درەنگانێكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە داعش ناویان دەبەن، هێرشیانكردە سەر سوپای عیراق و لە روبەڕوبونەوەدا سەربازێك كوژراو یەكێكی تر برینداربوو.
ئەو هێرشە كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو (پێنجشەممە 11ی ئازار) كرایە سەر فەوجێكی لیوای 45ی سوپای عیراق لە گوندەكانی مۆڕە و بان شاخ لە باشوری خۆرئاوای داقوق لە پارێزگای كەركوك.
چەند سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی داقوق بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی لە سەرەتای ھێرشەکەدا "داعش چەکی نیشانشکێن (قەناس)یان بەكارهێناوە و هێزە ئەمنییەكانیش بە چڕی وەڵامیان داونەتەوە، دواتر چەكی سوكیش بەكارهێنراوە و لە روبەڕبەڕونەوەدا سەربازێكی سوپا كوژرا و یەكێكی تر برینداربووە".
سوپای عیراق لە باشوری خۆرئاوای داقوق لێپرسراوێتی پاراستنی بەشێكی ناوچەكەیان لە ئەستۆیە لە پاڵ پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەوەش لە چوارچێوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
ئەو هێرشە بۆ سەر سوپا، دوای كەمتر لە 10 رۆژ دێت، لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە نێوان قەزای داقوق و دوزخورماتوو لە هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین، ئەوەش بە بڕیار و چاودێری مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا كە سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی تیایدا بەشداربون، "70 بۆمبی چێنراو پوچەڵكراونەتەوە، شەش تونێلی داعش خاپوركراون و 10 بەرمیل ماددەی تەقەمەنی سیفۆریش دۆزراونەتەوە"، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەكی لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كە دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەكە لە سێی ئازار بڵاویكردەوە.
لەگەڵ ئاماژەدان بە تێكشكاندنی 25 حەشارگە، پێنج ماتۆڕسكیل و دوو بەلەم.
لە ساڵی نوێدا هێرش و جموجۆڵی داعش لە سنوری داقوق (44كم باشوری كەركوك) لە زیادبوندان و لەو ماوەیەدا 15 كەس لە هێزە ئەمنییەكان كوژراون و دەیانی تری برینداربون.
لە 15ی شوباتی رابردوو، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق سەردانی كەركوكی كرد و لە باشوری داقوقیش لەگەڵ فەرماندەكانی پۆلیسی فیدراڵی كۆبۆوە.
بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، غانمی لەو سەردانەیدا نیگەرانیی خۆی بە هێزە ئەمنییەكان گەیاندووە و "رەخنەی لێگرتون لە پڕنەكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و نەبونی هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگری نێوانیان". هەروەها پێی راگەیاندون "مەترسییەكانی داعش لە كەركوك لەزیادبوندان و هێزی زیاتر دەنێرین".