یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، زۆرینه‌ی شه‌ڕڤانه‌كانی له چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سوپای عیراق و دوای كشانه‌وه له ناوه‌ندی شنگال.
شه‌ڕڤانانی یه‌به‌شه، له كۆتایی تشرینی دوه‌می 2020دا كشانه‌وه‌یان له باره‌گا و بازگه‌كانی ناوشاری شنگال به‌ره‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه ده‌ستپێكرد، دوای گه‌یشتنی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان.
"دوای راده‌ستكردنی باره‌گاكانمان، یه‌به‌شه بون به به‌شێك له حه‌شدی شه‌عبی ، پێشتریش هه‌زار چه‌كداری یه‌به‌شه له‌سه‌ر میلاكی حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراون و ئێستا هه‌زار و 500 چه‌كداری تر له‌سه‌ر فه‌وجی 80ی حه‌شدی شه‌عبی داده‌مه‌زرێنرێن" به‌وته‌ی ده‌خیل موراد، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له خانه‌سۆری شنگال وای وت، كه به‌ناوی یه‌به‌شه‌وه قسه ده‌كه‌ن.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی فه‌رمی حكومه‌تی عیراقه، بۆیه زۆر ئاساییه كه هێزه‌كانمان بوونه‌ته به‌شێك له حه‌شدی شه‌عبی".
ئه‌و گۆڕانكارییه دوای دوو مانگ دێت له رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه تشرینی یه‌كه‌می 2020 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.
ئه‌و رێككه‌وتنه به‌شێك له ئێزیدییه‌كانی ناو شنگال، به تایبه‌ت لایه‌نگر و هێزه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه، پێی قایل نین و زیاد له جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداوه.
خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال به (كه‌ركوك ناو )ی وت "له‌كاتی رزگاركردنی شنگاله‌وه له ده‌ستی داعش ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كدارانی یه‌به‌شه سه‌ر به حه‌شدی عه‌شائیری بون، دوای رێككه‌وتنی یه‌به‌شه و سوپای عیراق به‌ر له چه‌ند رۆژێك ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تر خراونه‌ته سه‌ر فه‌وجی 80ی حه‌شدی عه‌شائیری، به‌ڵام نازانم ژماره‌یان چه‌نده".
حه‌شدی عه‌شائیری سه‌ر به ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبین و له 2017دا بۆ ناوچه‌كانی سونه‌مه‌زهه‌ب دامه‌زراون.
هه‌ڤاڵ تێكۆشه‌ر، له یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه) پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێستا هیچ هێزێكمان له‌ناوشاردا نه‌ماوه، به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان ئێمه و سوپا له ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌مێنینه‌وه"، تیشی به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه "ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی یه‌به‌شه له چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا داده‌مه‌زرێن".
هێشتا له‌ناوشار هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئاسایشی ئێزیدخان سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له باره‌گاكانیاندا ماونه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له خانه‌سۆر وتی "كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه له‌گه‌ڵ سوپای عیراق بابه‌تی ئاسایشی ئێزیدخانه، كه سوپا ده‌یانه‌وێت به جلی مه‌ده‌نییه‌وه بمێننه‌وه و ئێمه‌ش ئه‌و پێشنیازه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئاسایش ده‌كه‌ین و قایلین ئه‌گه‌ر ناویشیان بگۆڕدرێت".
ئاسایشی ئێزیدخان، له دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شنگال له‌ژێر ده‌ستی داعش، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوشار و ناحیه‌كانی شنگال پێكهێنراون و ژماره‌یان زیاتر له هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، جگه له پۆلیسی فیدراڵی زیاتر له پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له شنگال هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، ئاسایش، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.