مازن سەلیم، ئەو منداڵەی بە دەستەواژەی "چما شتێك بهسهر شنگالدا هاتییە؟" بە ناوبانگە، دوای دوو ساڵ لە رزگاركردنی، لە كەمپێكی ئاوارەییدا بەدوای كاردا دەگەڕێت، رەگەزنامەی عیراقی بۆ دەرنەكراوە و بەهۆی "تەمەنەكەشییەوە" لە خوێندن بێبەش بووە.
مازن لە 3ی ئابی 2014 كاتێك تەمەنی 10 ساڵ بوو، لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە گوندی باشوک سهر به کۆمهڵگهی خانهسور لە شنگال لەگەڵ دایك، باوك و براكەیدا رفێنراو دواتر لە ئەوان جیاكرایەوە.
ئەو لەگەڵ 10 منداڵی تردا، لە كۆتایی شوباتی 2019ە و لە دواین مۆڵگەی داعش لە باغۆز (سوریا)، لەلایەن هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده)ەوە ئازادكرا.
"چما شتێك بهسهر شنگالدا هاتییە؟"، ئەم رستەیەی مازن شنگالی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەكاتی رزگاركردنیدا وایكرد لەنێو 10 منداڵدا زومی كامێراكانی بچێتەسەر و دواتر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی.
هەر بەو هۆیەوە مازن دەڵێت كە لە 2ی ئازاری 2019ش گەڕێنرایەوە بۆ عیراق و پارێزگای دهۆك، پێشوازییەكی باشی لێكرا، "من بەو رستەیە ناسێنرام، وامزانی ئیتر هەموو شت باشدەبێت، بەڵێنی زۆریان پێدام و مانگانە موچەیان پێدەدام"، مازن زیاتر وتی "بەڵام ئێستا نە موچەم پێدەدەن، نە كارم هەیە و نە رەگەزنامە، لە خوێندنیش دەكراوم".
ژیانی مازن لە ناو كەمپ
مازن سەلیم، كە ئێستا تەمەنی 17 ساڵە، لە ئێستادا لەگەڵ برایەكیی و دایكی لە كەمپی بەرسیڤ لە زاخۆ دەژیت و باوكیشی یەكێكە لەو كەسانەی هیچ چارەنوسێكی دیار نییە لەوكاتەوەی لێیان جیاكراوەتەوە.
ئەو زمانی كوردی بە تەواوی فێربووە، "کاتێک لەژێر دەستی داعش بوین تەنیا بە عەرەبی قسەمان دەکرد، ئەوەش وایكرد كوردیم بیربچێتەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ كەسوكارەمم و بە باشی كوردی فێربوم".
گرفتی گەورەی بەردەم مازن، ئەوەیە هیچ كارێكی نییە تا بژێوی خێزانەكەی پەیدابكات، ژیانیان تەنیا لەسەر هاوكاریی خزم و كەسوكارییانە.
"پارەم نییە یەک کیلۆ تەماتە بکڕم، زۆرجار بە دوای كاردا دەگەڕێم، زۆر حەزدەكەم كارێك بكەم، بۆ ئەوەی لانیكەم رۆژانە پێنج هەزار دینار بۆ خێزانەكەم پەیدابكەم... ژیانم تەنیا دانیشتنە لەناو كەمپدا".
كاتێك مازن گەڕایەوە بۆ دهۆك، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال – لە دهۆك دەوام دەكەن- بڕیاریدا مانگانە بڕی 200 هەزار دیناری وەكو هاوكاریی پێبدات.
"دواتر پارەكەی بۆ 100 هەزار كەمكردەوە، ئینجا 75 هەزار و دواتر 50 هەزار، بەڵام دوای چەند مانگێك هیچ پارەیەكیان پێنەدام"، مازن وایوت.
لەگەڵئەوەشدا مازن، هێشتا رەگەزنامەی عیراقی پێنەدراوە، هەرچەندە چەندین هەوڵیداوە، وتی "لێپرسراوان چەندینجار بەڵێنیانداوە كێشەكانمان چارەسەر بكەن، رەگەزنامە مافێكی سەرەتاییە".
كێشەیەكی تری مازن وەك خۆی دەڵێت، ئەوەیە كە بەهۆی تەمەنەكەیەوە "لە خوێندن دەكراوە".
حسێن عەلی، مامی مازن، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ دەركردنی رەگەزنامەی عیراقی بۆ مازن، چەند جارێك چوینە قایمقامیەتی شنگال، وتیان چارەسەرتان بۆ دەكەین، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر مامەڵەكانمان دایە دەستی رێكخراوی یەزدا بۆ ئەوەی بیبەنە موسڵ، ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەداین بگەڕێتەوە، نازانین رەگەزنامەمان پێدەدەن یان نا".
بۆ دروستکردنی رەگەزنامەی عیراقی بۆ مازن، چەند جارێك چوینە قایمقامیەتی شنگال، وتیان چارەسەرتان بۆ دەكەین
سەرەڕای ئەوەی مازن خۆشحاڵە بەوەی ئازاد بووە لە چنگی چەكدارانی داعش، بەڵام هەموو ئەو بەربەستانە نیگەرانی كردووە.
"هیچ هیوایەکەم بە بەرپرسان نەماوە، تەنیا چەند رۆژێک بۆ میدیا و وێنەگرتن ئیشیان بە من بوو، چیتر من ناناسن"، مازن وایوت.
(كەركوك ناو)، پێنج رۆژ چاوەڕوانیكرد بۆ ئەوەی لێدوانی مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لە دهۆك، یان نوسینگەكەیی و جێگرەكەی وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیانكردەوە لەوەی یەكشەممە 14ی ئازار وەڵامی (كەركوك ناو) دەدەنەوە، بەڵام دواتر وەڵامێكیان نەدایەوە.
مازن وتی "كاتێك رزگاركرام تەنیا منداڵ بوم شنگالم بیربوو، بەڵام كەس منی بیر نییە".
مازن چۆن رزگاری بوو؟
داعش لە دواین رۆژهكانی خهلافهتدا و لهنێو خاكی سوریا، دەیویست بە مازن سهلیم و هاوڕێكانی شهڕی نهیارهكانی بكات، ئەوەش له كۆتا مۆڵگهیدا له باغۆز له خۆرئاوای فورات. بۆ ئەو مەبەستە مازن و منداڵەكانی تر ناچاركران پشتێنێكی بۆمبڕێژكراو ببهستن و ئامادەبن بۆ كارێك كه ههرگیز بیری لێنهكردبۆوە.
ئەو وتی "بهیانییهكی زووی كۆتایی شوبات، پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەیان بۆ بەستین و ئامادهیان كردین بۆ خۆتهقاندنهوه... چهكدارهكانی داعش وتیان ئێوه ئهمڕۆ خۆتان دهتهقێننهوه، لهگهڵ ههندێك له ژن و خهڵكی باغۆز تێكهڵیان كردین و به ئاڕاستهی هێزهكانی ههسهده بهڕێكراین، بهڵام ئێمه بیرۆكهی خۆرزگاركردنمان جێبهجێكرد و خۆمان رادهستی ههسهده كرد و پشتێنی بۆمبڕێژكراومان فڕێدا".
هێزهكانی سوریای دیموكرات – ههسهده-، ئەوكات به پاڵپشتی هاوپهیمانانی دژ به داعش دوا شهڕی ئهو گروپهیان دەكرد لە سوریا.
مازن سهلیم، لەناو داعش راهێنانی جۆراوجۆری لهسەر چهكه قورسهكان و چۆنیهتی خۆتهقاندنهوه پێكرابوو. پێنج ساڵی تهمهنی لهنێو ئهو رێكخراوه و لهژێر زهبروزهنگ و توندوتیژیدا بهسهربرد، تا لە شنگالەوە بۆ قەزای تەلەعفەرە و لەوێشەوە لەگەڵ خۆیان بردیانه باغۆز.
جەوهەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان بۆ کاروباری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لەبارەی كێشەكانی بەردەم مازن شنگالی و منداڵانی تری رزگاربوی دەستی داعش، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە بەپێی توانای خۆمان هاوکاری بەسەر ئەو منداڵانەدا دابەشدەكەین، ئەو هاوکارییانە مانگانە نین، بەڵکو بەپێی توانای خۆمانە".
وتیشی "بەردەوام لە كێشەو گرفتەكانیان دەكۆڵینەوە، لە نزیکەوە سەردانیان دەكەین و کێشەکانیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ چارەسەركردن، هەقە حكومەت بیر لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە بكاتەوە، چونکە ئەوان قوربانی زۆریانداوە".
سەرەڕای ئەو نیگەرانیانە، مازن دەڵێت "خۆشترین شتی ژیانم ئەوەیە ئێستا ئازادم، بەڵام پێویستە مافەكانمان جێبەجێبكرێت".