گەڕەكە زیادەڕۆكانی كەركوك چاوەڕێی خزمەتن

كه‌ركوك/ تشرینی دووه‌می 2018/ جیاكردنه‌وه‌ و دروستكردنی خانوو به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ له‌ گوندی رجێبات له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارەکە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

دانیشتووانی گەڕەكە زیادەڕۆكانی كەركوك، داوای خزمەتگوزاریی دەكەن لە راكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، ئاوەڕۆ و رێگاوبان و خزمەتگوزاری تر، كە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پلاندانانی عیراق گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو گەڕەكانە راگیراوە.

لە دوای ساڵی 2003ەوە كە كۆتاییهێنرا بە دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عیراق، چەندین گەڕەكی زیادەڕۆ لە شاری كەركوك دروستكراون. هەرچەند ئیدارەی پارێزگا لە ساڵەكانی سەرەتای كەوتنی سەدام حوسەیندا خزمەتگوزاریی بۆ بەشێك لە گەڕەكەكان ئەنجامدا، بەڵام دواتر حكومەتی عیراق گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو گەڕەكانە راگرت و بە دەستدرێژیكردن بۆ سەر موڵكی دەوڵەت ناوی بردن.

محەمەد حەکیم، دانیشتوی گەڕەکی باروتخانە – یەكێكە لە گەڕەكە زیادەڕۆكان-، وتی "ئاوەڕۆمان نییە، كۆڵانەكان قیرتاو نەكراون، هەر كە بارانێك دەبارێت هەموو كۆڵانەكەمان دەبێتە قوڕاو و چڵكاو و كێشەی هاتوچۆ دروستدەبێت". زیاتر وتی "لەكاتی هاوینیشدا هەموی دەبێتە تەپ و تۆز، ژیان لەم گەڕەكانە ناچارییە".

لەكاتی هاویندا كۆڵانەكان دەبنە تەپ و تۆز، ژیان لەم گەڕەكانە ناچارییە

محەمەد و هەزاران خێزانی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعسدا و لە چوارچێوەی سیاسەتی "تەعریب"دا روبەڕوی راگواستن و ئاوارەبون بونەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دوای روخانی رژێمی بەعس جارێكی تر گەڕاونەتەوە كەركوك.

بەگشتی گەڕەكە زیادەڕۆكان، دوای ئەوە دروستبون كە حزبە كوردییەكان بەشێوەی هەرەمەكی زەوییان بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەشكرد و بەبێ ئەوەی لەسەریان تاپۆبكرێت، لە دەیان گەڕەكی تری شارەكەشدا دەستكرا بە دروستكردنی خانوی زیادەڕۆ.

هێمن حەسەن، لە گەڕەكی پەنجا عەلی دادەنیشێت و گەڕەكەكە بەزیادەڕۆ دروستكراوە، وتی "تەنانەت تۆڕی ئاوی خواردنەوەمان پێنەگەیشتووە... هەندێك لە خێرخوازان بیریان هەڵكەندووە و ئێمەش بە سۆندە ئاو رادەكێشین".

بەپێی قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی مادەەی 140ی دەستوری عیراق، هەر خێزانێكی ئاوارە لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ كەركوك، بەبڕی 10 ملیۆن دیناری عیراقی و پارچە زەوییەك قەربودەكرێتەوە، بەڵام هێشتا هیچكات لەو خێزانانە زەوییەكانیان لەسەر تاپۆنەكراوە و ئەو زەوییەی وەریانگرتووە حكومەت بەزیادەڕۆ ناوی دەبات.

bina
كه‌ركوك/ تشرینی دووه‌می 2018/ دروستكردنی بینایه‌ك بە شێوەی زیادەڕۆ و دواتر روخاندنی لە‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارەکە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئیدارەی كەركوك لە بودجەی پترۆدۆلار و پەرەپێدانی پارێزگاكان، لە ساڵانی دوای روخانی رژێمی بەعس هەندێك پڕۆژەی لە بەشێك لەو گەڕەكانە دروستكرد، لەوانە راكیشانی تۆڕی ئاو و قیرتاو بۆ گەڕەكی فەیلەق (كوردستان)، هەروەها بەشێك لە گەڕەكی پەنجا عەلی، لەگەڵ دروستكردنی خوێندنگە و بنكەی تەندروستی، بەڵام پڕۆژەكە نەگەیشتە هەموو گەڕەكەكان و راگیرا.

فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەزارەتی پلاندانان چەند ساڵێكە بڕیاریداوە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەو گەڕەکانە رابگیرێت، بە بیانوی ئەوەی تاپۆ نین و بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون".

ئەو وتی "ئەركی پەرلەمانتارانی كەركوكە كاربكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە".

ئەركی پەرلەمانتارانی كەركوكە كاربكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە

كۆتایی ساڵی 2019، پەرلەمانی عیراق، ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە عیراق هەڵوەشاندنەوە كە چاودێربون بەسەر ئیدارەی پارێزگاكان، لەبری ئەو بڕیاریدا تا هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایانە چاودێری كاری پارێزگاكانیان بكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە ماوەی هەفتەیەكدا هیچ پەرلەمانتارێكی كەركوك ئامادەنەبون، لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی پلاندانان قسە بۆ (كەركوك ناو) بكەن و زۆرینەیان بە بیانوی ئەوەی لە بەغدا سەرقاڵی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 و پڕۆژە هەمواری یاسای دادگای فیدراڵین.

سەرۆكی شارەوانی كەركوك، وتی "تاكە چارەسەر ئەوەیە نوێنەرانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق هەوڵی جدیی بدەن".

زیاتر وتی "تەنانەت لە ماستەرپلانی ئەمساڵی شارەوانی کەرکوكدا پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ ئەو گەڕەكانە دیاریكردووە، بەڵام جێبەجێكردنی پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە".

لە ماستەرپلانی ئەمساڵی شارەوانی کەرکوكدا پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ ئەو گەڕەكانە دیاریكردووە، بەڵام جێبەجێكردنی پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە

لەبارەی پڕۆژەكانەوە بەپێی ماستەر پلانەكەیان، فەرەیدون عادل وتی "ئاو و ئاوەڕۆ، دروستکردنی رێگاوبان و باخچەی ساوایانی تێدایە".

گەڕەكی شۆراو، سۆنەگۆلی، دەروازە، فەیلەق، چەنجا عەلی، باروتخانە بەشێكن لەو گەڕەكانەی بەزیادەڕۆ ناودبرێن، لەگەڵ دەیان هەزار خانوی تر كە لە گەڕەكە تاپۆكراوەكاندا بە زیادەڕۆ دروستكراون، لەوانە بەشێكی كۆڕنیش، رێگای بەغدا، رەحیماوە و چەند گەڕەكێكی تر...

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق. ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە لە هیچ پارێزگایەكی عیراقدا هێشتا جێبەجێنەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT