‌ و پیاوانی ئایینی تێدایه‌ كه‌ خزمه‌تی كڵێساكه‌ و كریستیانیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش وێرانكراون، چونكه‌ هه‌وڵی دزینی دراوه‌ و كه‌سانێك به‌دوای زێڕدا له‌نێو گۆڕه‌كه‌دا گه‌ڕاون" رازی واده‌ڵێت.

WhatsApp Image 2021-03-09 at 10.37.08 PM-2
كه‌ربه‌لا/ 2020/ ئه‌حلام رازی له‌ پشت میحرابی كڵێسای ئه‌قێسره‌وه‌ وه‌ستاوه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د مساڵحه‌

كڵێساكه‌ به‌ خشتی نه‌خشێنراو بنیاتنراوه‌، له‌ ناوچه‌یه‌كی بیاباندایه‌، شێوه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌ له‌ لاكێشه‌ییه‌وه‌ نزیكه‌، ده‌روازه‌ گه‌له‌رییه‌كه‌ی دیاره‌ و ژوره‌كانی به‌ درێژایی باڵه‌خانه‌كه‌دا دابه‌شبون، به‌ بۆشاییه‌ك كۆتاییدێت كه‌ شوێنی نوێژ و میحرابی تیادایه‌ و هێشتا شوێنه‌واره‌كانیان ماوه‌ته‌وه‌.

به‌دوری 20 مه‌تر له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك گۆڕ هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌شه‌ و پیاوه‌ ئایینییانه‌ی له‌ كڵێسه‌كه‌دا كاریانكردووه‌.

 

له‌ سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینییدا بنیاتنراوه‌

"بنیاتنانی كڵێساكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینی و 120 ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی ئیسلام" به‌وته‌ی محه‌مه‌د عامر، كارمه‌ندی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌ربه‌لا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هیچ نوسراو و به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ ده‌ریبخات كێ بنیاتی ناوه‌ به‌ڵام چه‌ندین خاچی تێدایه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك كلێسا بنیاتنراوه‌.

"له‌ كڵێساكه‌دا خوێندنگه‌ و گۆڕستان هه‌بووه‌، باڵه‌خانه‌ی تێدایه‌ هێشتا كنه‌ و پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن شوێنه‌وارناسانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ته‌نیا به‌شێكی كڵێساكه‌یه‌، میحرابی نوێژكردن و شوێنی قوربانیكردن تیایدا به‌ رونی ده‌رده‌كه‌وێت" عامر واده‌ڵێت.

ته‌واونه‌بونی كنه‌ و پشكنین له‌و شوێنه‌واره‌دا له‌كاتێكدایه‌ فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌ربه‌لا له‌ ساڵانی (1976-1977)ـه‌وه‌ شوێنی كڵێساكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ڤیدیۆ: رۆژنامه‌نوسان و گه‌شتیاران سه‌ردانی كڵێساكه‌ ده‌كه‌ن / ئه‌حمه‌د مساڵحه‌

كڵێساكه‌ له‌ شارستانیه‌تی بابلی و سۆمه‌رییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌

"خه‌ڵكی ئێستا ناویان له‌ كڵێساكه‌ ناوه‌ (ئه‌قێسر)، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بچوككراوه‌ی وشه‌ی (قه‌سر-كۆشك)، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بچوكی قه‌باره‌ی باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ به‌راورد به‌ باڵه‌خانه‌ مێژوییه‌كانی دیكه‌ وه‌ك كۆشكه‌كانی شه‌معون و ئه‌خێزر" به‌وته‌ی شوێنه‌وارناس حسێن عه‌لی.

كڵێساكه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می "بازلیكیا" بنیاتنراوه‌ كه‌ له‌ بنیاتنانی كڵێسا كۆنه‌كاندا ناسراوه‌، له‌ ناوه‌ندی باڵه‌خانه‌كه‌دا راڕه‌وێك هه‌یه‌، كورسی نوێژخوێنانی تێدایه‌ و له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ ژور یان راڕه‌وی رێكردن هه‌یه‌، میحرابه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی ڕاڕه‌وه‌كه‌ و رووی له‌ قودسه‌.

عه‌لی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی په‌رستگا كۆنه‌كانی عیراقی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌ له‌ شارستانیه‌ته‌كانی بابلی و سۆمه‌رییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ ده‌رگای سه‌ره‌كی و میحرابه‌كه‌ی ده‌كه‌ونه‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتری، له‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری باڵه‌خانه‌كه‌دا، ئه‌و شێوازه‌ش له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌ری هاوچه‌رخ و بابلی كۆن تا سه‌رده‌می ئاشوری هاوچه‌رخ (911612-911)ی پێش زایین به‌كارهێنراوه‌.

Untitled-1-17
كه‌ربه‌لا/ 2020/ ده‌روازه‌ی كڵێسای ئه‌قێسر فۆتۆ: ئه‌حمه‌د مساڵحه‌

زۆربه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عیراق په‌راوێزخراون

"زۆربه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عیراق به‌ده‌ست په‌راوێزخستنیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن" زكریه‌ سه‌رسه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی "بورجی بابل"ی ناحكومی تایبه‌ت به‌ پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و كه‌له‌پور وای وت، پێشیوایه‌ چاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌وار و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان پێویستی به‌ "هه‌وڵی لایه‌نی‌ حكومی‌ خاوه‌ن ئیراده‌ هه‌یه‌".

ده‌رباره‌ی هه‌وڵی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئه‌و ده‌ڵێت رێكخراوه‌كه‌ی چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی میللی و میدیایی هه‌بووه‌ بۆ تیشك خستنه‌ر گرنگی شوێنه‌واره‌كان، جگه‌له‌وه‌ی داواكاری چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانیان به‌ چه‌ندین لایه‌نی حكومی گه‌یاندووه‌.

زكریه‌ ده‌ڵێت له‌كاتی هه‌وڵه‌كانیاندا توشی شۆك بووه‌ "له‌و رۆتینه‌ زۆره‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی گرتۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا كۆنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (ناوه‌ندی) مه‌ركه‌زیه‌تی توند به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا ده‌‌سه‌پێنن، بێجگه‌ له گه‌نده‌ڵی".

كڵێسای ئه‌قێسر و شوێنه‌واره‌كانی دیكه‌ شاهیدی شارستانیه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقن

سه‌رسه‌م وتی كڵێسای ئه‌قێسر و نمونه‌كانی هاوشێوه‌ گرنگی مێژوییان هه‌یه‌ و شاهیدی شارستانیه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقه‌، له‌ رویه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌كرێت ببنه‌ شوێنی په‌یداكردنی داهات بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ نیشته‌جێبونانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری شوێنه‌واره‌كه‌دا هه‌ن ئه‌گه‌ر بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی دروست سود له‌و ده‌رفه‌ته‌ ببینن.

به‌پێویستی زانی له‌ روی میدیایی و ریكلامه‌وه‌ گرنگی به‌ شوێنه‌واره‌كان بدرێن، به‌ خه‌ڵك بناسرێن، له‌ پرۆگرامی خوێندندا زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ بخوێنرێت.

ئه‌حلام رازی، به‌هیوایه‌ گرنگی تایبه‌تی زیاتر به‌ كڵێسای ئه‌قێسر بدرێت، به‌وپێیه‌ی له‌ كۆنترین شوێنه‌واره‌كانی كریستیانییه‌ له‌ عیراق و پێویسته‌ رێگای هاتوچۆی بۆ دروستبكات، تا ببێته‌ كارئاسانی له‌ سه‌ردانیكردنی هاوڵاتیان بۆ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی له‌ خاك و نیشتمانه‌كه‌یاندا هه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT