بۆ كێشەی ئاسایشی ئێزیدخان
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال داوای دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی دەكات

شنگال/ 11ی ئازاری 2021/ هێزەكانی ئاسایشی ئێزیدخان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بەرامبەر بە سوپای عیراق فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

كەركوك ناو

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، جارێكی تر پێداگرییان كرد لە مانەوەی ئاسایشی ئێزیدخان لە ناوەندی شنگال، بۆ ئەو مەبەستەش نامەیەكیان ئاراستەی سوپای عیراق كردووە و تیادا داوا دەكەن بیر لە چوارچێوەیەكی یاسایی بكەنەوە، نەك شەڕ.

ئەو نامەیە لە كۆبونەوەیەكدا لە شنگال ئاراستەی سوپای عیراق كرا، كە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 11ی ئازار بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە سوپا مۆڵەتی تەنیا 24 كاتژمێری بە ئاسایشی ئێزیدخان دابوو ناوەندی شنگال بە جێبهێڵن.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەماندا لەگەڵ سوپای عیراق، نامەیەكمان ئاراستە كردون و تیایدا جەختمانكردەوە لەوەی كێشەی شنگال كێشەیەكی سیاسییە نەك ئەمنی، بۆیە پێویست ناكات بە زەبری هێز ئەم كێشەیە چارسەربكرێت".

نامەیەكمان ئاراستە كردون و تیایدا جەختمانكردەوە لەوەی كێشەی شنگال كێشەیەكی سیاسییە نەك ئەمنی

هەروەها زیاتر وتی "جەختمانكردەوە لەوەی ئامادەنین دەستبەرداری داوا رەواكانی خەڵكی شنگال بین، ئەوەشمان بە نوسراوێك پێشكەش كردن، داوامان لێكردن ئەم كێشەیە بە رێككەوتن چارەسەر بكرێت و چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ مانەوەی ئاسایشی ئێزیدخان لە شنگال بدۆزنەوە".

ئاسایشی ئێزیدخان؛ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و سه‌ر به‌ یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)ـن، ئاماده‌نین ناوه‌ندی شنگال به ‌جێبهێڵن له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی عیراقی و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر.

bazga-2
شنگال/ 11ی ئازاری 2021/‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێز، بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رویدا. فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 له ‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی شنگال واژۆكراوە و تیایدا جەختكراوەتەوە لە پێنەدانی هیچ رۆڵێك بە هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال.

ئاسایشی ئێزیدخان لە ئێستادا لە ناوەندی شنگال جێگیربون و فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئیداری شنگال چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمار ده‌كرێن.

دوانیوه‌ڕۆی پێنجشه‌ممه‌ 11ی ئاداری 2021 له‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێزی شنگال، بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رویدا، كاتێك ده‌یانویست به‌ره‌و ناوه‌ندی قه‌زاكه‌ به‌ڕێبكه‌ون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك لە دژی بڕیاری دەركردنی ئاسایشی ئێزیدخان.

عەلی حسێن، یەكێك لە فەرماندەكانی ئاسایشی ئێزیدخان بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ئێستادا مەترسی روبەڕبونەوە هەیە، عیراق خۆی بۆ شەڕی ئێمە ئامادەكردووە و چەكی قورسی هێناوە، ئێمەش هێزەكانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیداین".

لە ئێستادا مەترسی روبەڕبونەوە هەیە، عیراق خۆی بۆ شەڕی ئێمە ئامادەكردووە و چەكی قورسی هێناو

وتیشی "ئێمە تەنیا فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرین و هیچ کەسێکی تر ناتوانێت بریار لەسەر ئێمە بدات".

ناتق ئەحمەد عەلو، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی شنگال، لەبارەی ناكۆكییەكانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، دەیانەوێت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بدۆزرێتەوە و رازی نین لە ناوەندی شنگال دەربکرێن".

"داواکارییەکانی یەبەشە گەیشتۆتە سوپا، بەڵام هێشتا رێککەوتن لە نێوان هەردولا نەکراوە".

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال – بەناوی یەبەشەوە قسە دەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "لێپرسراوانی سوپای عیراق لە شنگال وتیان داواكارییەكانتان بە راپۆرتێك ئاراستەی حكومەتی عیراق دەكەین، ئێمەش چاوەڕێی وەڵامین".

(كەركوك ناو)، دوای چەندین هەوڵ، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لە لێپرسراوانی سوپا لە شنگال وەربگرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT